ژێنراڵ جۆزێف ڤوتێل بەرپرسی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ناسراو بە
(سێنت کام) لە دوو تویتی جیاوازدا دەرباری نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باس
لە دەوری نێگەتیڤ و تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی دەکات و لەم بارەوە دەنووسێت
:" دەوری سەرەکی هێزەکانی قودسی سەر بە سپای پاسداران ئەوەیە کە چالاکی
تێکدەرانەیەان هەیە لە ناوچەکە."
ژێنراڵ ڤووتێل لە تویتێکیدا رۆژی یەکشەممە ٢١ ی گەلاوێژ نووسیویەتی
:" بەلامەوە روون و ئاشکرایە قاسم سلێمانی و هێزەکانی قودسی سپای پاسداران،
ناوەند و ناوەکی سەرەکی جەنگێکی بەربڵاون لە ناوچەکە بە تایبەت لە سووریە، عێراق و
لوبنان و بەحرەین و یەمەن."
ژێنراڵ ڤووتێل بەرپرسی ناوەندی (سێنت کام) باس لە دەوری تێکدەرانەی
کۆماری ئیسلامی دەکات و دەڵێت :" ئێمە کۆمەڵێک چالاکی تێکدەرانەی ئێران و
جەنگی نوێنەرایەتی دەبینین لە ناوچەکە." هەروەها دەڵێت :" من لام وایە
ئێران گەورەترین هەڕەشەی درێژماوەیە لە سەر ئارامی و سەقامگیری ئەم ناوچەیە لە
دونیا." ئەم بەرپرسە پلەبەرزە سەربازییەی ئەمریکا بە دەربڕینی نیگەرانی خۆی
لە چالاکییەکان و دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و سووریە ، تاران بە هۆکاری
نائارامی ناوچەکە و هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی حکوومەتی ئەسەد دەزانێت.