بەشێک لە ڕووداوەکانی مەریوان لە ساڵی ١٩٧٩


و: سەلاح بەهرامی

خەڵخاڵی و هاوڕێیانی لە ٢٥ ئاگوستی ١٩٧٩ گەشتنە شاری مەریوان . پێشتر ئەو شارە ناوەندی بەرنگاری دژی ڕژیمی پاشایەتی بووە . ئاڵۆزی و پێکدادان لە نێوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانی سەر بە خومەینی لە بەهار تاکوو هاوینی ١٩٧٩ تەشەنەی سەندبوو ، لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان ئەو دوو هێزە لە ١٤ جولای ١٩٧٩ بە گشتی لە هەردوو لایەن ٢٦ کەس کوژران و ٦٠ کەسیش بریندار بوون .

بە مەبەستی بەرەوپێش بردنی وتووێژی ئاشتی لە نێوان گرووپە سیاسییە جیاوازەکانی نێو شاری مەریوان ، هەیئەتێکی نوێنەرایەتی لە سنەوە بەرەو مەریوان بەڕێ کەوت . وتووێژەکان بەرەو ئەو ئەنجامە رۆشت کە بە پێی داواکاری خەڵکی مەریوان ، هێزی پاسداران دەبێ شار چۆڵ بکەن و هێزە یاساییەکانی ناوچەکە خەڵکیان لەوە دڵنیا کردەوە کە چیتر خەڵك بە رێکەوت و لەخۆوە پشکنین و بەند نەکرێت . هەرچەندە کە دانیشتوانی مەریوان لە ٢٠ جولایەوە پەنایان بردبووە چیاکانی دەورووبەری مەریوان .

مەلەکە موستەفا سوڵتانی ، وەکوو یەکێک لە دانیشتووانی شاری مەریوان ئاماژە بەوە دەکات کە :

پاش پێکدادان ، هێزە دەوڵەتییەکان هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد کە هێزی پاسداران دێنە ناو شار و شارەکە داگیر دەکەن . خەڵکیش لەوە نیگەران بوون کە ئەگەر شتی وەها ڕوو بدات ، لەوانەیە ڕووداوێکی وەک نەغەدە درووست بێت . لە کۆتاییدا براکەم ( ڕێبەری کۆمەڵە ، فواد مستەفا سوڵتانی ) پلانێکی بۆ چارەسەری ئەم کێشە داڕشت . لەو رۆژانەدا لە مزگەوتێکی شار کە خەڵک نیگەرانی خۆیان بۆ ئەم بابەتە دەردەبڕی ، براکەم پێشنیاری ئەوەی کرد کە بە مەبەستی پێشگیری لە ڕوودانی شەڕ و هەروەها ئیدانەکردنی ویستی هێزەکانی سپا بۆ داگیرکردنی شارەکە ، ئێمە هەموو پێکەوە کۆچ دەکەین و شار بەجێ دێڵین . ئەو شەوە هەموو دانیشووانی مەریوان شارەکەیان چۆڵ کرد و چوونە شوێنێک لە نزیکی دارستانەکانەوە کە دەکاتە ١٠-١٥ کیلومەتری دەرەوەی شار ، ئێمە بۆ ماوەی دوو هەفتە لەوێ ماینەوە .

لە ٢٣ جولای ، هەیئەتێک کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی خومەینی ، وەزیری ناوخۆ ، سپای پاسداران و هێزی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵا لاهوتی بۆ وتووێژ بە مەبەستی گەڕانەوەی خەڵکی شار گەشتنە مەریوان . هەیئەتەکە بە بێ دەسکەوتێکی دیار لە رۆژی دواییدا گەڕانەوە بۆ تاران ، وتووێژەکان بەردەوام بوون لە نێوان نوێنەرانی خەڵکی مەریوان و پارێزگاری کوردستان و هەیئەتی دەوڵەت کە لە لایەن دوکتور چەمرانەوە سەرپەرشتی دەکرا ، لەم کۆچەدا نزیک بە ٧،٠٠٠ ژن و پیاو و منداڵ لە کەمپێک لە دەرەوەی شار لە نێوان گوندی کانی میران و بەردەڕەشە جێگیر ببوون . لە کۆتاییدا لە ١٣ ئاگوست پاش رێکەوتن ، دانیشتوانی مەریوان گەڕانەوە بۆ شاری خۆیان .


سەرچاوە:

http://www.iranhrdc.org/english/publications/reports/3508-haunted-memories-the-islamic-republics-executions-of-kurds-in-1979.html?p=16


 


PM:07:11:16/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 937 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌