پەیامی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی بە بۆنەی مانگرتنە گشتییەکەی کوردستان

هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە: مانگرتنی گشتیی کوردستان، سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو.
بە پێی سەرجەم ئەو راپۆرت و وێنە و ڤیدیۆ دیكۆمێنتیانەی تا ئێستە بە دەستمان گەیشتوون، مانگرتنی گشتی شارەکانی کوردستان سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە. دوا بە دوای بانگەوازی گشتی لە کوردستان لە لایەن حیزبە سیاسیەکان و چالاکانی مەدەنییەوە بە ناڕەزایەتی بە ئیعدامی رامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مواردی و مووشەکباران کردنی هاوکاتی بنکە و مقەڕەکانی حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی باشوور، خەڵکی کوردستان تێکڕا و یەکدەنگ بە هانای ئەم بانگەوازەوە هاتن.
بازڕای کاسبکارەکان، کرێکاران، قوتابیان، لاوان، دایکان و باوکان، هەموان دەستیان لە دەستی یەکتر ناو بە شێوەی یەکگرتووانە ئیرادە و هەستی یەکبوونی نەتەوەی کوردیان نیشان دا.
ئەوەی سەرکەوتنی ئەم جووڵە مەزنە خەڵکیە زیاتر دەخاتە ڕوو، ئەوەیە کە ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی رژیم لە رۆژانی رابردوودا هەموو هێزی خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی بەر بە بەڕێوەچوونی ئەم مانگرتنە بگرن، هێزە چەکدارەکان رژانە سەر شەقامەکان و شۆستەکانیان داگیرکردن و هەڕەشەیان کرد، خەڵکیان دەستگیر کرد، دۆخی ئەمنیەتییان زاڵ کرد، بەڵام سەرئەنجام لە بەرامبەر ئیرادەی یەکگرتوو و لە شکست نەهاتووی خەڵکدا یارییەکەیان دۆڕان و بەچۆکدا هاتن.
نە ئیعدامی لاونمان و نە بۆمب دانان و نە مووشەکباران کردنی حیزبەکانمان و نە تیرۆری کەسایەتی و رێبەرانی سیاسی، هیچکامیان ئیرادی گەلی کورد دانابەزێنێ ، بە پێچەوانەوە دەبێت بە هۆی یەکبوون  و یەکیەتی زیاتریان و ئیرادی ئەوان پتەوتر و پۆڵایین تر دەکات.
رژێمی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر شەپۆلی بەرفراوانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە سەرانسەری ئێران هیچ رێگایەکی دەربازبوونی نییە. رووخانی ئەم رژیمە گەندەڵە حەتمیە و بە دڵنیاییەوە بەرگە ناگرێت. ئەوەی کە دوای ئەم رژیمە سیستەمێکی دیمۆکراتیک، پلۆڕاڵ و بە بێ هەرچەشنە هەڵاواردنێک بێتە سەر کار بەوەوە بەندە کە بەرەیەکی یەکگرتووی گەورەی دیمۆکراسیخوازی لە ئێران رێک بخرێت. یەکیەتی و هاوپەیمانی گەورە و هەمەگیری خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە رەوتی مانگرتنە گشتییەکەی ئەمڕۆدا نموونەیەکی سەرکەوتوانەی یەکیەتی و کاری هاوبەشە.

PM:05:19:12/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 407 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌