بە بۆنەی بیست و هەشتی گەلاوێژەوە

ئەحمەد بازگر
 
ڕۆژەكانی دوای ڕمانی تاج و تەختی سەڵتەنەت، هێشتا لە نێو بیرەوەری ئێمەی لاوەكانی ئەو سەردەمدا، هەروا شكۆدار و پڕ پڕشەنگن! فێنكایی یەكەم شنەی هەست بە ئازادی كردنی ئەو ڕۆژانە، ڕۆژەكانی دوای 22ی ڕێبەندانی 57، هێشتا لە ناو دڵدا هەست پێدەكرێ!
دەنگی شەپۆلی پڕ غرووری شادی و دڵ گەشاوەیی ئەو ڕۆژانە، دوای ئەو گشتە ساڵە، دوای ئەو گشتە ساڵە تاڵە، هێشتا هەر لە گوێما دەزرینگێتەوە!
بەڵام ئەو ڕۆژانە،
ئەو ڕۆژە شكۆدار و پڕ پڕشەنگانە،
ئەو ڕۆژە پڕ غروور و دڵگەشاوەیی و پڕشادییانە،
بۆ ئێمەی ئەو سەردەم، وە بەتایبەت بۆ ئێمەی كە لە كوردستانەوە خوڵقێنەری ئەو ڕۆژانە بووین، تەمەنیان زۆر كورت بوو!
ئەو ڕۆژانە تەمەنیان كورتتر لە مەودای كاڵ بوونەوەی خەنەی سەر ڕیشە كڕێژاوی و بۆزەكانی ئێوە، ئێوە مەلا ڕیوەڵە و ڕووتەڵەكانی ئەو سەردەم و میلیاردەرەكانی ئەمڕۆ بوو!
ئەو ڕۆژانە تەمەنیان كورت بوو!
 هێندەی پێنەچوو، ئێوەی نگریس، ئێوەی هەتا بڵێی نەگبەت، ئێوەی لەگەڵ هەموو هەستێكی ئینسانی ناتەبا، یەكەم نەورۆزی دوای ڕاپەڕینی سنەی سوورمان،
سنەی سەربەرز و خۆشەویستی ئێمەی هەموو سەردەمەكان،
ئەرێ یەكەم نەورۆزی سنەی بە واتەی شیرینی خۆمان كورسانتان، شەڵاڵی خوێن كرد! 
ئێوە عەباكانتان كرد بە داوەڵ، هەرچی تەیری خۆشەویستی بوو تەراندتانەوە و هەر چوارقوڕنەی ئێرانتان كردە بیشەڵانی گەسگەسك و لە ئاسمانەوە دڵی گەورە و بچووكتان خۆفباران كرد!
ئەو سەردەمە، ئەو ڕۆژانە، سام و خۆفی ئێوە، زەفەری بە ورەی ڕزگاریخوازانەی خەڵكی كوردستان نەشكاو، هەوری ڕەشی بیر و چەكتان بەرگەی تیشكی حەقخوازانە و ئاشتیخوازانەی ئەو دەوەرەی نەگرت!
هەر بۆیە بوو، مەلاترینەكەتان، خومەینی، دوای شەش مانگ لە هاویندا فەرمانی جیهادی دا لە دژی خەڵكی كوردستان!
بە دوای ئەو دا، یەكەم سەركۆمارتان، بەپەلەتر لە ئاغاكەی، پەیامێكی ئاڵۆزتر و گنی نارد بۆ تێكڕای لەشكرەكانی و تەنانەت ڕازی نەبوو قەیتانی پۆتینەكانیان بكرێنەوە هەتا بە قەولی ئەو گۆڵمەزەكە دانەمركێتەوە!
لەو ڕۆژەوە سی ونۆساڵ تێدەپەڕێ!
لەو ڕۆژەوە بەسەدان لەشكر، بە سەدان جار، هەزاران شوێنی ئەو وڵاتەتان خاپوور كردوە!
لەو ڕۆژەوە هەزاران جار، قاتڵترینەكانتان بوونە حاكمی شەرع و هاتوون لێرە لەكوردستان، كۆمەڵ كۆمەڵ باشترین و شەریفترین لاوەكانی ئەم مەڵبەندەتان ناردوەتە پای سێدارە و گوللەباران!
تەنانەت یەكەم سەركۆمارتان، بێ كۆماركرد و، بە شەقێكی تەڕ لە پاشەڵی، ئێران بەدەرتان كرد!
لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا ئەو یەكەم سەركۆمارە، خەونی گولیی بە خەڵكی كوردستانەوە دەبینێ و ساڵی جارێك، ئەو چەمووشە بێ لەشكرە، داخی شكستەكەی خۆی و دڵهێشانی ئاغاكەی، بە كۆمەڵگای كوردستان و كۆمەڵە دەڕێژێ!
لەو ڕۆژەوە بە ملیۆن جار لە كوردستان، پۆتینەكانتان لە كوردستان بەستران و كرانەوە!
بە ملیۆن جار تەیارەكانتان بەسەر ئاسمانی كوردستاندا هەڵفڕین و بۆمبەكانیان بەردانەوە! بە ملیۆن جار هێزەكانتان بە سەرشۆڕی و شكەستخواردوو گەڕانەوە!
بە ملیۆن جار دار‌ستانەكانتان سووتاندین و دیسانەوە هەڵیانداوە و ڕوانەوە!
هەزاران جار لە ڕەشایی مەرگەبارانەكانی ئێوەدا ڕۆڵەی تازە هەستانەوە!
هەزاران جار شارەكانمان، گوندەكانمان، كپ و خاپوور و قڕكران، بەڵام دیسان كەوتنە جووڵەو بووژانەوە!
سی ونۆساڵە ئێوە لێرە لە كوردستان، شەلم كوێرم ناپارێزم، دەكووژن دەبڕن سەردەبڕن، وەڕەز نابن!
سی ونۆساڵە دوای ئەو هەموو گرێدان و كردنەوەی قەیتانی پۆتینەكانتان، هێشتا خاك و خۆڵی ئەم مەڵبەندە، ژیلەمۆیە لە ژێر پێتان!
من چی بڵێم؟
هەر جارێكی كە بیرم دەچێتە سەر ژمارەی گیانبەختكردوەكانی ئەو سی ونۆ ساڵەی ئەو مەڵبەندە، دڵم پڕ دەبێ و قەڵەم لەدەستما دەلەرزێ!
دەك ڕوو زەرد بێ مێژووی ئەم سەردەمەی بەشەر، كە زیاتر لە سی ونۆ ساڵە ئێوه، ئێوە ئەی ئەژدیها   كوڵكن و ڕیشنەكان، تەحەممول دەكا!

بووهووس 15/08/2018


PM:10:16:07/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 323 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌