پرسی ئێران لە گفتوگۆی نێوان ترامپ و پۆتین‌دا

ئازاد سلێمانی

دانیشتنی نێوان دوو وڵاتی زلهێزی جیهانی كۆمەڵێك پەیام و هەنگاوی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. وێڕای لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێستا و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ڕووسیا، وا پێدەچێت ئەم دوو وڵاتە بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێك كێشەی جیهانی هێشتا پێویستیان بە یەكتر بێت، سازدانی وەها گفتوگۆیەك لەم كات و ساتەدا هەنگاوێی گرینگە كە دەبێت جیهان لەبەرچاوی بگرێت. گفتوگۆ و دانیشتنی لەم چەشنە بە دڵنیاییەوە بێ ئامانج نییە و كۆمەڵێك خواست و ویستی دوولایەنەی تێیدا باس دەكرێت و بەپێی بەرژوەندیی وڵاتان ئاڵوگۆڕی بیروڕای لەسەر دەكرێت ئەم بەرژوەندیانەش وا دەكات كە ئاستی گفتوگۆكان لە پانتایی زیاتردا خۆی ببینێتەوە. دانیشتنی ئەم دواییانەی نێوان ترامپ و پۆتین لێكدانەوەیەك و شرۆڤەكارییەكی جیهانی دەوێت و بابەتی دانیشتنەكەشیان بە دڵنیاییەوە گرینگترینیان پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هەرچەندە تەنیا ئەم پرسە نییە و بابەتی ئابووریی جیهانی، پێوەندیی نێوان وڵاتانی ئۆرووپایی و هەروەها ئیسرائیل لە خۆ دەگرێت.

ڕەنگە باشتر وابێت لەسەر پرس و بابەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەستە و ئەم بابەتە بە كورتی تاوتوێ بكەین. ئەمریكا و ڕووسیە بە دوو تێڕوانین و بیروڕای جیاواز هەوڵ بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن، هەروەك دەبین ناسەقامگیری و دوو بەرەكایەتی و نەبوونی ئازادی و دێمۆكراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە هۆكارێك كە ئەم دوو وڵاتە هەركام بە دیدی جیاوازەوە سەیری بکەن و پلانی بۆ دابڕێژن. لە ئێستادا پرسی سووریە بۆتە بابەتی مشتومڕی نێوان ئەمەریكا و ڕووسیا لەسەر بەڕێوەبردنی و هەركام هەوڵ دەدات دەستی خۆی زاڵ بكات لەم نێوانەدا بە تایبەت بۆ ئەمەریكا سەرئێشەیەك بوونی هەیە كە دەبێت بكەوێتە بیری چارەسەر كردنی ئەویش ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە كە بەردەوام لە دیدێكی دژە ئەمریكاییەوە هەوڵەكانی خۆی چڕوپڕتر دەكاتەوە و هەوڵ بۆ نفوز و كارتێكەریی خۆی زیاتر دەدات.

ئەمەریكا ئەمەی لا قبوڵ نەكراوە و ئەم هەنگاوانەی ڕژێمی ئێران لە چوارچێوەی هەوڵە تیرۆریستیەكان دا دەبینێـت و لەم لاشەوە ئێران هەموو هەوڵی خۆی دەدات لە ڕێگەی پشتیوانیی ڕووسیەوە درێژە بە هەوڵە وێرانكەرەكانی خۆی بدات لە سووریە و لەم ڕێگەوە پێگەیەکی سەقمگیر لەوی دابین بکات و سەرئێشە درووست بکات بۆ ئەمریکا و ئیسڕاییل لەو وڵاتە. لەم گفتوگۆیەی ئەخیری نێوان ترامپ و پۆتیندا هەرە پرسی گرینگ بۆ باس كردن مەسەلەی ئیران و پێگەی لە روژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە دزێو و تیرۆریستیەكانی بوو، لەم دانیشتنەدا بە وردی ئەم بابەتە تاوتوێ كرا و ترامپ سوور بوو لەسەر كورت كردنەوەی دەستی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە و ئەم باسەش بووە باسێكی گرینگ لە نێوان نوێنەری ئەم دوو وڵاتەدا.

بێگومان چارەسەر کردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەندە هاسان نییە و ڕووسیا و ئەمریکا بە دڵنیاییەوە هەوڵ دەدەن زۆرترین دەسەڵاتیان هەبێت لەم ناوچەیەدا و ئەو ململانێ و ڕكابەریەش وا زوو کۆتایی نایەت جارێ بەردەوامە. ترامپ ڕاشکاوانە و بە سەراحەت باسی ئێران و هەوڵەكانی لە وڵاتانی دەرووبەری خۆی كردووە و پێداگرانە لەگەڵ پۆتین باسی دوور خستنەوەی ئێرانی كردووە و پێوایە ئەو ئاڵۆزییانەی كە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی هەیە ئێران دەستی باڵای تێیدایە و بەپێی بەرژوەندییەكانی هەوڵ دەدات نەهێڵێت ئارامی و سەقامگیری جێگر بێت. ڕووسیا كە لە ئێستادا بە پشتیوانی سەرەكیی ناوچەیی ئێران دادەنرێت چەندین جار باسی لە پڕكێشی و سەرەڕۆیی ئێران لە ناوچەكەدا كردووە و لەم دیدارەشدا پێدەچێت ترامپ هەوڵی بە قەناعەت گەیاندنی پۆتینی لەم بابەتەدا دابێت و ئامادە بێت لەسەر ئەم پرسە زۆرتر بوەستێت و هەوڵ بدات بە كارتە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی پۆتین ڕازی بكات دەستبەرداری ئێران بێت و دەستی بە تەواوی لە ناوچەكە كورت بكرێتەوە.

هەرچەند ترامپ كۆمەڵێك بابەتی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا باس كرد، بەڵام تەوەرێك كە لای گرینگ بوو پرسی ئێران بوو كە بەپێی قسەكانی خۆی هەوڵێكی زۆری داوە هاوتا ڕووسیەكەی بەو قەناعەتە بگەیێنێت كە ئێران بەرژەوەندیی هەر دوو لا لە لایەك و لە لایەكی دیكەوە سەقامگیری و ئەمنیەتی جیهانی خستۆتە مەترسیەوە و دەبێت بیرێكی بنەڕەتیی بۆ بكرێتەوە تاكوو بە تەواوی دەستی كورت ببێتەوە و هەروەها جێگە و پێگەی هەڵبپێچرێت و بە تەواوی لە وڵاتانی دەورووبەری خۆی دەربكرێت و پێگەی لاواز ببێت و بە گشتی قورسایی خۆی لە ناوچەکە لە دەست بدات.



PM:09:57:06/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 273 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌