تابووتەکانی دێڕای

نووسینی: ویکتۆریا مەکناڵتی١

و: هووشیار مەحموودی


 

تێبینی: وەرگێڕانی هۆنڕاوە و هەڵبەست هاسان نیە چونکوو نەک هەر شارەزاییەکی زۆری لە زماندا پێویستە بەڵکوو زەوق و سۆزێکی شاعیرانەی پێویستە ئەمەش بەو مانایە کە جوانیناسی وەرگێڕ لە ئاستێکی بەرزدا پەروەردە بووە. توانای وەرگێڕانی شێعرم یەک مامۆستا هەژار و پاشان ناسری حیسامی دا دیوە (رەنگە بەهۆی نائاشناییمەوە بێت بە کەسانیتر...).

پێشنیارم کرد بە مامۆستا ناسری حیسامی کە ئەم هۆنڕاوە وەربگێڕێ بەڵام بۆی نەکرا و ناچار کەوتەوە ئەستۆی خۆم.

ئەم هۆنڕاوەم بە دوو هۆکار وەرگێڕا؛ یەکەم لە کاتی کۆڕەوەکەی کوردەکانی رۆژاوا و پشتیوانی لە پەناخوازانێ نووسراوە کە یان خنکان و یان کەوتنە بەر شاڵاوی ناردنەوە و رەتبوونەوە و رەگەزپەرستی. دووهەمیش بریتییە لەو سۆز و هەستەی کە نەستی ئەم هەڵبەستە لە ئاست ئەو دوو شۆڕشگێڕەدا دەریبڕیوە کە لە خاڵی ١٠ی تێبینییەکاندا بە کورتی باسم کردوە و سەرنجی خوێنەر رادەکێشم بۆ خاڵی ١٠. لێرەدا جۆرێک هاوچارەنووسیم لەنێوان شۆڕشگێڕانی ئیرلەندی و سکۆتلەندی و خەڵکی کورددا بەدی کرد.

هەر شاعیر و ئەدیبێک کە دەتوانێ جوانیناسی ئەم وەرگێڕانە بەرێتە سەر، جا چ بە گۆڕینی وشە و چ بە داڕشتنەوەی هۆنڕاوەکە بە گشتی، بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێدەکەم.


-------------------------------

                                «تابووتەکانی دێڕای»

 


هەزاران سێڵاو

دەیانتوانی

خوڕخوڕەی کلاید٢

بتەقێنێن

هەر رۆژێکی ١٨٤٨

ئەگەر بەهۆی خەڵکەوە نەبووبا.

ئەوە رۆحەکانیان بوون

کەوا

لە رووباری "دێڕای"ەوە٣ سەوڵیان لێدەدا.

گرانەتای ئیرلەندی

لە رووباری "فۆیل"ەوە٤ هاڵاوی دێنا

تاکوو قەراخەکانی بە تاعوون بکوڵێنێ،

لاوەکان ریشاڵکێش بوون بەهۆی جرجە برسییەکانەوە.

تاکوو تێیان هەڵبدرێ-

لە کەلاوەکانی سکۆتلەنددا گەمارۆ دران

نە کەس تۆقی و نە کەس بەخێری هێنان.

خۆ، بنەماڵەی من

لە قڕان رێگای سکۆتلەندیان نەگرتە بەر

بەڵكوو لە بەر شەڕی ناوخۆ.

ناوچەکانی گەیڵتات٥

هەنووکە رەش هەڵگەڕاون

قات و قڕی گەورهات٦

ئەمێستاکە ناوەکانیان

ببووە هێمای هەڕەشە لە سەر پەنجەرەی ماڵان

نە ئیش و کار و نە بازرگانی رێگەیان نەدا

بە باوەڕە لەبیر کراوەکان و

ناوەکانیان گۆڕی؛ تەنیا ناونیتکەی تۆقێنەر و تیرۆریست و تاج،

بەجێ ما.

ئەوڕۆکە تابووتەکان لە داری ماهۆن ناتاشرێن،

تەنیا لە جاجم و نەختێ تەنافن

نەک گۆڕە بە کۆمەڵەکانی شاری کیڵکەنی٧

بەڵكوو 'قەرەوێڵەی بڵق'ی سەر زەریای ئیجەی٨-

جادەکە لە دیمەشقەوە هاوشێوە خەمڵاو

تەنانەت شا ساوڵ٩ دەیتوانی بیبینێ

مناڵانی سەرئاوکەوتوو لە گوێ ئاوی دەریا بە ریزێ،

جەستەیان وەک تاعوون لێدراو ماسیبوو

و رەشهەڵگەڕاو!

ئەو روومەتە ئێسکنە، باوک و دایکیانن

هێڵی دەروازە و تەلدڕوو دایبڕیون-

تەلدڕووەکان بە دەستە وشکەڵاتووەکان داپێچراو-

لێوەکان دروواوە و

زگ بە قووڵاچوو!

وەک جەو مەکدانێڵ و بۆبی ساندس١٠ و هتد...

و هێشتا ئێمە دەڵێین

ئەوان وەک ئێمە نین!

سەربەئێرە، وەک ئێمە نین.

قەت لەبیری ناکەم.

کە سکۆتلەند لە پەنابەران داخرا،

و من ئیمتیازاتێکم پێبڕا.

دایکانی من کۆچەکانیان لەپێناوی مندا کرد.

بۆیە من لەسەر کۆشنەکەم دەکەم تماشا

و تەلەفزیۆن،

کیلۆمەترها دوورە لە بۆری بۆمب و دیوارەکانی ئاسایش.

بەوەشەوە، من بێدەنگ نابم!

قیت رادەوەستم

بە شانازییەوە رادەوەستم

بۆ پێشوازی! بۆ یەکبوون

تا ئاوارەکان لە سکۆتلەند نیشەجێ بن.




پەڕاوێزەکان:

١- شاعێرێکی خەڵکی سکۆتلەندە کە باوباپیرانیان لە ئیرلەندەوە کۆچیان کردوە بۆ سکۆتلەند.

٢- خوڕخوڕەی کلاید و رووباری کلاید لە وڵاتی سکۆتلەندە.

٣- رووباری دێرای لە باشووری ئیرلەندە.

٤- فۆیل رووبارێکە لە باشووری وڵاتی ئیرلەند.

٥ - ئەو ناوچانەی باشووری خۆرئاوا و خۆرئاوای ئیرلەندە.

٦ - قات وقڕی گەورەی ساڵەکانی ١٨٤٥-١٨٥٢ لە وڵاتی ئیرلەند.

٧ - پارێزگایەکە لە باشۆری خۆرهەڵاتی ئیرلەند کە گۆڕی بەکۆمەڵی مناڵانی تێدایە کە لە سەردەمی قاتوقڕی گەورەدا نێژراون.

٨ – ئەو زەریای دەکەوێتە نێوان یۆنان و دۆڵی ئاناتۆلی و لە ٦ ساڵی پێشوودا پەنابەری زۆری تێدا خنکا.

٩ – بەگوێرەی ئەنجیلی هیبرۆ یەکەم پاشای جوولەکەکان و ئیسرائیل.

١٠ – جەو مەکدانێڵ و بۆبی سەندس دوو شۆڕشگێڕی سوسیالیست و ئەندامی ئەرتەشی رزگاریبەخشی ئیرلەند بوون کە لە بەندیخانە ساڵی ١٩٨١ بەهۆی مانگرتن لە خواردن مردن؛ جەو لە مانگی جوولای و بۆبی لە مانگی مەی. مانگرتەنەکە لەمەڕ پێنج خاڵ بوو: ١- مافی نەپۆشینی جلوبەرگی زیندانی؛ ٢- بێگاری نەکردن لە زیندان؛ ٣- مافی تێکەڵاوی لەگەڵ باقی زیندانیەکان و رێکخستنی سەرقاڵی داهێنەرانە و پەروەردە؛ ٤- مافی یەک دیدار و یەک نامە و مافی وەرگرتنی یەک بۆخچە هەموو حەوتوویەک؛ ٥-قەرەبوو کردنەوەی هەموو ئەو شتانەی لە خۆپیشانەکەدا بەخشراوە.

بۆبی هەروەها ئەندامی پارلەمان بوو لە هەمان ساڵدا و پاش ئەوەی زانی پاڕلەمان کاریگەر نەماوە پەیوەست بوون بە ئەرتەشی رزگاریبەخشی هەڵبژارد. شاعیری ئیرلەندی کاتێ جەو ئەسپەردە کرا وتارێکی پێشکەش کرد کە تێایدا وتوویە: "رەنگە لەلاین پیاوماقووڵانی جیهانەوە وەکوو پیاوێکی گێل بێتە پێش چاو کە هەموو شتێکی خۆی دانا بەڵام ئەوە ئەم بەڕواڵەت گێلانە بوون کە چەرخی مێژووی ئیرلەندیان گۆڕی". جیی ئاماژەیە لە ئەدەبیاتی سیاسی شۆڕشگێڕاندا پیاوماقوڵان بە ترسەنۆک و مۆحافزەکارەکان دوترێ. هەروەها لەکاتی ئەسپاردە کردنی بۆبی دا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بەشدار بوون.


 


PM:11:17:14/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 839 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌