ڕۆژە خۆشەکانی داعش بۆ تاران بەسەر چوو

ئاوات قوڕەیشی

هەرچەندە لەوانەیە کە پێشتریش ئەم جۆرە لێکدانەوەیە زۆر کرابێت کە هاتنی داعش خێر و بەرەکەتی زۆر بە دواوە بوو بۆ کاربەدەستانی تاران و سەرجەم دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. سەردەمی داعش بۆ تاران سەردەمێکی زێڕین بوو چونکە کۆماری ئیسلامیی بۆ ماوەیەک لە بیری هەموان بردەوە. سوپای قودسی ئێران ئەم هەلەی بە پەلە قواستەوە و بە خێرایی خۆی ترنجاندە ئەو کەلێن و قوژبنانەی کە ساڵانێک بوو هیوای دەخواست پێیان بگات. سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراقدا نەبوون و ئێران دەیتوانی بە بیانوی داعشەوە بە عەرز و ئاسمانی عێراقێکدا تەراتێن بکات کە دەتوانین بە گشتی بڵێین سەردەمێکی کە وەک خەیاڵ وابوو بەلایەوە. ئێران دەچووە سورییە و تۆپ و تانک و کەرەستەی سەربازی و هێزی پسپۆڕ و شارەزای ئیتلاعاتی بە لێشاو ناردە ئەو وڵاتە. لە سایەی سەری داعشەوە مەجال و بەهانە کەوتە دەست کۆماری ئیسلامی کە نزیک ببێتەوە لە سنوورەکانی ئیسرائیل و ئازاری عەرەبستان بدات. ئەمانە هەموو لە لایەک، ئێران توانی بۆ ماوەیەکی باش خۆی لە دەست ناوی تیرۆر پەروەری قوتار بکات و خراپەکارییەکانی لە ژێر سێبەری دڕندایەتیی داعشدا بشارێتەوە. هەر لەو ماوەیەدا بوو کە گەورەترین ڕێکخستنەکانی لە عێراقدا ساز کرد و بەردی بناغەی چەند هێزی چەکداری دانا کە ڕاستەوخۆ بە دەستوری سپای قودس بجووڵێنەوە و گوێ لە مستی بن. بەشداریی ڕووسیە لە شەڕی سووریەدا و دژ بە داعش هەمیسان قازانجی ئێرانی لێکەوتەوە و ئامادەیی و حوزووری سەربازی و بەرفراوانیی ڕووسیە لەو جوغرافیایەدا پشتیوانیەکی وەهای بۆ ئێران ساز کرد کە تا ڕادەیەک لە ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی ناوچەکە بێ منەت بێت. ئێران ئەم دەرفەتانەی لە دەست نەدا و بە تێچوییەکی ئابووریی زۆریش کە ڕاستەوخۆ لە سەرچاوەکانی داهاتەوە لە ناو خۆی وڵاتەکەدا دابین دەبوو، پەل و پۆی خۆی لە ناوچەکەدا بڵاو کردەوە. بە سەدان هەزار چەکی سوک و فیشەک و پسپۆڕ و هێز و بەرتیل و چەکی قورس و هەتا دوایی، ئەو ئیمکاناتە بوون کە ئێران بۆ ئەم سەردەمە خەرجی بۆ کردن و خۆی پێ کردە هێزێکی یەکلاکەرەوە لە ناوچەکەدا. بۆ پتەو کردنی ئەو هەیمەنەیە هەمیسان ڕێکخستنی ئایینیی بەرینی دەست پێکردەوە و گەلێک کەسایەتیی بەرچاوی شیعە و عەشیرەتەکانی بە تەماحی پارە کردە هاوڕێی پرۆژەکانی خۆی و خەرجی بۆ کردن. ئەمانە سەرجەم کارەکانی ئێران نین کە لە دەرفەتی هاتنی داعشدا کردی. لە ناوخۆی ئێراندا تێکۆشا کە هەڕەشەی داعش بە کاربێنێ بۆ گەڕاندنەوەی چەشنێک لە شەرعییەت و ڕەوایەتیی خۆی. لاوازیی گوتاری کۆماری ئیسلامی و سواویی ئەو بابەتە هەتا ڕادەیەک بوو کە دیاردەی کۆماری ئیسلامی کردبووە گاڵتەجاڕێک لە ناوخۆدا. شەڕی داعش و ئەو نمایشە کە گۆیا کۆماری ئیسلامی لە بەزاندن و شکاندنی هێزی ڕەشی داعشدا ڕۆڵی سەرەکیی هەیە و پێناسە و تەعریف کردنی ئامادەیی خۆی لە وڵاتەکانی سوریە و عێراق بە بیانوی بەرگری لە هەڕەشەکان بۆ سەر ئێران، جارێکی دیکە یارمەتیی دەکرد کە کۆماری ئیسلامی کەش و هەوای سەردەمی شەڕ و حیماسەتەکانی بگێڕێتەوە بۆ شەقامی سیاسیی ئێران. بەرز کردنەوەی بایەخەکانی شەڕ و تەنانەت تەرتیب دانی دام و دەزگا تەبلیغاتییەکانی بۆ کار کردن لە سەر بایەخەکانی شەڕ و بەرگری و حیماسەت، بۆ وێنە داهێنانی تێرمی بەرگری کردن لە قەبری ئیمامەکان لە خاکی عێراق و سووریەدا، تێکەڵەیەک بوو لەو سیاسەتە. لە لایەکی دیکەوە ئەم هەلە هەمیسان کاریگەر بوو لەو ڕوانگەیەوە کە ئێران پێکهاتنی ئەتۆمی زیاتر بەرێتە پێش و لایەنی دیپلۆماسی و ئابووریی خۆی لە پێوەندییەکانیدا لەگەڵ ئۆرووپاییەکان بە هێز بکات. بە گشتی دەتوانین بڵێین کە داعش سەرتاپا خێر و بەرەکەت بوو بۆ کۆماری ئیسلامی و بەبێ داعش کۆماری ئیسلامی قەت نەیتدەتوانی کە بۆ ئەم ماوە درێژە خۆی لە چاوی ڕەخنەگرانی لە ئاستی جیهاندا بشارێتەوە و نەشیدەتوانی هەتا ئەو ڕادەیە هەنگاوی قەبە هەڵبگرێ بۆ داسەپاندنی سیاسەتە پاوانخوازانە و ئایدیۆلۆژیکەکانی خۆی لە ناوچەکەدا. ئەم بابەتانە کە باس کران هەموویان لەگەڵ داعش هاتن و لەگەڵ ئاوا بوونی داعشیش سەردەمی زێڕینی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ڕابردوودا ڕووی لە کزی کرد. دوای لاواز بوونی داعش پەردەی خۆحەشاردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە با هەڵیدایەوە، بە هەر ڕادەیەک کە داعش لاواز دەبوو بە هەمان ڕادە کۆماری ئیسلامی دەکەوتەوە بەر دیدەی هەموان و ڕۆڵە تێکدەرانەکانی بەرجەستە دەبووەوە. کاتێک داعش پاشەکشێی دەکرد لە جێگاکانیدا نفوزی ئێران دەردەکەوت. ئەم بابەتە بە لای زلهێزەکانی دنیاوە قبووڵ ناکرێت و لە ڕوانگەی ئەوانەوە و لە چاوی جیهانیاندا ئێران بە شیاوی ئەوە نازاندرێ کە ناوچەیەکی نفوزی بەرینی بە دەستەوە بێ. ئێران سەلماندوویەتی کە هەر چەشنە نفوزێک بۆ پەرە پێدانی قۆرخکارییە ئاینییەکانی خۆی و بەرژەوەندیی دوژمنکارانە بە نیسبەت جیهان و دراوسێکانی خۆی لە ناوچەکەدا بە کار دێنێ. خولیای کۆماری ئیسلامی بۆ بەزاندن و لە ناوبردنی ڕکابەر و رەقیبە ئاینییەکانی لە ناوچەکەدا لەگەڵ عەقڵییەتی ئابووریانەی سەردەم و کولتووری پێکهاتنی وڵاتە جیاوازەکان یەک ناگرێتەوە. ئێران سەلماندوویەتی کە هەموو توانای دوژمنایەتی و شێواندنی زیاتر تێدایە هەتا تەعامول و ڕەفتاری سەردەمیانە و بەپێی یاسا و ستاندارد و سوننەتەکانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەم سەردەمەدا. بۆیە، ڕێگرتن لە نفوزی کۆماری ئسلامیی ئێران بابەتێکی حەیاتییە بۆ هێزە گەورەکانی ناوچەکە و جیهان.

گۆڕانکارییەکانی ئەمریکا

سەردەمی دێمۆکراتەکان و سیاسەتەکانی ئەو حیزبە لە کاتی دەسەڵات لە ئەمریکادا بۆ دوو دەورەی چوار ساڵە پڕ بایەخ بوو بۆ کۆماری ئیسلامی. شەڕی عێراق و ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئیسلامی ڕادیکاڵ لە ناوچەکانی دیکەدا، وزەی زۆری لە ئەمریکا ستاندبوو. دروشمی دێمۆکراتەکان بە تایبەت لە سیاسەتی دەرەکیی ئەو سەردەمەدا لە دەوری ئەم خاڵە دەوەستایەوە کە چی دیکە پێویست ناکات ئەمریکا سەربازەکانی لەو شەڕانەدا بە کوشت بدات. بە تایبەت تیچووی ئینسانی و گەڕانەوەی بەردەوامی جەنازەی سەربازە کوژراوەکان بۆ ئەمریکا مایەی تەبلیغاتی فراوانی بۆ دێمۆکراتەکان بەرهەم هێنابوو کە ڕای گشتیی ئەمریکا بەو بابەتە تەیار بکەن کە ئەمریکا دەبێت لە عێراق و ناوچە ئاڵۆزەکانی دیکە بکشێتەوە. بۆیە، کاتێک ئیدارەی ئۆباما هاتە سەرکار لە پێناو بە جێ گەیاندنی بەڵێنەکانی لە کاتی هەڵبژاردندا خێراییدا بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. کەم نین ئەو شارەزایانەی کە سەرهەڵدانی داعش لە سووریە و عێراق بۆ ئەو بۆشاییە سەربازییە دەگێڕنەوە کە بەهۆی هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە عێراق، هاتە ئاراوە. ئێران بە خێرایی ئەم هەلەشی بە کار هێنا و لەم بۆشاییەدا مەجال بۆ ئێران ڕەخسا کە شەڕێکی ئاینیی لە ناوچەکەدا پەرە پێ بدات و داعش یەکێک لە بەرهەمەکانی بوو. سیاسەتە نەرمەکانی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی ئوبامادا بە گشتی ئەمریکای کردە لایەنێکی بێگانە لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. گوڕ و تینی پاش هێرشەکەی یازدەی سێپتامبر بۆ دژایەتیی تیرۆر نەمابوو و ڕای ئەمریکایی لەگەڵ تێچوی کەمتری ئینسانی و ماددی بوو، ئەمە بە واتای مزگێنییەکی گەورە بوو بۆ ئێران کە هەروەک باس کرا ئەو پەڕی ئیستفادەی لێ کرا لە لایەن پلان داڕێژانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تایبەت لە عێراق. ئێران لە عێراقدا هێڵێکی سیاسی سەر بە مەزهەبی شێعەی ڕێبەرایەتی کرد و بە ئەزموونێکی زۆرەوە پاڵی نا بە سوونەکانی ئەو وڵاتەوە لە مەیدانی بەشداریی دەسەڵاتدا ڕێگریی لێ کردن و ئاڵۆزیی سیاسی و ئەمنییەتیی زۆری لێ کەوتەوە. سەردەمی ئۆباما کۆتایی پێهات و ئەم ڕۆژە خۆشانەش بۆ کۆماری ئیسلامی هەمیسان کۆتایی پێ هات. ئەگەرچی هەر لەو سەردەمی سیاسەتە نەرمانەی ئۆبامادا بوو کە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا و زل هێزەکانی دنیا واژۆ کرا و مەجالی دوبارەی دەست ڕاگەیشتن بە سەرچاوەی ماددی دابوو بە ئێران، بەڵام لە هەمان حاڵیشدا هەر لەو کاتەوە جێگای نیگەرانیی ئەو کەسانە بوو کە لە بیری گەڕاندنەوەی ئەمریکادا بوون بۆ بازنەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و تێکدانی سەرکەوتنەکانی ئێران یەکێک لە ئامانجەکانیان بوو بۆ گەیشتنەوەی دوبارەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر دوو بابەتی تێکشکانی داعش و سەرکەوتنی کۆمارییەکان بە سەرۆکایەتیی ترامپ بەرهەمی شکستی دیپلۆماسی و ئابووری ئێرانی لێکەوتەوە. بە گشتی کاتە شادەکانی ئێران بە ڕۆیشتنی داعش لە عێراق و هاتنە سەرکاری کۆمارییەکان کۆتایی پێهات.

لە ناوخۆی ئێراندا پەرەسەندنی ناڕەزاییە جۆراوجۆرەکان و داواکارییە ئابووری و دێمۆکراتیکەکان لە پەنای داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتەدا، پێگەی کۆماری ئیسلامی لە هەمووکات لاوازتر کردووە. ئیتلافێکی مەنتەقەیی بەرین لەو وڵاتانەی ناوچەکە پێکهاتووە کە هەموویان ئازاری زۆریان بە دەست ئێرانەوە چەشتووە. بەرەی هێڵی ئیرانیی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بە ئەزموونێکی خراپی چەند ساڵەی دەسەڵاتداریەوە لە ژێر گوشاردایەوە و بە گشتی ئێران خەریکە دانەدانەی سەرکەوتنەکانی وا لە سایەی ئیدارەی ئۆباما و هاتنی داعشدا وەک نفوز و دەسەڵات بە دەستی هێنابوون لە کیسی دەداتەوە و بەش بە بەش دەیدۆڕێنێت. ئێران لە هەموو ئەم دەسکەوتانەدا تەنیا چەند گرووپی شیعەی لە دەرەوە بە دەستەوە ماوە کە بە ڕاستی کەمتر لەو ئاستەن کە بەربەرەکانێی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بکەن. ئەمانە هەموو باس لە ڕاستییەکی ئاشکرا دەکات کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو زەمینەکاندا تووشی لاوازی و ترازان هاتووە. ئەم بابەتانە هەموویان کۆتاییان هاتووە و بوون بە دوو ڕیانێکی ناچاری بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم دوو ڕیانە بریتین لە سەرکوتی ناوخۆ و وەڵام نەدانەوەی دەرەوە و چوونە ناو پرۆسەیەکی خێرای هەڵدێران یان ڕێکەوتن و ملکەچ کردن بەرامبەر بە دۆخەکە. لە ئاکامدا کۆماری ئیسلامی هەرکام لەم دوو ڕێگایە هەڵببژێرێت هەمیسان واقعی مەسەلەکە ئەوەیە کە مەجالی گوشاری خەڵک بۆ سەر حکومەت لە هەموو ئاستەکانیدا فراوان دەبێت و کۆماری ئیسلامی دەبێ بەرامبەر بە خەڵک پاشەکشێ بکات. هەرچەندە سێناریۆی گۆڕانکاری لە ئێران چ بە ڕووخان یان نەڕووخان نەتوانین دیاری بکەین، بەڵام بەم حاڵەشەوە یەک ڕاستی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ناگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرەدەمە زێڕینەی چەند مانگی پێشوو.



PM:09:52:06/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌