عەلی بەهمەنی: داوا لە لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان دەکەم ڕوو بکەنە ڕیزەکانی کۆمەڵە

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هێرشی کردەسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە خاکی کوردستانی باشوور، هاوکات سێ خەباتکاری کۆمەڵەی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لەسێدارەدا، زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە هێرشی ئەم دوایانەی کۆماری ئیسلامی لەم کاتەدا دەستپێکی قۆناغێکی تازەیە بۆ بزووتنەوەی کوردستان و ئارایشی نوێی هێزی پێشمەرگەی کوردستان؛ بێ گومان ئەم هەڕەشانە بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەشی گرتووەتەوە، وەکوو یەکێک لە حیزبە سەرەکیی و کاریگەرەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات. 

ئایا هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەم کاتەدا ئارایشێكی نوێی بە خۆیەوە بینیوە؟ 
هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە تا چەندە ئامادەیی وڵامدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی هەیە؟
بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارانە و چەند پرسیارێکی دیکە، ئاسۆی ڕۆژهەڵات وتووێژێکی تایبەتی ئەنجامداوە لە گەڵ هاوڕێ عەلی بەهمەنی ناسراو بە عەلی سێف، یەکێک لە بەرپرسانی نیزامیی کۆمەڵە.

پرسیار: سەرەتای پرسیارەکانم بەوە دەست پێدەکەم، هێرشەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە کوردستانی باشوور تا چەندە کاریگەری لە سەر ئارایشی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە داناوە؟ ئایا هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەم کاتەدا ئارایشێکی نوێی بە خۆیەوە بینیوە؟

وڵام: بەڵێ بێ گومان ئەم هێرش و هەڕەشانە بۆ سەر حیزبەکانی کوردستان و کۆمەڵەش بێ تەئسیر نەبووە لە سەر ئارایشی هێزی پێشمەرگەی ئێمە، بەڵام بە پێویستی دەزانم ئەوەتان بیربێنمەوە، کۆمەڵە بە هاتنەدەری لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و پڕۆژەی ساغکردنەوەی کۆمەڵە، چالاکی پێشمەرگانەی جارێکیتر دەستپێکردەوە و بەردەوام تا ئەمڕۆ، پاش ١٨ ساڵ، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە حزووری لە ناو خەڵکی کوردستان دا بووە و بۆ ساتێکیش پێی لە خاکی خۆی دانەبڕاوە.
لەم دەورە تازەشدا کە کۆماری ئیسلامی دەستی کردووە بە پیلانگێڕی لە ناوچەکە و خەریکی زەربەلێدان لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، لە ڕێگای بۆمب دانان، سیخوڕ ناردن، تیرۆر و بۆردومان کردن، نە تەنیا کاریگەری نەبووە لە سەر چالاکییەکانمان لە ناوخۆی کوردستان، بەڵکوو بووەتە هۆی ئەوەی کە جارێکیتر بە خۆمان دابێینەوە و خۆمان زیاتر کۆبکەینەوە و ئامادەتربین بۆ ئەم قۆناغە لە خەبات.
لە ١٨ ساڵی ڕابردووەوە کە دەبێتە ساڵی ٢٠٠٠ و بە قۆناغێکی نوێ لە مێژووی کۆمەڵە دەناسرێت، فێرگەی پیشمەرگایەتی ئێمە بەردەوام خەریکی ڕاهێنان و چالاکییەکانی بووە و بۆ ساتێکیش دانەخراوە؛ لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی کە پێی وابوو کۆمەڵە و حیزبەکانیتریش چالاکییان لە کوردستان نەماوە و ئەم هێزە کاریگەر و یەکلاکەرەوە نین لە کوردستان، وردە وردە هەستی بەوە کرد کە جموجۆڵێک لە کوردستاندا هەیە و خەڵکی کوردستان، حیزبەکان بە ڕێبەری بزووتنەوەی خۆیان دەزانن و ئەوەش کە پۆل پۆل لاوانی کوردستان بەرەو ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی دەهاتن زیاتر ئەم ڕاستیەی بۆ دەردەکەوت، هەر بۆیە جارێکیتر دەستی کردەوە بە پیلانگێڕییەکانی بە دژی حیزبەکان و ئەمجارە لە ڕێگای تیرۆری کەسایەتییەکان، بۆمب دانان و ... دەستی بە ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە کردەوە.
هەر بۆیە من پێموایە ئەم قۆناغە لە خەبات، لە دوای هێرش بۆ سەر بارەگاکانی حیزبەکان و ئیعدام کردنی ئەم سێ خەباتکارەی کۆمەڵە جیاوازە، و پێوستی بە ئارایشێکی دیکە هەیە، نە بەو مانایەی کە بمانترسێنی، بەڵکوو زیاتر ئامادەمان دەکات بۆ کاری جیدیتر و قایمترمان دەکات بە دژی کۆماری ئیسلامی؛ جا بۆیە بە بڕوای من ئەمەش هێشتا تەواو نییە، بێ گومان هەنگاوێکی باشە بەڵام دەبێ زیاتر خۆمان ئامادە بکەین بۆ پەیوەندییەکی نزیکتر لە گەڵ خەڵکی خۆمان و بەشدارییەکی چالاکانەتر بکەین لە سنوورەکانی کوردستان.
من پێموایە توانایی ئەوەشمان هەیە، هێزمان هەیە، و توانایی بەرەنگاریشمان هەیە، نموونەی بەرچاوی تۆپباران کردنی مقەڕەکانمان بوو لە هەڵگورد کە ساڵی ڕابردوو لە لایەن تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامیەوە کرا.

پرسیار: لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە و کردنە ئامانجی بارەگاکانی کۆمەڵە، ئێوە ئامادەیی ئەوەتان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە یان کەم کردنەوەی ئەو خەسارەتانەی کە لەوانەیە بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەرکۆمەڵە بکەوێ؟

وڵام: کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی لە هیچ هەوڵێک بە دژی بزووتنەوەی کوردستان و حیزبەکانی درێغی نەکردووە، چوار دەهەیە ئەوەی لە توانای دابووبێ کردوویەتی بەرانبەر بە حیزبەکان، ئێستاش کە گوشارەکانی زیاتر کردووە بێ گومان ئێمە ئامادەکاری تەواومان بۆ ئەم مەبەستە کردووە؛ بنکە و بارەگاکانی ئێمە، بارەگاکانی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر نەماوە، ڕاهێنان لە نێوان هێزی پێشمەرگەدا هەروا بەردەوامە؛ بە گشتیی دەتوانم بڵێم ئەوەندەمان ئامادەکاری کردووە کە کۆماری ئیسلامی نەتوانێ زەربەی گەورەمان لێبدات.

پرسیار: دروست کردنی هێزی پێشمەرگەی هاوبەش لە نێوان حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان، لەم کاتەدا تا چەندە بە زەرورەت دەزانن؟

وڵام: ئێمە زۆر دەمێکە باس لەکاری هاوبەش لە نێوان حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات دەکەین، لە دروست کردنی ڕاگەیاندنی هاوبەشەوە بگرە تا هێزی پێشمەرگەی هاوبەش و دروست کردنی ژووری عەمەلیاتی هاوبەش، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێر کاریگەری حیزبە کوردییەکان بەو قەناعەتە گەیشتووە کە تەنیا بە یەکگرتوویی دەتوانێ بە ویست و داخوازییەکانی بگات، یەکگرتوویی زامنی سەرکەوتنە، هەر ئەم مانگرتنە گشتییەی ڕۆژی چوارشەممە ئەم پەیامەی بە دەسەڵاتدا کە خەڵکی کوردستان یەکگرتووە، ئەگەر تماشای کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەین، مانگرتنی گشتیی دەبینین، پشتیوانی بێ وێنەی خەڵک لە ژینگەپارێزانی شەهید دەبینین، کۆکردنەوەی یارمەتی لە سەرتاسەری کوردستان بۆ پشتیوانی بوومەلەرزەلێدراوان دەبینین؛ خەڵکی کوردستان دەزانێ کە گۆڕانکاری گەورە لە ئێران بەڕێوەیە، بۆیە بە یەکگرتووییەوە داوای مافەکانی دەکات، هەر بۆیە ئەمڕۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێویستە هێزێکی هاوبەشیان هەبێت، فەرماندەییەکی هاوبەشیان هەبێت، ئەگەر ئێمە بە یەکگرتووییەوە دەرنەکەوین ناتوانین ئەم هێزە کاریگەرە بین لە ناوچەکە، لە دوو ساڵی ڕابردووەوە بینیمان کاری یەک لایەنە و بێ هەماهەنگی و یەکگرتوویی تەنیا زەربە لە حیزبەکان و بزووتنەوەی کوردستانیش دەدات.
بۆیە ئەگەر ئێستا ئێمە یەکگرتوو بین دەتوانین وڵامی ئەم هێرشانەی کۆماری ئیسلامیش بەو شێوەی کە شیاویەتی بدەینەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حیزبەکان بە ڕاگەیاندنێکی هاوبەش مانگرتنێکی گشتییان لە کوردستانی ڕؤژهەڵات وەڕێخست، ئەمە پەیامێکی گەورەیە بۆ هەموو حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆیە لەم بارودۆخەدا من پێموایە پێویستە یەکبگرین و پێویستە هێزێکی پێشمەرگەی هاوبەش دروست بکەین.

پرسیار: وەک یەکێک لە بەرپرسانی نیزامیی کۆمەڵە، پەیامتان چییە ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان؟ 

پەیامی من بۆ خەڵکی کوردستان، بەتایبەت بۆ لاوانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە: ئاسۆی سەرکەوتنمان نزیکە، گۆڕانکاری جیددی لە ئێران نزیکە، بەڵام هێچ گۆڕانکارییەک بەبێ هەوڵ و تێکۆشان ناکرێت، داوایان لێ دەکەم ڕوو بکەنە مەیدانەکانی خەبات و ڕیزەکانی کۆمەڵە بۆ خەبات هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بتوانین شان بە شانی یەکتر خزمەتێکی گەورەتر بە بزووتنەوەکەمان بکەین.
مەبەستم تەنیا ئەوە نییە کە چەکی پێشمەرگایەتی بکەنە شان، بەڵکوو یەکێک لە مەیدانەکانی خەبات هەڵبژێرن بۆ وەستانەوە و بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی، هەر ئەم لاوە شۆڕشگێڕانەی کە لە شەقامەکانی کوردستان درووشمی ئازادیخوازی دەڵێنەوە، ئەوانەی بە داخستنی دوکان و بازاڕەکانیان پەیامێکی سیاسی بە دەسەڵات دەگەیەنن، هەموو ئەمانە خزمەتێکی گەورە دەکەن بە بزووتنەوەی کوردستان.
لە کۆتاییشدا، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هەڵقوڵاوی جەماوەری خەڵکی کوردستانە، بە هەر شێوەیەک بۆتان دەکرێ و بۆتان دەگونجێ پشتیوانی لێ بکەن و هیوا و ئاواتەکانتانی پێ ببەستنەوە. زۆر سپاس.

PM:02:32:17/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 881 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌