سالۆ، دوایین هێرشی پازۆلینی

جەمشید بەهرامی

شازادە، خاوەن شکۆ، قەشە و سەرۆک کۆمار، ڕێدەکەون کە لەگەڵ کچەکانی یەکتردا ژیانی هاوبەشی پێکبهێنن. ئەوان بە یارمەتیی کەسەکانی خۆیان 16 کچ و کوڕی لاو دەدزن و دەیانبەن بۆ ناوچەی مارزابۆتۆ. لە کۆتاییدا بەیارمەتی چوار سۆزانیی بەئەزموون دەسدرێژی دەکەنە سەریان و...

ئەمە کورتەیەک لە چیرۆکی فیلمی سالۆ یان ١٢٠ ڕۆژ لە سۆدۆما(Salò o le 120 giornate di Sodoma) بەرهەمی "پیەر پاولۆ پازۆلینی"‌یە کە بەپێی ڕۆمانی "سۆدۆما" لە نووسینی نووسەری بەناوبانگی فەڕەنسی مارکی دۆساد (Marquis de Sade) لە ساڵی ١٩٧٥دا بەرهەم هاتووە. دۆساد کەسێکە کە دەستەواژەی سادیزم لە ناوی ئەوەوە وەرگیراوە و بەس بڕوای بە سێ شت هەبووە: خواردن، خۆبەتاڵکردنەوە لە پیسایی و سێکس. ئەو تەواوی ژیانی مرۆیی لەم سێ شتەدا کورت دەکاتەوە و پێی وایە ئەم سێ شتە سەرچاوەی چێژوەرگرتنی مرۆڤن لە ژیاندا. خواردنی پیسایی و حەمام کردن لە میزدا کە لە فیلمی سالۆدا دەبینرێن، لە چیژە تایبەتەکانی مارکی دۆساد بوون و بەگشتی سادیزم و مازوخیزم دوو بەشی جیانەبووی ژیانی مارکی دۆساد بوون.

کاریگەریی بیرۆکەکانی مارکی دۆساد لەسەر پازۆلینی لە بەدیمەنکردنی بیرۆکەکەیدا لە پێکهاتەی فیلمی سالۆدا بەرچاوە، بەڵام پازۆلینی بەبێ ئەوەی کە بەرگرییەک لە دۆساد بکات، بیرۆکە و جیهانبینیی دۆساد بە بەستێنێکی لەبار دەزانیت بۆ ئەوەی بیرۆکەکەی خۆی لەسەری سۆار بکات. پازۆلینی ئەو فیلمسازە ڕچەشکێنە سەربزێوەیە کە بێگومان دەکرێ بە گیانبەختکردووی سینەما ناوزەدی بکەین، چونکوو دوای بەرهەمهێنانی فیلمی سالۆ لە نزیکی پێتەختی ئیتالیا واتە "ڕۆم" بە ئەمری دەسەڵات! دەکەوێتە بەر پەلاماری کەسانێکی نەناسراو و دەکوژرێت. پازۆلینی سێ هەفتە پێش لە مەرگی، قۆناغی پاش بەرهەمهێنانی فیلمەکەی تەواو کردبوو و ئەو فیلمە بووە دوایین کاریگەریی پازۆلینی لە پانتایی سینەمادا.

پازۆلینی لە فیلمی سالۆدا کۆدەکانی تایبەت بە نیشانە دیدارییەکانی خۆی بەرهەم دهێنیت تاکوو یاسای مەرگی تایبەت بە خۆی پیشان بداتەوە. بەپێی بیر و بڕوای پازۆلینی، سادیزم لە ڕێڕەوی فاشیزمەوە بەرەو سەرمایەداریی نوێ دەڕوات. چیرۆکی فیلمەکە لە ئیالەتێکی داگیرکراوی ئاڵمانیی ئیتالیا لە ساڵی ١٩٤٤دا ڕوودەدا. بیرۆکری سەرکیی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمێدیای دانتێ واتە دۆزەخ، بەرزەخ و بەهەشت. پازۆلینی ئەم دابەشکارییە دەگۆڕێت و بەسەر چوار بەشدا دابەشی دەکات کە بریتین لە: بەشی دەسپێک جەهەنەم، کۆڕێ هەوەس، کۆڕی پیسایی، کۆڕی خوێن.

ئەم فیلمە بە یەکێک لە فیلمە موناقشەخولقێنەکانی مێژووی سینەما دادەنرێت و هەنووکەش لە زۆرێک لە وڵاتەکاندا پیشاندانی یاساخ کراوە، هۆکاری ئەو یاساخبوونەش دەگەڕێتەوە بۆ جەستەی ڕووت و دەستدرێژییە سادیستییەکان کە لە فیلمەکەدا دەبینرێت و هەر ئەو دیمەنانە نواندنەوەی هەڵسوکەوتە سادیستیکەکانی کۆمەڵگای مرۆیین. لە ڕاستیدا، ئەوە فیلمکەی پازۆلینی نییە کە ئازارخولقێنە بەڵکوو ڕەفتاری نەژادپەرەستانە و سادیستیی مرۆڤەکان، کە لە فیلمەکەدا بەرجەستە کراوەتەوە، ئازارخولقێنە. گێڕانەوە و گۆشەنیگای پازۆلینی وەک خولقێنەری ئەم بەرهەمە بێگومان هێرشکردنە سەر تەواوی پیرۆزییە سیاسی و ئایینییەکانی ئەو سەردەمەیە و بکەرانی سەرەکی (واتە کاراکتەرە سەرەکییەکانی فیلم) هەر ئەو کاراکتەرانەن کە جڵەوی ئاراستە سیاسی و ئایینییەکانی کۆمەڵگایان بەدەستەوە بوو هەر لە قەشەوە تاکوو سەرۆک کۆمار. هەر بەشێک لە فیلمەکە سۆزانییەکی سەرنجڕاکێش دەیناسێنیت، سۆزانییەک کە هەموو ژیانی تەرخان کردووە بۆ خزمەت بە حەزی جنسیی هەوەسبازەکان. لە پێکهاتەی فیلمەکەدا، پازۆلینی ئەو شێوەیەی کە بازنەکانی جەهەنەم لە دۆزەخی دانتێ‌دا بە تێر و تەسەلی باسی لێوەکراوە و شیکراوەتەوە، لێکدەداتەوە و هەر بەم هۆیەشە کە ئەم فیلمە بە "دۆزەخی چاوەڕوانی" یان "ژووری چاوەڕوانیی جەهەنەم"یش ناسراوە.

پازۆلینی وەک فیلمسازێکی مارکسیست، بەردەوام هەوڵیدەدا تاکوو لە ڕێگای فیلمەکانییەوە زەلکاوی ژیانی مودێرن و دواهاتەکانی سیستمی سەرمایەداری بۆ دیتران شیبکاتەوە. پازۆلینی لە ڕوانگەی ڕەخنەیی و دژەئایینییەوە لە فیلمەکانیدا زۆر ڕادیکاڵ خۆی دەردەخات. بڕیار وابوو فیلمی سالۆ سیانەیەکی (تریلۆژی) سینەمایی بێت بەڵام بەداخەوە مەرگ و نەیارانی مەودای ئەوەیان پێنەدا تاکوو دوو بەشەکەی دیکە درووست بکات، بەداخەوە دیار نییە پازۆلینی لەو دوو بەشەکەی دیکەدا دەیهەویست پەردە لە سەر چ کارەساتێک هەڵباتەوە. ڕەخنەی سەرەکیی پازۆلینی لە ئایین دەگەڕێتەوە بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئایین بۆ سەقامگیر کردنی بنچڵەکانی دەسەڵات و کەڵەکە کردنی دارایی و سامان لە لایەن سەرۆکە ئایینییەکانەوە. پازۆلینی لە فیلمی سالۆدا، بە پشتبەستن بە ئەندێشەی مارکسیستی هێرش دەکاتە سەر فاشیزم، هەر وەک ئەو هێرشەی کە کاراکتەرە سەرەکییەکانی فیلمی سالۆ دەیکەنە سەر ئەو لاوانەی کە لە لای خۆیان دەستبەسەریان کردووە و دەسدرێژییان دەکەنەسەر.

لە فیلمی سالۆدا، جەستەی ڕووتی کاراکتەرەکان و سێکس ئەوەندە پێداگری لە سەر دەکرێتەوە و پیشان دەدرێتەوە ئەوەندە لە گۆشەنیگای ئامرازییەوە ئاوڕی لێدەدرێتەوە کە زۆر جار بۆ بینەر ئازارخولقێنە. پێوەندیی جینسی و سێکسوالیتە لە گۆشەنیگایەکی دژەجوانیناسانەوە چیتر نەک لە وێنەی کردەوەیەکە، لە ڕووی حەز و ئەوینەوە کە لە ئاکامدا نواندنەوەیەکی شاعیرانە بەرهەم بهێنیت، بەڵکوو کردەوەیەکی غەریزییە کە هەوسێکی تێرنبوو لە باکگراوەندیدا خۆی حەشارداوە. سێکس لەم فیلمەدا نایشچێتە خانەی پۆرنۆگرافییەوە بەڵکوو کردەوەیەکی حەیوانییە و دەرچوونە لە حەز و هەوەسی مرۆیی و ڕۆشتنە بەرەو کردەوەیەکی قیزەون و ئازارخولقێن.

ئەوەی کە لە فیلمی سالۆدا ئاشکرایە پێداگرییە لە سەر لەش وەک ئامرازێک بۆ دەسدرێژی، مرۆڤەکان تەنیا پەیکەرێکن بۆ دەستدرێژی بەبێ هیچ چەشنە بیرکردنەوەیەک. لە ڕاستیدا، ئەوە داخوازی دەسەڵاتە لە مرۆڤەکان. دەسەڵات واتە فاشیزم بەبێ ئەوەی بیر لە جەوهەرەی وجوودیی مرۆڤەکان بکاتەوە تەنها لە ڕوانگەی کارکردیی لەشەوە چاو لە مرۆڤەکان دەکات. هەروەها کە لە سالۆدا بەرچاوە مرۆڤ بەس ئامرازێکە و ئەمە شتێکە کە لای ئەندێشەی فاشیستیدا مەقبووڵە و دانی پێدا دەنرێت.

کەڵکەڵەی پازۆلینی لە فیلمی "سالۆ"دا

بە وتەی خودی پازۆلینی کەڵکەڵەی سەرەکیی ئەو لە فیلمەکانیدا ئەوە بوو کە چۆن دەکرێت لە ڕێگای دیمەنەوە بە شێوەیەک حەقیقەت بگوازرێتەوە بۆ بینەر، تاکوو فیلم کاریگەرییەکی پڕاوپڕ و لە سەدا سەدی ڕاستەقینەی لە سەر بینەر هەبێت و بەتەواوەتی بینەر بخاتە فەزای ڕاستەقینەوە، ئەمە هەمان ئەو شتە بوو کە پازۆلینی هەوڵی بۆ دەدا لە فیلمەکانیدا ڕەچاوی بکات. هەر ئەم خاڵە بوو کە پازۆلینیی بردە ئاستێکەوە کە ڕەخنەگرانی تایبەتیی سینەما دان بە کاریگەرییە بێ وێنەکانیدا بنێن.

گواستنەوەی حەقیقەت بۆ بینەر لە فیلمی سالۆدا بەس لە ڕێگای دووپاتکردنەوە و بەرجەستەکردنەوە و موبالغەکردن لە فەزایەکی ڕاستەقینەدا دەهاتە ئەنجام، پازۆلینی لەو ڕێگایەوە بینەر دەخاتە چوارچێوەیەکەوە تاکوو لە ڕیگای کاتالیزۆری شۆکەوە هەستی سەرسووڕمان و تەنانەت بێزاربوون لە بینەردا درووست بکات. هەر لە سەرەتاوە بینەر بە ترس و نەفرەتەوە هاوڕێیەتیی بەرەوپێشچوونی چیرۆکی فیلمەکە دەکات بەڵام دواتر تێدەگات کە هەڵەی کردووە تا ئەوەی کە لە بەشی کۆتاییدا شۆک کارکردی گونجاوی خۆی دەبێت و بینەر پڕدەبێت لە هەستی نەفرەت. دیمەنی کۆتایی فیلم واتە سەمای دوو کێشکچییەکە وەک بێدەنگییەکە لە دوایین ساتەکانی کۆتایی هاتنی تراژدیایەک. لەوانەیە بەو بێدەنگییەوە فیلمساز بیەوێت ئەوە بۆ بینەر بگوازێتەوە کە هەموو ئەم ئەشکەنجە و ئازارانە لە کۆمەڵگایشدا بوونی هەیە، جەلاد و دەستبەسەرکراو هەموویان لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەژین و هەموویشیان مرۆڤن، بەڵام چینێک لە پێگەی خواوەندەکاندا ئەشکەنجەگەرن (دەسەڵات) و چینێکیش دەسبەسەرکراون و چینەکەی‌تر ئەشکەنجەیان دەدەن.

هۆمۆساکێر و "سالۆ"

بەپێی یاسای ڕۆمانەکان (واتە ڕۆمای کۆن)، هۆمۆساکێر، کەسێکی تاوانبار بوو کە لە کۆمەڵگا دوورکەوتبووەوە و خستبوویانە پەراوێزەوە و مافی هیچ شتێکی نەبوو. دەبوا سزای کوشتنی بەسەردا بسەپێنن بەڵام وەک قوربانییەک نەدەهاتە ئەژمار. پێگەی هۆمۆساکێر لە ڕۆمای کۆندا تایبەت بە کەسانێک بوو کە هیچ چەشنە پێگەیەکی کۆمەڵایەتییان نەبوو، کەسانێک کە تەنانەت ڕەوا نەبوو دادگایی بکرێن و ببنە قوربانی چونکوو نە یاسای مرۆیی دەیانیگرتەوە و نە یاسای خواوەندەکان، هەر شارۆمەندێکی ئاسایی دەیتوانی بیانکوژێت بەبێ ئەوەی کە تاوانی ئەنجام دابێت.

لە سالۆدا جگە لە کاراکتەرە سەرەکییەکان واتە شازادە، خاوەن شکۆ، قەشە و سەرۆک کۆمار کە ڕەوتی چیرۆکەکە و ڕووداون دیاری دەکەن و بڕیاڕدەرن، کاراکتەرەکانی دیکە هەموویان بە جۆرێک ڕۆڵی هۆمۆساکێر دەبینن، جگە لەوان کاراکتەرەکانی دیکە هیچ چەشنە پێگەیەکیان نییە و تەنانەت هیچ یاسایەکیش نییە کە وەک قوربانییەک بەرگرییان لێ بکات. جگە لە دەسەڵات (کوالیتسیۆنێک لە نێوان دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی) ئەوانی دیکە یاسای مرۆڤایەتی و یاسای خواوەندەکانیش نایانگرێتەوە. ئەمە وێنایەکە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆیی، کە دەسەڵاتی سیاسی باڵی بە سەر هەموو شتێکدا کێشاوە و مرۆڤاکان بەس وەک کۆمەڵێک لەشی بێ هەست و بیرۆکە پێناسە دەکرێن کە دەبێت لە خزمەتی ئۆرگاسمی دەسەڵاتدا بن. لە ڕوانگەیەکی مارکسیستیشەوە بەجۆرێک هۆمۆساکێرەکانی سالۆ هەمان پڕۆلیتەرەکانی کۆمەڵگای سەرمایەدارین هەمان پڕۆمیتۆسەکانی یۆنانی کۆنن و بە ئەمری زیوس دەسبەسەر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن.

جۆرجۆ ئاگامبێن "تیۆری بایۆسیاسەتی"ی خۆی لە پەیکەری هۆمۆساکێردا شی‌دەکاتەوە. دەکرێت تاک وەک جەستەیەک بکوژرێت بەبێ سزادانێک بۆ بکوژەکان. لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی ئەو یاسایانەی کە هەن، ئاوەها کەسێک ناکرێت ببێتە قوربانی بۆ ئامانجێکی تایبەت. بۆ حوکمڕانەکان (لە بارودۆخێکی نائاساییدا) هەر شارۆمەندێک دەکرێت ببێتە "هۆمۆساکێر" یان "ژیانێکی ڕووت". دەکرێت هەر شارۆمەندێک ڕۆڵی هۆمۆساکێر بۆ حاکم بگێڕێت. تاک لە بازنەی هۆمۆساکێردا هیچ چەشنە دەرفەتێکی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە و گەشەکردن نییە و بەربەستە داسەپێندراوەکان هەموو دەرفەتەکانی لێ زەوت دەکەن. لە ڕاستیدا، ئەوەی کە لە سالۆدا دەبینرێت ئەو دابەشبوونەی کۆمەڵگایە لە نێوان حاکم و هۆمۆساکێردا و هیچ چەشنە دەرفەتێک بۆ دەربازبوونیش لەو بارودۆخە نابینرێت. لە ڕوانگەی "فۆکۆ"وە، لە مودێرنیتەدا ژیانی ڕەسەن هەمان زیندووبوونە و لە حاڵەتی کۆمەڵایتیدا کۆنتڕۆڵ دەکرێت و جەستە بۆ سیاسەتداڕشتن گرنگ دەبێتەوە. لە فیلمی سالۆدا جەستەی ڕووت ئاماژەیە بە ڕووتیی غەریزیی مرۆڤی ئەمڕۆیی و چییەتیی کۆمەڵگای مودێرن. بە گوتەیەکی دیکە، سالۆ هێرشێکە بۆ سەر مودێرنیتە لە لایەکەوە و فاشیزم لە لایەکی دیکەوە. هێرشە بۆ سەر کۆمەڵگایەک کە گرنگایەتیی مرۆڤ تەنیا لە جەستەیدا بەرجەستە دەبێتەوە و هیچی تر.


AM:08:32:09/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 389 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌