نرخی دۆلار و ئابووری ڕەش

ناسر خورشیدی

 

لە ناو سیاسی و ئابووری زانەکان و سەرجەم چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگادا سەرەکیترین باس لەم ساڵانەدا، باسی دۆڵار و نرخی دۆلار بووە هەمووکات خەڵک بە پەرۆشەوە دەروانن بۆ هەواڵەکانی دۆلار و بە جۆرێک لە جۆرەکان بە بەرز بوونەوەیەی نرخی دۆلار هەست بە بێ بەها بوونی داراییەکانیان دەکەن. چون جێ پەنجەی دۆلاری ئامریکا لە تەواوی بەشەکانی ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەدی دەکرێت و دەستی باڵای هەبووە لە سیستەمی ئەو وڵاتەدا و هەمووکات توانیویەتی جێ شۆنی خۆی بەجێ بهێڵێت بە تایبەت لەم چەن ساڵەی ئاخر لە سەردەمی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نژاد و حەسەن ڕوحانی ژێرخانی ئابووری ئێران بەدەس بەرز و نزمی دۆلارەوە وێران بووە. ئەگەر چاو لە نرخی دۆلار لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی تا ئەمرۆ کە چوارەمین دەیە لە تەمەنی ئەم ڕێژیمە بکەین بۆمان دەردەکەوێت پارەی ئێران چەندە بەهای خۆی لە دەس داوە.

ڕۆژانی ئاخری ڕێژیمی پەهلەویی و دەستپێکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی " هەر یەک دۆلاری ئامریکا ٦٨ ڕیاڵ بوو." بەڵام دەبینین لە گەڵاوێژی ساڵی ۱۳۹۷  " هەر یەک دۆڵاری ئامریکا گەیشتە نرخێکی شەش ڕەقەمی و تا نرخی ۱۲۰۰۰۰ ڕیاڵ گەیشت." ئەم جیاوازیە و بەرز بوونەوەیە دەرخەری ئەمەیە کە: " هەر دۆڵارێکی ئامریکا ۱۷٦۵۰دەرسەد لە چاو پارەی ئێران بە نرختر بووە و پارەی ئێران ۱۷٦۵ بەرابەر لە چاو پارەی ئامریکا بێ ئەرزش بۆتەوە ."

بێبەها بوونی پارەی ئێران تەنیا هی ئەم چەن ساڵە و گەمارۆکانی ئەم دواییانە نەبووە و بازاری ئێران هەمووکات لە ژێر کاریگەری کەسانێکدابووە و توانیویانە بە جۆرێک لە جۆرەکان بازار لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بهێلنەوە. هەوڵ دەدەم لەم یاداشتەدا سەرەتا نرخی دۆڵاری لەم ۴۰ساڵەدا بنووسم و دواتر لە درێژەدا هەوڵ دەدەم ئابووری ڕەش و کاریگەریەکانی لە ناو سیستێمی  کۆماری ئیسلامی ئێراندا بهێنمە بەر باس بۆ خوێنەرانی ئەم دێرانە.

"ساڵی ۱۳۵۷: هەر یەک دۆڵاری ئامریکا  ٦٨ ڕیاڵ بوو.

ساڵی ۵٨: ۱۴۰ ڕیاڵ

ساڵی ۵۹: ۲۰۰ڕیاڵ

ساڵی ٦۰: ۲۷۰ڕیاڵ

ساڵی ٦۱: ۳۵۰ڕیاڵ

ساڵی ٦۲: ۴۵۰ڕیاڵ

ساڵی ٦۳ ۵٨۰ ڕیاڵ

ساڵی ٦۴: ٦۱۵ڕیاڵ

ساڵی ٦۵: ۷۴٦ ڕیاڵ

ساڵی ٦٦: ۹۹٦ ڕیاڵ

ساڵی ٦۷: ۹٦٦ ڕیاڵ، لە ۱۰ساڵی یەکەمی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا  ۱۴۲۱٪ ڕیاڵی ئێران بەهای خۆی لە دەستدا.

ساڵی ٦٨: ۱۲۰۷ڕیاڵ

ساڵی٦۹: ۱۴۱۳ڕیاڵ

ساڵی۷۰: ۱۴۲۰ڕیاڵ

ساڵی ۷۱: ۱۴۹۸ڕیاڵ

ساڵی ۷۲: ۱۸۰۳ڕیاڵ

ساڵی ۷۳: ۲٦٦۷ ڕیاڵ

ساڵی ۷۴: ۴۰۷۸ڕیاڵ

ساڵی ۷۵: ۴۴۴۴ ڕیاڵ

ساڵی ۷٦:۴۷۸۵ ڕیاڵ

ساڵی ۷۷: ٦۴٦۰ ڕیاڵ، لە ۲۰ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا دۆڵار ۹۵۰۰٪  ڕیاڵی ئێران بێ بەهاتر بوو.

ساڵی ۷۸: ۸٦۳۲ ڕیاڵ

ساڵی ۷۹: ۸۱۹۰ڕیاڵ

ساڵی ٨۰: ۸۰۰۹ڕیاڵ

ساڵی ٨۱: ۸۰۱۹ڕیاڵ

ساڵی ٨۲: ۸۳۲۹ریال

ساڵی ۸۳: ۸۷۴۸ریال

ساڵی ۸۴: ۹۰۴۲ریال

ساڵی ۸۵: ۹۲۲٦ ڕیاڵ

ساڵی ۸٦:۹۳۵۸ڕیاڵ

ساڵ ۸۷: ۹٦٦۷ ڕیاڵ، لە ۳۰ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا هەر دۆلارێکی ئامریکا ۱۴۲۲۰٪ لە ڕیاڵی ئێران بێ ئەرزشتر بووە.

ساڵی ٨۸: ۹۹۷۹ڕیاڵ

ساڵی ٨۹: ۱۰۴۲۲ڕیاڵ

ساڵی ۹۰: ۱۴۰۰۰تا ۱٨۰۰۰ ڕیاڵ

ساڵی ۹۱: ۱۵۰۰۰تا ۳۸۰۰۰ڕیاڵ

ساڵی ۹۲: ۳۳۰۰۰تا ۳٦۰۰۰ ڕیاڵ

ساڵی ۹۳: ۳۴۰۰۰تا ۳۵۵۰۰ڕیاڵ

ساڵی ۹۴: ۳۱۵۰۰تا ۳٦۰۰۰ ڕیاڵ

ساڵی ۹۵: ۳۴۲۵۰تا ۳۷۴۸۰ڕیاڵ

ساڵی ۹٦:۳۸۰۰۰ تا ۴۲۵۰۰ڕیاڵ

ساڵی ۹۷: ۴۲۵۰۰تا ۱۲۰۰۰۰ڕیاڵ(ئەم نرخە تا ۱۳۹۷/۰۵/۰۸) دوای ۴۰ساڵ   ۱۷٦۵۰٪ ڕیاڵی ئێران لە بەرانبەر یەک دۆڵاری ئامریکا بێ ئەرزشتر بووە."

گەر چاو لە نرخەکان بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە جگە لە ساڵی ۱۳٦۷ و ۱۳۸۰ هیچ ساڵێک دۆڵار دابەزینی نرخی لەم چەن ساڵەدا بە خۆیەوە نەبینیوە ئەویش نەک دابەزینی نرخێکی بەردەوام بەڵکوو کاتی بووە و ساڵ لە دوای ساڵ ڕیاڵی ئێران بێ ئەرزشتر بۆتەوە.

بەرز و نزمی نرخی دۆلار لەم ساڵانەدا لە دەست دەوڵەت چۆتە دەرێ و هیچ دەسەڵاتێکی نییە بە سەر نرخی دۆلارەوە  و گەر بیشی هەوێت دەستەوەستانە لە کۆنترۆڵ کردنی نرخی دۆلار و خۆشی وەک خەڵک تەنیا ئەڕوانێتە یاری کردنی نرخ و بەرز و نزمی دۆلار و هیچ کام لە بەرپرسان ئامادەی وەڵامدانەوە نین. گەر سەرنج بدەینە قسەکانی حەسەن ڕۆحانی لە ڕێکەوتی ۱۵ی گەڵاوێژی ۱۳۹۷، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە ڕۆحانی و تیمەکەی بەتەمای خۆی لە ژێر بەرپرسیاریەتی بەڕز و نزمی دۆلار لە بازاردا بچێتە دەر و یەکەم هەنگاویشیان کەم کردنەوەی ئەرکەکانی بانکی ناوەندی (مەرکەزی) لە دابەش کردنی دۆلار بەسەر بازاردا بوو.

 بە پێی ئامارەکانی بانکی ناوەندی نەختینەی خەڵک لە چاو ساڵی ڕابردوو تا کۆتایی مانگی جۆزەرداندا۲۴/۱٪زیادی کردووە و خەڵک پارەی خۆیان لە بانکەکان دەر دەهێنن و لە بازاری دۆلار، زێر، سکە، خانوو و زەوییدا سەرمایەگووزاری دەکەن تا لەوە زیاتر پارەکانیان بێ ئەرزشتر نەبێت هەر ئەم کارە زەربەیەکی قوورسی لە بانکەکەن داوە.

بێ دەسەڵات بوونی دەوڵەت لە کۆنترۆل کردنی دۆخەکەدا بۆتە گەشە سەندنی زیاتری بازاڕی ڕەش(black market) ) یا ئابووری ژێرزەمینی (underground economy) ) لە ناو بازاردا کە ئەمە جۆرە لە ئابوورییدا هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم ڕێژیمەوە بووە بەڵام لەم ساڵانەی دواییەدا زیاتر گەشەی سەندووە. ئەڵبەت با لەبیریشمان نەچێت خودی دەوڵەتە مەیدان دەدا بە چالاکیەکانیان بە دووپات بوونی گەمارۆکان کە لە ڕۆژی ۱٦ گەڵاوێژی ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە، چالاکانی ئەم بەشە ڕۆڵی سەرەکی دەگێرنەوە و چالاکانی ئابووری ڕەش لە کۆماری ئیسلامیدا زیاتر و گەشە سەندووتر دەبن. گەر بمهەوێت بە کورتی باس لە ئابووری ڕەش بکەم دەبێ بڵێم ئەو چالاکیە ئابووریە نافەرمی و نایاساییانەی کە زۆر کەرەت هاوتەریبی ئابووریە یاساییەکان دەچنە پێش و یا هەوڵدەدەن لە گێژاوەی قەیرانی ئابووری  دەوڵەتان و بە شێوازێکی مافیایی ڕۆڵێکی سەریکی بگێرن و لە ئێراندا دەبینین لە سەردەمی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد کاتێک ئێران لە ژێر گەمارۆدا بوو ئەم چالاکانە ڕۆڵی سەرەکیان دەگێرا بۆ ئێران چ لە بواری هاوردەدا چ لە بواری هەناردەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان گەمارۆکانیان دەوردەداوە و کاریگەریەکانیان کەمتر دەکردەوە. ئەم کارە نافەرمی نا یاساییە بە ئیزن و هاوکاری دەوڵەتە دەکەوێتە پانتایی ئابووری فەرمی هاوتەریبی یاساییەوە کە یاسا تێیدا خاوەن حوکم نییە مەگەر کاتێک کە کاریان بە ئەو کەس یا کەسانە نەمێنێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان بێ کەڵک بووبێت ئەوکات یاسا دێتە نێوان بە شێوازێکی فۆرمالیتە ڕۆڵی خۆی دەگێرێت. بۆ ئەمەش دەگرێت نموونەگەلێکی وەک بابەک زەنجانی ناو بەرم کە لە سەردەمی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاددا، ڕۆڵێکی بەرچاویی گێرا بە هاوکاری خودی دەوڵەت بەڵام ئێستا دەبینین لە گرتووخانەدایە و حوکمی سێدارەی بۆ دەرچووە!

کاریگەریەکانی ئابووری ڕەش زۆر نێگەتیڤن و هەوڵ دەدەن دەوڵەت بخەنە پەراوێز و خۆیان جموجۆلی بازار بگرنە دەست و ئەم چەن کەسە وەک خمخۆرکێک وردە بۆرژواکان  و بە گشتی بازاریان هەڵدەلووشن و زەربە و گورزێکی کووشەندە و کاریگەر بدەن لە پەیکەرەی بازار کە نموونەکانی لە ئێراندا لەم ماوەیەدا دەیبینین زۆر بە ئاشکرا ئێلیتە لیبێرالەکان دۆلاری ۴۲۰۰تمەنیان وەرگرتووە بۆ هاوردەکردنی شت و مەکی دیاری کراو بەڵام شتی تریان هاوردە کردووە. یان دەبینین بە کۆگا کردنی پێداویستیەکانی بازار نرخەکان بەرز و بەرزتر دەبنەوە. ئەوان هەوڵ دەدەن داواکاریەکان زیاتر بکەن لە هەمانکاتدا کەم خستنەوە ناوبازار چەند مەبەستی سەرەکی خۆیان جێبەجێ دەکەن کە بریتین: " بەرز کردنەوە چەن قاتی نرخ، هەژار کردنی وردە بۆرژواکان(دوکانداران) هەڵلووشینی سەرمایەکانی بازار و کەڵەکە کردنی لە ناو ئەژماری بانکی و ئێکاونتەکانی خۆیان و لە هەمان کاتدا بێ دەسەڵات کردنی دەوڵەت" نموونە زۆرە لەم بارەیەوە تەنانەت کاربەدەستان و خودی سەرۆک کۆماری ئێران حاشای لێنەکرد. بەڵام من وەک ڕۆژنامە نووسێک پێم خۆشە نموونەیەک باس بکەم کە پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەگەری هەیە ئەویش کاغەزی ڕۆژنامەیە، کەسانێک بە ناویی هاوردە کردنی کاغەز دۆلاری ۴۲۰۰۰ڕیاڵیان وەرگرت بەڵام کاغەزێک کە هێناویانە ئێستا نایدەنە ناو بازارەوە یان گەر بیشی دەن بە نرخێکی یەکجار زۆر گران دەیفرۆشن کە ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژنامەکان و گۆڤارەکانیان تووشی قەیرانی بێ کەغەزی کردووە لە هەمان کاتدا ئەژماری ڕۆژنامەکانیان کەم کردۆتەوە و زەربەیەکی قورسیان لە کاری ڕۆژنامەگەری داوە.  بە وتەی کواکێبیان نوێنەری تاران تا دوو مانگی تر بۆ چاپ بوونی ڕۆژنامەکان و گۆڤارەکان کاغەز هەیە.

ئێلیتە لیبێرالەکان کە ئابووری ئێرانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان گرتۆتە دەست و تەنیا دەوڵەت وەک ماکێت و دێکۆرێک ماوەتەوە لەم ناوەدا بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئێرانیشیان گران کرد! بۆ نموونە شیرەمەنی تا ۳۰ لە سەد لە چاو نرخەکانی مانگی پووشپەڕ گرانتر بوون ئەمە لە حاڵێکدایە شیرەمەنی و کارخانەکانی هەمووی لەناو خاکی ئێراندان و کاری بە دۆلار نییە بەڵام هەر ئەو جۆرەی کە سەرەتای ئەم یاداشتە باسم کرد دۆلار بەجۆرێک جێ پەنجەی خۆی لە هەموو بەشەکاندا نیشان داوە.

لەماوەی ئەم ۴۰ساڵەی هاتنە سەر کاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئابووری ڕەش، بەشێکی جەوهەری لە ئابووری ئەم سیستەمە بووە و شان بە شانی سیستەمی ئابووری فەرمی درێژەی بە ژیانی خۆی داوە. ئەم ئابووریە نافەرمیە لەم ڕۆژانەدا بۆتە دێوێکی خوێنمژ ئاسا کاۆمپانیا و کارگە و بازار و وردە بۆرژواکان هەڵدەلووشێت و ئەگەری  هەیە بێ بەزەییانە دەوڵەتی حەسەنی ڕۆحانیش بە تەواوەتی هەڵلووشێت. دەوڵەتی شکست خواردووی بەنەوش خۆی باش دەزانێت لە ئەم ڕۆژانەدا کە گەمارۆکان سەریان هەڵداوەتەوە، ئابووری ڕەش و چالاکانی ئەم بەشە کاراتر لە پێشوو دەکات و زۆر دوور نییە هەیکەڵ و قەبارەی لە کۆی گشتی ئابووری سیستەمی کۆماری ئیسلامی زلتر نەبێت. سیستەمی ئابووری ئێران هەر ئەو جۆرەی کە لە قسەکانی سەرۆک کۆماری ئێراندا بە ئاسانی ڕوون و دیار بوو دەیهەوێت لە ژێر باری بەرپرسیاریەتیەکەی هەڵبێت تا ئەویش هەڵنەلووشرێت وەک بەشەکانی تری بازار بەڵام بێ ئاگایە ئەم هەیووڵا دڕەندەیە تازە کاراتر بۆتەوە بازار بە تەواوەتی دەگرێتە دەست و دەیهەوێت دەست بە سەر سەروەت و سامانێکدا بگرێت کە دێتە بەردەستی. لە کاتی گەمارۆکانی سەردەمی ئەحمەدی نژاد دا دەرکەوت هێز و قەبارە و بێبەزەیی ئەم ئێلیتە لیبراڵانە چەندە  و ئێستا دوای ماوەیەکیتر دیسان مەیدان کەوتۆتە دەستیان و دەبینین چۆن یاری بە نرخەکانی بازار دەکەن. لە ڕۆژێکدا چەندین کەرەت نرخ دەگۆرن و نرخی نوێی دیاری دەکەن. نرخەکان بەرز و نزم دەکەن بۆئەوەی هەر لە بازاڕییەکانەوە بگرە تا خاوەن کۆمپانیاکان، وەرشکەست بکەن داراییەکانیان بێ ئەرزشتر بکەن و خۆیان لەم گێژاوەدا کە درووستی دەکەن قازانجی خۆیان بکەن.

لە سیستەمی ئابووری _ سیاسی، کۆماری ئیسلامیدا زۆر جار ناتوانین ئێمە ئابووری یاسایی لە ئابووری نایاسایی جیا بکەینەوە چون وەها تێکەڵی یەک بوون زۆر کەڕەت ئابووری ڕەش یا نافەرمی، فەرمی و یاسایی دەردەکەوێت، بۆیە زۆر بە ئاسانی دۆلار وەک نموونەیەکی بەرچاو دەبینین لە ناو بازاڕدا یاری خۆی دەکات و بەرپرسان خۆی لێ گێڵ دەکەن. لە ئێستادا کە گەمارۆکان  دەستیان پێکردووە دەبێ بۆمان ئاسایی بێت گەر بیستمان ئابووری نافەرمی، فەرمی ببێت.  هەڵلووشینی دەوڵەت و سەرچاوە ئابووریەکانی بە دەس چالاکانی ئابووری ڕەش شتێک کە دوور نییە و دەکرێ چاوەروانکراو بێت. دەبێ چاوەڕوان بین بزانین لە ڕۆژانی داهاتوودا دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت. ئەم یاداشتە ڕۆژی ۲۲گەڵاوێژ نووسراوە کە نرخی دۆلار نێوان ۱۰۴۰۰۰تا ۱۱۰۰۰۰ڕیاڵ یاری دەکات.


PM:03:40:15/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌