کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم لە مەریوان کوژرا

بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، دوو کاتژمێر لەمەوبەر، شەوی چوارشەممە لە سەر پێنجشەممە، ٢١ی خەرمانان، کاسبکارێکی کورد بە ناوی زانا محەمەدی، کوڕی ئیسماعیل و خەڵکی شاری بانە، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران لە گەورەدێی چنارەی سەر بە ناوچەی سەرشیوی مەریوان درایە بەر دەستڕێژی گولە و دەستبەجێ گیانی لە دەستدا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕووداوەکە بە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند؛ ئەم کاسبکارە کوردە هیچ بارێکی پێ نەبووە و تەنیا بوو بە قوربانی ڕق و توڕەیی هێزەکانی ڕژیم لە خەڵک، بە هۆی مانگرتنە سەرکەوتووەکەی شارەکانی کوردستانەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە هێزەکانی سپای پاسداران بە بێ ئاگادارکردنەوە تەقەیان لەم لاوە کوردە کردووە.

جێی ئاماژەیە، ئێستا تەرمی زانا لە نەخۆشخانەی بوعەلی شاری مەریوان لە دەستی هێزەکانی ڕژیم دایە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.




AM:12:30:13/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 343 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌