دەردێک بە ناویی کورد بوون

ناسر خورشیدی

نازانم دەبێ سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی کێ بکەم؟

بە کێ بڵێم خۆتان خۆش و دوایین خەمتان بێت لە ڕاستیدا حەپەساوم گێژ ماومەتەوە هەر نازانم چی دەنووسم و بۆ دەینووسم و دەبێ چی بنووسم هیچ نازانم بەڕاستی نازانم هەر ئەوەندە دەزانم دەبێ بنووسم ئوقرەو قەرارم نەماوە. من هیچ کات فێری فرمێسک ڕشتن و ناڵانەوە و پارانەوە نەبووم و نیم هەر نازانم چۆن دەبێ بگریم و چۆن بپارێمەوە و لە کێ دەبێ بپارێمەوە؟ من هەمووکات یەک شتم زانیوە دەبێ زۆر کات بێ دەنگ بم لە جیات هاتووهاوار و پارانەوە و فرمێسک ئارام ببم و دوور بروانم. بەڵام نازانم بۆچی ئەمجارە دەمهەوێت بنووسم بەڵام قامکم خۆی دەچێتە سەر پیتەکان و خۆی فەرمان دەدات و وشەکان و ڕەستەکان دەچنێت و کۆتاییەکەی چۆن دەردەچێت نازانم و هیچیش گرینگ نییە بۆم کە ئەسلەن شتێکی باش دەرچێت ئەم دێرانە یا خراپ یەکەم کەرەتە کە هەمووشتێک لە نازانمدا دەرواتە پێش و بێ ئەوەی هیچ بزانم دەمهەوێت لە دەرد و ژانێک بنووسم بە ناویی کورد بوون. کورد بوون تەنیا شتێکە کە هەموان لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە بە هەر تێروانین و پەیرەوی هەر فەلسەفەیەک بووندا هەموومان لەدەوری یەک دەتوانێت کۆبکاتەوە. ئەم کورد بوونەی کە مەبەستمە باسی بکەم لێرەدا کە لە درێژەدا زیاتری باس لێوەدەکەم دەرخەری یەک شتە کورد بیت ڕژیم دوشمنە بۆشی گرینگ نییە کۆڵبەری دەکەیت یان پێشمەرگایەتی هیچ گرینگ نییە تەنیا بۆ دوژمن بەسە تۆمکورد بیت تا سزاواری ئەشککەنجە و کوشتن و برین و سێدارە بیت.

ئێمەی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ڕۆژانێکی تاڵ و ناخۆشدا بەسەر دەبەین زۆر ناخۆش بەڵام تێپەریان دەکەین دڵنیام لەوەی تێپەر دەبن. گەر لاپەرەی چواردەیە لە دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی هەڵبدەینەوە ڕوون و ئاشکرایە کە لاپەرەکانی مێژوویی ئەم دەسەڵاتە گرێدراوە لەگەڵ هەموو جۆرە جنایەت و کردەوەی نامرۆڤانە و ناشایست بە دژی کوردا. لاپەرەکانی مێژوویی ئەم ۴۰ ساڵە بۆمان ڕوون و ئاشکرا دەکات کە کۆماری ئیسلامی لە یەکەمین ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاری خەریکی خوێن مژین و زوولم و جنایەت کردن بووە لەگەڵ تەواویی ئەوکەسانەی کە باوەریان بە ڕاستی و سەداقەت و ئازادی و ئازادی خوازی و تەواو مافخوازاندا، بووە بە گشتی و بە تایبەتی لەگەڵ خەڵکی کورد کە هەمووکات خوازیاری ئازادی و پێداگر بووە لەسەر مافە ڕەواکانی خۆیدا و ڕێبواری ڕێگای ئازادی و لە پێناوییدا خەبات و تێکۆشانی کردووە و دەیکات. هەر بۆیە لە یەکەمین ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، کوردی بە دووژمنی ژمارە یەکی خۆی بە ئەژمار هێناوە و بێ بەزەییانە بە گژ نەتەوەی کوردا چۆتەوە. نامهەوێت لە لاپەرەکانی یەکەمی ئەم مێژووە نەنگین و پڕ لە جنایەتەی کۆماری ئیسلامی دەس پێبکەم تەنانەت نامهەوێت باس لە نەورۆزی خوێنینی سنە،۲٨ گەڵاوێژ، پاوە، قارنا و قەلاتان، هەزاران ڕۆڵەی شەهید و لە سێدارە دراو تێرۆر کراو بکەم. من دەمهەوێت لەپەرەی دوایین ڕۆژەکانی مێژووی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵبدەمەوە چون ڕۆژمێری دوایین ڕۆژەکانی مێژوو دەتوانێتبۆ سەڵماندنی ئەو دووژمینایەتیە و ڕق و کینەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کورد بەس بێت. ئێستا نموونەگەڵێک لە دوواین جنایاتی ڕژیم لە ژێرەوە دەنووسم.

سێی خەرمانانی ۱۳۹۷بۆ دەسپێک باشە چون لەم ڕۆژەدا چەندین جەنایەت کرا لە شەهێد کردنی ژینگە پارێزان، شەهید کردنی پەشمەرگەکان، شەهید کردنی کۆڵبەران، تەقینەوەی مینی چێندراو کە لە درێژەدا بەوردی باسی لێدەکەم.

۱_ شەهید کردنی ژینگە پارێزان: ژینگە دۆستی و ژینگە پارێزی لە ناو کوردستاندا بۆتە داب و نەریتێکی جوان و بە چەندین تێبینی کە لە داهاتوودا دەکرێت لە بابەتێکی جیادا باسی لێبکرێت. بەڵام با دوور نەکەومەوە لە باسەکە کە باسی سێ خەرمانەنە و شەهید کردنی ژینگە پارێزان بەناوەکانی شەریف باجوەر، ئومید حسەینیزادە (کۆنەپۆشی)، محەممەد پەژووهی و ڕەحمەت حەکیمینیا لە کاتێکدا کە بۆ کووژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەڤەری مەریوان چبوون، دەکەونە ناو داویی کۆماری ئیسلامیی و شەهید دەکرێن. بۆ دەڵێم دەکەونە ناوداوەوە؟ چون هیچ کات ئەوان بە ئاور و دووکەلەکەی شەهید نەکراون و لە لێهاتوویی ئەوان لە بواری ئاگر کووژاندندا. بەتایبەت کاک شەریف و کاک ئومید هیچ شک و گومانێک بوونی نییە کاتێک خەریکی ئاگر کوژاندنەوە دەبن دەنگیی دوو تەقینەوە دێت کە ڕوون نییە بۆمبیان بۆ دانابوون یان میینیان بۆ چاندبوون. ئەوەی ڕوونە بە پێی زانیارییەکان، ئەم چالاکە ژینگە پارێزانە بە هۆی تەقینەوە دەکوژرێن لە داویی ڕژیمی خوێن مژیم کۆماری ئیسلامیدا چوار کەسی ژینگە دۆست و نیشتمان پارێزە شەهید دەکرێن و لە ئاپۆرای جەماوەردا بە خاک ئەسپاردە دەکرێن بە سەدان درووشی جۆراو جۆر و ئینقلابیدا.

۲_ شەهید کردنی هێزی پێشمەرگە: ڕۆژی شه‌ممه‌ ٣ی خه‌رمانانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی ده‌سته‌یه‌ك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ناوچه‌ی مه‌ریوان له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئه‌ركێكی ته‌شكیلاتی دا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ده‌رگیر بوون و به‌ داخه‌وه‌ دوو كه‌س‌ به‌ ناوه‌كانی ئه‌رسه‌لان جه‌وزاك و په‌رویز عه‌بدی گیانی ئازیزیان بەخت دەکەن و پەیوەستی کاروانی شەهیدانی ڕزگاری خوازی گەلی کورد دەبن.

۳_مینی چێندراو: بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، لە ئاوایی بالیکەیەر سەر بە پێنجوێن لە کوردستانی باشوور چوارکۆڵبەری مەریوانی بوون بە قوربانی.

بە پێی زانیارییەکان بە هۆی تەقینەوەی مین لە سەر رێگای کۆلبەرەکان، کۆڵبەرێک بە ناوی ناسر بانووچ، گیانی لە دەست دەدات و سێ کۆڵبەریتر بریندار دەبن.

۴_کوشتنی ئەسبی کۆڵبەران: لە ڕۆژی۷ی خەرماناندا ڕژیمی ئێران لە ئاوایی میرئاویی شنۆ، دەست دەکات بە فیشێک بارانی ئەسبی کۆڵبەران و کاسبکاران و لە ئاکامدا زیاتر لە ۳۵ ئەسبی بێ تاوان دەکوژرێت.

۵_ چوارشەممە ١٤ی خەرمانان، هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لە نزیک ئاوایی دارمەرجانی سەردەشت، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیەکی سەردەشتی بە گوومانی هەڵگرتنی کەل و پەلی قاچاخ، دایانە بەر دەستڕێژی فیشەك بەهۆی ئەو دەسترێژەی سپای پاسداران، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەناوی ناسر ئیبراهیمی خەڵکی ئاوایی گوڵانی سەردەشت گیانی لەدەست داوە.

بەڵام ڕۆژی ۱۷ی خەرمانان جنایاتی ڕژیم گەیشتە قۆناغێکی نوێ کە بریتین لە سێدارەدان، هێرشی مووشەکیبۆ سەر حیزبی دیموکرات و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هێرش کردنە سەر گریلاکانی پژاک.

٦_لە سێدارەدانی سێ گەنجی کوردستان بە ناوەکانی ڕامین حسەین پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی، کە پارێزەراکانیان دەڵێن هیچیان شایانی سێدارە نەبوون. لە سێدارەدانی ئەم گەنجانە لە کاتێکدا ڕوویدا کە جگە لە کورد ڕێخراوە نێونەتەوەییەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا داوای ڕاگرتنی حوکمی سێدارەی ئەو سێ گەنجەی دەکرد.

۷-ئەو ڕۆژە جنایاتی ڕژیمی بەوه کۆتایی پێنەهات و لە کاتێکدا کە حیزبی دیموکراتی کوردستان( حدک) خەریکی بەرێوبردنی پلۆنۆم بوو هێزی تێرۆریستی سپای پاسداران بە ۷موشەکی دوور هاوێژ لە قەڵای دیموکرات دەدات و لاپەرەیەکی تر لەسەر مێژووی پڕ لە جنایەتی خۆی تۆمار دەکات. لەم هێرشە تێرۆریستیەدا کە سپای پاسداران ئەنجامیداوە ۱۵ کەس شەهید و نزیکەی ۴۰ کە بریندار بوون. لەم ۱۵ کەسە ٦ کەسیان ئەندامانی سەرکردایەتی حدک بوون و دوو پێشمەرگەی حدکاش شەهید بوون.

۸-بەڵام ئەوانە کۆتایی ڕۆژی ۱۷خەرمانان نەبوو و سپا لە نزیک کامیاران گریلاکانی پژاک دەخاتە کەمینەوە و لە ئاکامدا ٦ گریلا شەهید دەبن.

۹_بە پێی راگەیاندنێک کە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران رۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانان بڵاوی کردەوە دوو پێشمەرگەی ئەم حیزبە بە ناوەکانی ئەحمەد شەباب و ناسر عەزیزی، کە لە شەڕێک لە بەرزاییەکانی کێلەشین رێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژ بە برینداری کەوتبوونە دەست دوژمن، ئیعدام کراون.

۱۰_ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خەرمانان، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی گوندی گامێشگۆلی سەر بە شاری میاندواو بە ناوی کەماڵ ئەحمەد نژاد کە بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی (دیموکرات)، و سزای سێدارە بە سەرداسەپابوو لە زیندانی شاری میاندواو لەسێدارەدرا.

۱۱_شەویی دووشەمە ۱۹خەرمانان هێرش کردنە سەر مەقەر و ماڵەکانی ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێر لە گەرەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی کە خۆشبەختانە خەسارەتی گیانی نەبووە ئەم هێرشەی کۆماری ئیسلامی ئێران.

گەر چاو لە ئەم یازدە ژمارەیە لە جنایاتی کۆماری ئیسلامی بکەین بۆمان دەردەکەوتێت بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگ نییە تۆ چی دەکەیت خەبات کاری ژینگەیی و مەدەنیت یا خەبات لە ڕێی بژیویی ژیاندا دەکەیت یان خەبات کارێکی شۆڕشگێریت بۆ ئەو تەنیا یەک شت گرینگە کورد بوون کە دەبێتە هۆی کووشتن و جنایەت کردن بەرامبەری ئێمە کورد. هەموومان دەردێکی هاوبەشمان هەیە دەردی کورد بوون با ئەم دەردە بکەین بە یەکریزی و هاودەنگی و هەموومان لە دەوری کۆببینینەوە.

ئێستا ڕۆژی ۲۱ی خەرمانان وەک مانگرتنی گشتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە لایەن ئەحزاب و سیاسیانی ڕۆژهەڵاتی دیاری کراوە. نامهەوێت بچمە ناو ئەوەی کە لە بنەڕەتدا بەیانامە چۆن دەبێ بدرێت و چی پێویستە بکرێت و بە گشتی ناو وردەکاریەکانی ئەم باسە چون کاتی ئەوە نییە ڕەخنە بگردرێت یان باس لە ئەم چۆنیەتیانە بکەم. ئێستا تەنیا دەزانم کات کەمە بۆ ئەم باسانە و پێویستە شانی وەبەر بدەین بڵێن ڕۆژی چوارشەمە لە ماڵ ناینەدەر بەتەوا گووشارەکان و مەترسیەکانی کە هەیەتی با هەموان یەک دەنگ بین و دووشمن خۆشکەر نەبین ئێمە هەموومان هاودەردین چ ئێمەی تاراوگە نشین چ ئەوانەی لە ناو ڕۆژهەڵات دادەژین دەردی ئێمە دەردی کوردبوونە.



PM:07:37:11/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌