ئیتر "شکستەکانی ڕژیم مایەی سەرکەوتن" نین

ئارام بوداغی

کاتی خۆی که شەڕی ئێران و عێڕاق بوو خومەینی وەک دامەزرێنەر و رێبەری رژیمی ئیسلامی بۆ خەڵەتاندنی خەڵک و هاندانیان بۆ بەرەکانی شەڕ، دروشمی سەیر و سەمەرەی دەخسته زاری خەڵکەوه. یەکێک لەو دروشمانه ئەوه بوو: "شکان مایەی سەرکەوتنه". ئەم دروشمەش لەوەوە سەرچاوەی دەگرت که هێزەکانی ئێرانی پەیتا پەیتا دەشکان و دەروەستی هێزی بەرامبەر واته حکومەتی عێڕاق نەدەهاتن. ڕژیمی ئێران بەم دروشمانه بە میلیۆن خەڵکی ئێرانی بەکوشتدا و بریندار و کەم ئەندامی کردن، جگه له ئاوارەیی و ماڵوێرانی و هتد.

هەڵخەڵەتاندنی بیروڕای خەڵکی ئێران بەم جۆره دروشمانه و بەستنەوەی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان به ئیمامی زەمان و خودا و پێغەمبەرەوه پەرەپێدانی خورافەگەری، نەریتی دەسەڵاتدارانی ئەم ڕژیمەیه. ئەوان دەستی غەیبیان لە پشته بەڵام بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان پەنا دەبەنه بەر دروستکردنی چەکی ناوەکی و موشەکی دوورهاوێژ. ئاخر باشه دەسەڵاتێک که حکومەتی نوێنەری خودا له سەر زەوی بێ و جگه له خودا دەستی پێغەمبەر و ئەو گشته ئیمام و ئیمازادانەی له پشت بێ چ حەوجی به چەکی ناوەکی و موشەک و سپا و تیرۆریسته؟ ئەگەر ڕاست دەکەن و خودایان له پشته و دەستی غەیبیان لەگەڵه، چ پێویست دەکات سەرمایەی ئەم وڵاته بە چەکسازی و پیتاندی یۆرانیوم به فیڕۆ بدەن؟ چ پێویست دەکات سپای پاسداران بوودجەی ئەم وڵاته هەڵلوشێ؟ چ پێویست دەکات ئەندامانی سپای پاسداران بەرن له سوریه و یەمەن به کوشتی بدەن؟ بۆچی حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و گرووپ و دەستەی تیرۆریستی دادەمەزرێنن و نان و ئاویان دەدەن؟ دیاره هەموو ئەمانه درۆن دەنا به فوویەک دەکرا ئیسڕائیل و هەموو ئەو دوژمنانەی که بۆخۆیان دروست کردووه، تێکبشکێنن. بەڵام خۆ ڕژیمی ئێران هەر به شەڕ لەگەڵ دەرودراوسێ و نانەوەی شەڕ و ئاژاوه له وڵاتان و پێکهێنانی گرووپ و دەستەی تیرۆریستی نەوەستا، بەڵکوو کەوته شەڕ لەگەڵ هەموو ئەو پێشکەوتنه فەرهەنگی و زانستی و مودێڕنانەی کە تا ئەوکات کۆمەڵگای ئێران به خەبات و ئەزموون و مێژووی خۆی پێی گەیشتبوو. کەوته شەڕ و دژایەتی لەگەڵ مافە میللی و سەرەتاییەکانی نەتەوه بندەستەکانی ئێران و شەڕ له دژی ئازادی و دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ. ئەمەش بەرەیەکی شەڕ بوو کە له ناو ئێراندا و له دژی خەڵکی ئێران کردبوویەوه. ڕژیم هەر له سەرەتای دەسەڵاتییەوه سپای پاسداران و کومیتەکان و گەشتی ساروڵڵا و جوندوڵڵا و تاقم و گرووپی جوراوجۆری بۆ سەرکوتی خەڵک و زەوت کردنی ئازادییەکان دامەزراند. له هەر جێگایەک لەگەڵ بەربەرەکانێی خەڵکی ئازادیخواز بەرەوڕوو بوایەن خوێنیان دەڕشت. ڕژیم بەری لێ گرت هەر له سووتاندنی کتێبەکانەوه بگره تا قەدەغەکردنی هەڵسووڕانی حزبەکان و حیجابی زۆرەملی و زیندانی کردن و ئێعدام و کپ کردنی دەنگی ناڕازییان و ئازادیخوازان بوونه بەرەی شەڕێک کە له دژی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی کردییەوە. واتە ڕژیم بە درێژایی دەسەڵاتی خۆی له دوو بەرەدا شەڕی کردووه یەکیان، هەشت ساڵ لەگەڵ عێڕاق و له درێژەدا لەگەڵ دوژمنە فەڕزییەکانی و دووهەم، لەگەڵ گەلان و خەڵکی ناوخۆی ئێران.

سی و نۆ ساڵه ئەم وڵاته پان و بەرینەی ئێران به نەفت و گازی زۆرەوه و هەموو سەرچاوە سروشتییەکانی و دەسەڵاتی ڕەها و دامودەزگای سەرکوت و ڕاگەیاندان و مزگەوت و زەوی و ئاسمانی له ئیختیاری ئەم ڕژیمەدا بوون. لە شەڕی ئێران و عێڕاقدا شکا و خومەینی به ناچاری "جامه ژەهرەکەی" هەڵدا. بەڵام شەڕ دژی دوژمنی فەڕزی و دوژمنکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل و وڵاتانی ناوچەکە هەر درێژەی بوو. شەڕ دژی ئەمنییەتی ناوچەکه هەر بەردەوام بوو. له سەردەمی دەسەڵاتی ئوباما، که ئەمریکا هێزه سەربازییەکانی له عێڕاق کێشایەوه، هەلێکی باش بۆ ڕژیمی ئێران ڕەخسا تا عێڕاق بخاته ژێر دەسەڵاتی خۆیەوه. پێشتر سوریە و لوبنانی بوو بەڵام ڕێگای وشکانی نەبوو. دوای شەڕی داعش و وێران بوونی شارە سوننەکان (که دروست کردنی داعش و وێران کردنی شارە سوننەکان دەستی ڕژیمی ئێرانی تێدابوو بەڵام ئەوه باسێکی دیکەیه)، ڕێگای وشکانی له تارانەوه بۆ بەغدا و دیمشق بۆ ڕژیمی ئێران کرایەوه. هەڕەشەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و عەڕەبستانی سعودی چەند قات کردەوه. پێشتر له وتارێکدا نووسیبووم ئیسڕائیل جیرانەتیی ئێرانی شەڕخوازی پێ قەبوڵ ناکرێ و ئەمریکا ناتوانێ چاودێری یاغیگەریی ڕژیمی ئێران بێ. سعودیش کە لە شەڕی حوسییەکان گلا و ئێران پشتیوانی ڕاستەوخۆیان لێ دەکات، بۆی قەبوڵ ناکرێ ئێران بەم گشته هەڕەشە و گوڕەشەوه سێ لای وڵاتەکی لێ بگرێ.

سەرکەوتنی هیلالی شیعی بۆ ئێران کاتیی بوو و دوای دەرچوونی ئەمریکا له بەرجام بڕیارەکانی ترامپ دژی ڕژیم هەرچی ڕێسی کۆماری ئیسلامی بوو کردییەوه به خوری. چاوپێکەوتنەکانی ناتانیاهو و لەم دواییانەشدا ترامپ لەگەڵ پۆتین هەمووی لە سەر سازان و پێکهاتن بوون له دژی ئێران. ماوەیەکی کەمیشی ماوه دەوری یەکەمی گەمارۆکان له لایەن ئەمریکاوه دەسپێبکات و ئەمەش باری ئێران گرانتر دەکات. ڕژیمی ئێران بەم دۆخه ئابوورییە شڕ و شپرزەوه چۆن دەروەستی ئیسڕائیل و سعودی و ئەمریکا دێت؟ ئەگەریش ببێته شەڕ (کە ئەمه جارێ ناڕوونه) به چ هێز و پشتیوانییەک دەرەقەتی ئەمریکا و ئیسڕائیل دێ؟ له داهاتوودا شاهیدی ئەوە دەبین ئەگەریش بەشار ئەسەد ئێران له وڵاتەکەی خۆی جواب نەکات، ڕژیمی ئێران ناچار دەکەن هێزەکانی له سوریە و عێڕاق بکشێنێتەوه. بەره بەره، دانه دانە پەڕ و باڵەکانی ڕژیم له ناوچەکه هەڵدەپاچن و دبڕن. بەڵام له شەڕ لەگەڵ خەڵک و گەلانی ئیران به سەرکوت و ئێعدام و کوشتار و زیندانی و زەبر و زەنگ توانیبووی به سەر خەڵکدا زاڵ بێ و دەنگەکان کپ بکات و خەڵک ناچار بکات سەری خۆیان بەردەنەوه. بەڵام ئەم خەڵکە داخ له دڵن، ڕژیم هەموو شادی و خۆشییەکانی ژیانی لێ زەوت کردن، سەرمایەی ئەو ئێرانه بەرینه کەمترین دەرسەدی بۆ خەڵکی ئێرانه، خزمتەگوزاری نەماوه، بانکەکان و کارخانەکان دەمێکه له بەرێکەوه وەرشکست دەبن و دادەخرێن، کرێکاران حەقدەستەکانیان پێ نادەن، بەرهەمی کشت و کاڵی جوتیاران و وەرزێڕان نافرۆشرێ یا ئەگەریش ڕژیم بەشێک لە بەرهەمەکان وەرگرێ له زۆر شوێن پووڵی بەرهەمی ساڵی پاری نەدوانێ، بێکاریی زۆره و هەر پتریش دەبێ، نرخی کاڵا و شتومەک هەر بەرز دەبێتەوه و به خەڵک له کڕین نایەن، خەڵک برسین و برسیتریش دەبن، وشکەساڵی باڵی بە سەر بەشی زۆری ئیراندا کێشاوه جگه له سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕژیم لەگەڵ ژینگە و ئاوەکانی ئێران، لەولاشەوه خۆیان هەر سەرمایەداتر و خۆشگوزەرانتر دەبن، هەرچی سەرمایەی ئەم وڵاتەیه دزیویانه و ئیختلاسەکان بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن. هەموو ئازادییەکی تاکیان له خەڵکی ئێران زەوت کرد و وتیان "ئازادی یانی بەڕەڵایەتی و دووره له شەرع و شئوناتی ئیسلامی"، چارشێو و حیجابیان به سەر ژناندا دا وتیان ئەگەر وانەکەن به ئاگری جەهەننەم دەسووتین (هەڵبەت دەرکەوت مەبەستیان ئاگری جەهەننەمی کۆماری ئیسلامی بوو)، کەچی کچەکانی خۆیان له ئۆرووپا و ئەمریکا و کانەدا بێ حیجاب دەخولێنەوه و له بەهەشتی ڕۆژئاوان و ناشچنه جەهەننەم. مەدرەسەکانیان وەک مەدرەسەی دینی لێ کردووه و دین و خورافه جێی زانستی گرتەوه، کەچی مناڵەکانی خۆیان بۆ خوێندن ڕەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن. بە خەڵک دەڵێن ئەمریکا شەیتانه کەچی بەشێکی زۆر له منداڵی ئایەتوڵڵا و دەسەڵاتدارانی ڕژیم له وڵاتی شەیتان و کافرستان دەژین و پارەی دزراو و زەوت کراوی خەڵکی هەژاری ئێران دەخۆن.

خەڵکی ئێران هەموو ئەمانه به چاوی خۆی دەبینێ و درۆی دەسەڵاتدارانی ڕژیم له خومەینییەوه تا ئێستایان بۆ دەرکەوتووه. ئیدی تازه فریوی دروشمەکان و قەول و بەڵێنە درۆیینەکانی ڕژیم و خورافاتی مەلاکان ناخۆن و لەم ڕژیمه وەگیان هاتوون. مانگرتن و خۆپیشاندانەکان دەرئەنجامی هەموو ئەو ڕاستییانه بوون که له سەرەوه باسم کردن. خەڵک ئازادییان دەوێ و دەیانەوێ ئازاد بژین، ژنان حیجابی زۆرەملییان ناوێ و بزووتنەوه دژی حیجاب وەڕێ دەخەن، کرێکاران ماندەگرن، شۆفیری لۆری و تانکییەکان ماندەگرن، بزووتنەوه خۆڕسکەکان بەدوای یەکدا سەر هەڵدەدەن. لەولاشەوه سەردەم گۆڕاوه و چیتر دەزگای ڕاگەیاندنی ڕژیمی ناتوانێ به درۆکانی چاوی خەڵک ببەستێ. سەردەمی دیجیتاڵ و ڕاگەیاندنی نوێیه و سەتەلایت و ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێگایان به فڕ و فیشاڵ و تەبلیغاتی ڕژیمی لێژ کردووه. ئەوه بەسەرچوو به لێشاو خەڵک بگرن و بکوژن و بێسەروشوێن بکەن کەس پێ نەزانێ. ئێستاکه هێزی ڕژیم هێرش بکەنه سەر دەسفرۆشێک دوای ١٠ خولەک هەموو دنیای لێ تێدەگات. جگه لەوانه نەوەی نوێ هیوا و ئاواتەکانیان بەپێی سەردەمی مودێڕنی ئێستایه. ئاوات و ئارەزووەکانی لاوی ئێستا خۆی نابەستێتەوه به ٤٠ ساڵ لەوه پێش. ئەگەر ساڵان ڕژیم دەنگی خەڵکی کپ کردبوو ئێستا بۆی ناکرێ. نەوە و نەسلی سەردەمی ڕاپەرینی گەلانی ئێران تا مەرامەکانی ڕژیمی ئیسلامییان بۆ دەرکەوت زۆری پێچوو و تازه درەنگ ببوو. هەستی ڕەنج بەخەساریی و بڕوابەخۆنەبوون و ترس و خۆف له ڕژیم و سەرکوتی بێبەزییانه، نەیهێشت پشت ڕاست بکەنەوه. بەڵام نەوەی ئێستا وا نین. ئەزموونی شکستیان نییه و بڕوابەخۆن. ئازادییان دەوێ، کار و نانیان دەوێ، ماڵ و ژیانیان دەوێ و هتد کە هیچکام لەمانه له چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا بەدی ناکرێن.

بەم پێیه، بەم ئاکامه دەگەین ڕژیم له ناوخۆی ئێرانیشدا و له شەڕ دژی خەڵک و گەلانی ئێرانیش سەرکەوتوو نەبووه. زوڵم له خەڵکی ئێران له لایەن ڕژیمەوه ئەوەنده زۆره تازه ئەگەر دەسەڵاتداران لەگەڵ ئەمریکاش بسازێن خەڵک هەر ناکشێنەوه و دەسبەردار نابن. له ڕاستیشدا هەر دەبێ وابێ. کۆماری ئیسلامی و جیهانبینی و شێوەی دەسەڵاتداری و یاسا و فەرهەنگ و سیاسەت و ئابووری و ئیدارەی کۆمەڵگا و هەر هەمووی لەگەڵ سەردەمی ئێستای مرۆڤایەتی ناتەبایه. دەسەڵاتی ئەم ڕژیمه مەحکوم به شکان و تێداچوون و نەمانه. هەر دەسەڵاتێک خۆی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان و مرۆڤایەتی سەردەم نەگونجێنێ و خۆی بەڕۆژ نەکاتەوه، گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێ. گەلانی ئێران ئازادی و دێمۆکراسی و مافی نەتەوەیی خۆیان دەوێ و بە گشتی حکومەتی هەڵبژێردراوی ڕاستەقینەی خۆیان دەوێ که لە هەڵبژاردنێکی ئازادانەدا به دەنگی خۆیان بیهێننه سەر کار، یاسایەکی ئەمرۆیی به پێی پێوەرەکانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی جیهانیان دەوێ و چیدیکه نایانەوێ له ژێر بار و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیەدا بن و تاقه کەسێک بڕیاریان بە سەردا بدا. دەسەڵاتی ڕەهای ویلایەتی فەقیەیان ناوێ که بڕیار بۆ جۆری پۆشاک و خۆراک و هەستان و دانیشتنی تاکەکانی کۆمەڵگاش بدات. خەڵکی ئێران چی دیکه ئەم یاسایەی ئێستای قەبووڵ نییه که هەموو ئازادییەکانیان لێ زەوت دەکات و کار و نانیان نییه و ئەگەریش دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن هەر بەپێی ئەم یاسایه بگیرێن و بکوژرێن.

بەپێی ئاماری ڕژیم ڕێژەی دەنگدەرانی ڕێفڕاندۆمی ١٢ی گوڵانی ١٣٥٨ی هەتاوی ٢٠ میلیۆن و ٢٨٨ هەزار و ٨٥١ کەس بووه. بەڵام ساڵی ١٩٩٦ی هەتاوی ٥٦ میلیۆن و ٤١٠ هەزار و ٢٣٤ کەس مافی دەنگدانیان بووه. ئەودەم ڕژیم وتی سەتی ٩٨ی خەڵک دەنگی "بەڵێ"یان داوه به کۆماری ئیسلامی، که درۆ بوو و بۆ وێنە گەلی کورد دەنگی "نا"ی دا بەر ڕژیم. ئەگەر ئێستا هەر ئەم گشتپرسییە جارێکی تر به چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکان و له دەنگدانێکی ئازاددا بەڕێوەبەرن ئەگەر وای دابنێین دیسان ٢٠ میلیۆن کەس دەنگی پێ بدەنەوه که وا نابێ، هێشتا دەنگ ناهێنێتەوه. دیاره خەڵکێکی زۆریش له دەنگدەرانی ساڵی ١٣٥٨ی ئێران له ژیاندا نەماون و بەشێکی یەکجار زۆریش لەو خەڵکەی دەنگەیان بە ڕژیم داوه پەشیمانن. بۆیه لای زۆرینەی هەره زۆری خەڵکی ئێران، ڕژیمی ئیسلامی شەرعییەتی نییه و خۆیان له هەڵبژاردنی ڕژیمی ئیسلامیدا تەمەنیان بڕی نەکردووه دەنگ بدەن یا هەر له دایک نەبوون.

له کۆتاییدا ماوه بڵێم ئەم هەڕەشه و گوڕەشەیەی خامنەیی و ڕووحانی و قاسم سولەیمانی و باقی سەرانی ڕژیم هیچ پشتیوانییەکی له لایەن خەڵک و گەلانی ئێرانەوه لێ ناکرێ. ڕژیم بەر له دامەزرانییەوه پشتی به لات و چەقۆکێشان بەستبوو و مەلاکان و لاتەکان لێک نزیک بوون و هاوپیاڵه بوون. دواتر که ڕژیم به دەسەڵات گەیشت بۆ داسەپاندنی یاساکانی به سەر خەڵکدا و بۆ سەرکوتی ئازادیخوازان لەو لات و چەقۆکێشانه کەڵکی وەرگرت. ئەدەبیاتی لاتەکان به ئاشکرا له ئەدەبیاتی مەلاکاندا بەرچاو دەکەوێ و لاتەکانیش خۆیان وەک وەچەی عەلی ئیمامی یەکەمی شیعەکان دێتەبەرچاو. ئەم هەڕەشە و گوڕەشەیەی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران لەم کولتوورەوه سەرچاوه دەگرێ، واتە له کولتووری لاتیگەری، جگە لەوەش تەبلیغاتێکه بۆ هێزەکانی خۆیان. هەروەها کێشەی باڵەکانی ڕژیم زۆر لەوه قووڵتره که بەم تەبلیغاتانه لێک گرێ بدرێنەوه. ئەگەر زەمانی شەڕی ئێران و عێڕاق خومەینی وەک ڕێبەرێکی کارێزما و فریوکار خەڵکی بۆ بەرەکانی شەڕ دەوروژاند و هێشتاش خەڵک ڕژیمی ئیسلامییان نەناسیبوو، خۆ ئێستا خەڵک ئەو خەڵکەی جاران نییه و کوماری ئیسلامیش لای خەڵک سومعە شکاوه و وەک داگیرکەری ئێران لێی دەڕوانن و ئیتر خەڵک خۆیان بۆ ئەم رژیمه به کوشت نادەن. جگه لەوانه سەرانی ڕژیمی ئیسلامی باس له ئیقتدار و توانایی خۆیان دەکەن، بەڵام لەو ڕۆژانەدا له هەوڵی ئەوەدا بوون ٣٠٠ میلیۆن یۆرۆ، پارەی ڕژیم له ئاڵمان بگەڕێننەوه و بۆیان نەدەکرا و ڕژیم سواڵی پارەی خۆی له ئاڵمان دەکات. ئەوە چ ئیقتدار و شکۆ و گەورەییەکه که سواڵی سەرمایەی خۆیان له وڵاتان دەکەنەوه؟ دوای دەرچوونی ئەمریکا له بەرجام ئەگەرچی وڵاتانی ئۆرووپا مانەوه، بەڵام له باری ئابوورییەوه ناتوانن یارمەتیی ڕژیمی ئێران بکەن. بانکەکان و کۆمپانیا گەورەکانی ئۆرووپا له ترسی جەریمه و گەمارۆی ئەمریکا ناوێرن هاوکاریی ڕژیمی ئێران بکەن یا سەرمایەکانیان له ئێران بخەنه گەڕ. دەی ڕژیمی ئێران بەم ئابوورییە داڕماوه که هەیەتی، به چ پاشخانێکی ئابوورییەوه دەکەوێته ڕەقابەتی ئەمریکا؟ هەر بۆیه چیدیکه ڕژیم ناتوانێ به دروشمی "شکان مایەی سەرکەوتنە"، خەڵک ڕەوانەی شەڕ بکات و بە کوشتیان بدات. ئێستا ئیدی شکست یانی شکان و لەناوچوون، ڕۆژی شکان و ڕووخانی ڕژیم نزیکه و مانگرتن و خۆپیشاندان و بزووتنەوەکان مزگێنیی ئەم ڕۆژەیان پێیه.



PM:09:48:06/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 562 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌