ڕێگاکانی مەرگ

 

سەبارەت بە ڕێگاوبانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات

ناسر خورشیدی

ڕێگاکانی کوردستان یان باشتر بنووسم ڕێگاکانی گەیشتن بە مەرگ ڕۆژ نییە ڕووداوگەلی دڵتەزێن و ناخۆش بەخۆیەوە نەبینێت. ڕووداوەکان یەک و دوان نین و چرکەساتین و چرکە بە چرکە ڕوو دەدەن. ڕەنگە خوێنەری ئەم دێڕانە بڵێت ڕووداوی ڕێگاوبان لە هەموو وڵاتانی جیهان و تەواو شارەکانی ئێران ڕوو دەدەن لە وەڵامدا دەبێ بڵێم بڵێ ڕاستە ڕوودەدەن بەڵام گەر بەپێی ئامار و داتاکان بدوێین جیاوازیی زۆرە. لە پارێزگا کوردیەکان ڕووداوەکان زۆر بەڕچاوترن چونکە ڕێژەیان زۆر زیاترە کە لە درێژەدا باسی لێدەکەین. سەرەتا با بە ئامار و ڕێژەی ڕووداوەکانی پارێزگا کوردیەکان و جیاوازیی لەگەڵ تاران کە دەبێتە پایتەخت و دوو پارێزگای جیرانی پارێزگا کوردیەکان هەڵیانسەنگێنین و دواتر زیاتر باسەکە دەکەینەوە.

لە حەوتووی یەکەمی گەڵاوێژدا بە گشتی لە ڕێگاو بانەکانی ئێراندا: " ۱۳۰۱ ڕووداویی هاتووچۆ ڕوویداوە. لەم ۱۳۰۱ڕووداوەدا ۲۱۹کەس گیانیان لە دەس داوە و ۲٨۹۹ کەسیش بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون." بەڵام با بزانین لەم حەوتوویەدا دۆخی پارێزگا کوردیەکان چۆن بووە. یەکەم، پارێزگای ورمێ هەر لە ماوەیەدا: "۹۰ ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە کە لەم ژمارەیە ۱۴کەس کوژراون و ۱۷۴کەسیش بریندار و نێردراونەتە نەخۆشخانەکان". دووهەم، پارێزگای سنە: " ۱۷ ڕووداوی هاتووچۆ کە لەم ژمارەیە ۱۳ کەس کوژاو و ۴۷کەس بریندار و نێردراونەتە نەخۆشخانەکان". سێهەم، پارێزگای کرماشان: "۴۴ ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە لەم ژمارەیە ۳۰کەس کوژاون و ٨۴کەس بریندار بوون و نێردراون بۆ نەخۆشخانە". چوارەم، پارێزگای ئیلام: "۱۴ ڕووداوی هاتووچۆی بووە و لەم ژمارەیە ۴کەس کوژرا و ۱٦ کەس بریندار بوون و نێردراون بۆ نەخۆشخانە". بەڵام با چاو لە ئاماری دوو پارێزگای جیرانی پارێزگا کوردیەکان بکەین کە لە زۆر ڕووەوە لە یەک نزیکن. سەرەتا پارێزگای تەورێز: "۴۰ڕووداوی هاتوچۆی بووە ۳کوژراو و ۱۰۵بریندار. "پارێزگای هەمەدان: "۹ ڕووداوی هاتوچۆ کەس نە کوژاوە و تەنیا ۲٦ کەس بریندار بووون". با بزانین پایتەختی ۱۴ملوێن کەسیی ئێران واتە شاری تاران چۆنە: "۷٦ ڕووداوی هاتوچۆی بووە کە لە ئاکامدا ۹کەس کوژرا و ۹٦ کەسیش بریندار بوون". ئەم ئامارانە خۆی دەرخەری مەرگبار بوونی جادەکانی کوردستانن. ئەوە لەحاڵێکدایە کە حەوتووی یەکەمی گەڵاوێژ بە هۆی ئەوەی کە کامیۆنداران لە مانگرتندان لە زۆربەی شارەکان، کە ژمارەیان لە ۱۲۰شار زیاترە و وەرزی سەفەریش نییە، بەگشتی ڕێگاکانی کوردستان ئارامە بەڵام نزیکەی ۲٨ لە سەدی مەرگی ناو ڕووداوەکانی ئێران تایبەت بووە بە کوردستان کە ژمارەی کوژراوەکان ٦۱ کەس بووە. (ئامارەکان لە ١٣٩٧/٠٥/٠١ تا ١٣٩٧/٠٥/٠٨لە سایتی فەرمیی ڕووداوەکانی هاتوچۆی کۆماری ئیسلامی ئێران وەرگیراوە).

کاتێک دەڕوانینە ئەم ئامارانە خۆیان دەرخەری دۆخی ڕێگاوبانی کوردستانن. ڕێگاوبانی کوردستان لەم ۴۰ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا دەبینین گەشەیەکی نەکردووە لەچاو شاران و پاریێزگاکانی تری ئێراندا. پارێزگای تەورێز هەموو ڕێگاکانی ئۆتووبانە تا دەگاتە شارە کوردەکان و پارێزگای وڕمێ، ئیتر لەمە بە دوا دۆخەکە ۱٨۰ دەرەجە دەگۆڕدرێت. کە دەگەیتە ڕێگای میاندواو_بۆکان دەبینین کە بە گەشەپێدانی ڕێگاوبان زۆر خاوە. ئەم ڕێگایە کە دەبوو ساڵی ٨۹ تەواو بووبا هەنووکەش کۆتایی پێنەهاتووە و یەکێک لە شارەکانی مەرگ بە ئەژمار دێت. یەکیتر لە مەرگبارترینی ڕێگاکان ڕێگای"سەقز_بۆکان "ە (لە یەک مانگدا زیاتر لە دوازە کەس تەنیا لەم ڕێگایەدا کوژراون و ۱۱کەس بریندار بوون) و "سەقز _مەریوان" ، "مەریوان سنە" ئەوە درێژەی ئۆتووبانەکەی پارێزگای تەورێزە کە کاتێک گەیشتە شارە کوردەکان خێرایی ئەم پەرەسەندن و گەشەپێدانە خاو دەبێتەوە و وەک خۆیان دەڵێن هەر بەردەوام خەریکن کاری لێ‌دەکەن.

پارێزگای وڕمێ بە هۆی ئەوەی کە پارێزگایەکی دوو نەتەوەییە و لەوێدا چەوساوەیی کورد هەر بە ڕێگاوبانەکەیدا ڕوون و بەرچاوە. ئەم پارێزگایە پێکهاتووە لە دوو نەتەوەی کورد و تورک کە نزیک ٦۴لە سەدی پارێزگاکە لە کورد پێکهاتووە. بەشی شارە تورکەکان لە هەموو بوارێکەوە بەتایبەت ڕێگاوبانیەوە گەشە سەندووە بەڵام بەشی شارە کوردەکان لە ڕێگای پیرانشارەوە بگرە تا بۆکان ڕێگاکان مەرگبارن و لە جادەی " مەهاباد_بۆکان" (جادە بورهان) بە تایبەت لە وەرزی سەرمادا ڕۆژ نییە چەندین ڕووداوی هاتووچۆ ڕوونەدات و کووشتە و برینداری لێ‌نەکەوێتەوە.

بەڵام با بە پرسیارێکەوە درێژە بەباسەکە بدەین و باسەکە بەرفراوان بکەین. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە هۆی کوژران و برینداریی خەڵک لەو ڕێگاوبانانە چییە؟ وەڵام دانەوە بەم پرسیارە چەن ڕەهەند لە خۆی دەگرێت کە بریتین لە: "ستاندار نەبوونی ماشێن، ستاندار نەبوونی ڕێگاوبان، سنووری باشماخ و هاتوچۆی تانکێرەکانی نەوت و بارهەڵگرەکان لە ڕێگاکانی کوردستان" کە هەر کامیان لە خوارەوە بەپێی مەجال باسی لێ‌دەکرێی.

یەکەم: "ستاندارد نەبوونی ماشێن و سەنعەتی ماشێن‌سازی و هاوردە کردنی ماشێنی ناستاندارد لە ئێراندا ، کە ئەم کێشەیە کێشەیەکی گشتیگیرە وبۆ تەواویی ئێران ئەم کێشەیە هەیە، و یەکێک لە هۆکارەکانی کوژرانی ۲۱۹ کەس تەنیا لە یەک حەفتەدا لە تەواویی ئێران بەشێکی زۆری هی ئەم کێشەیەیە. لە ئێراندا ماشێنگەلێکی وەک پراید کە هیچ بەشێکی ئیستانداردە جیهانیەکانی لەخۆی نەگرتووە بەڵام بە هۆی هەرزان و کەم مەسرەف بوون زیاترین فرۆشی هەیە لە ئێراندا و لە هەمان کاتیشدا زیاترین تێچووی گیانی ڕووداوە و بەشی هەرە زۆرە ڕووداوکانی هاتوچۆ هی ئەم مۆدێل ماشێنەیە و کۆماری ئیسلامی هیچ هەوڵێک نادات تا ماشێن ناستانداردەکان کۆبکاتەوە و لە درێژەدا پێش بە هاتووچۆ لە ناو ڕێگاکاندا بگرێت چونکە بۆ سەرکردەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامی داهاتێکی سەرنجڕاکێش و خەیاڵییان هەیە.

دووهەم: "ستاندارد نەبوونی ڕێگاوبانە کە ئەم کێشەیە لە کوردستان هەر ئەو جۆرەی لە ئامارەکاندا باسم لێ کرد بە ڕوونی دیار و بەر چاون لە چاو پارێزگاگەلێکی وەک تەورێز و هەمەدان کە تا ڕادەیەک جوگرافیایەکی هاوشێوەی ناوچە کوردستانیەکانیان هەیە. دەبینین ئەوان گەشەسەندووترن و زۆربەی ڕێگاکانی هاتوچۆیان بە تایبەت شارەگەلی گرینگەکانیان ئۆتووبانن و لە دۆخێکی زۆر باشدان. گەشەسەندوویی ڕێگاوبانی ئەوان پێچەوانەی ڕێگاوبانەکانی کوردستانن. ڕێگاکانی کوردستان تەسک و پڕ هەوراز و نەشیو و باریکن و بە گشتی ناستانداردن. ڕێگای سەقز_مەریوان یان مەریوان_سەقز جگە لەوەی هیچ ستاندار نین زۆر جێگای خاکین و قیرڕێژیش نەکراون ئیتر چ بگات بە ستاندارد بوون! ئیستاندارد بوونی ڕێگاوبان دەتوانێت یارمەتیدەری گیانی کۆمەڵانی خەڵک بێت و وەک شارەکانیتر ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم بکاتەوە و کەمتر خەڵک گیانیان لە دەست بدەن".

سێهەم: "کێشەیەکی دەیکە بوونی سنووری باشماخە کە هاتووچۆی تانکێرەکانی نەوت و بارهەڵگرەکان و هاوردە و هەناردەکردنێکی زۆر لە خۆی دەگرێت. گەر بوونی سنووری باشماخ ببوایە بە هۆی گەشەی کوردستان و ڕێگاکانی بە هۆی هاتووچۆی زۆریەوە بەرەو ستاندارد بوونی ببردبا زۆر باش دەبوو بەڵام بە هۆیناستاندارد بوونی ڕێگاکانی کوردستان، تەنیا بۆتە هۆی خوڵقانی ڕووداوگەلی هاتوچۆ و ئەم ڕووداوانە بەردەوام درێژەی هەیە و تێچووی مرۆیی و ژینگەیی زۆری بە گشتی بۆ کوردستان و بە تایبەتی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە لێ‌دەکەوێتەوە. دوایین ڕووداوی ئەم تانکێرانە، کە تڕاژدیایەکی خوڵقاند، هی شەویی ۱۹ لەسەر ۲۰ی پووشپەڕ بوو کە تانکێرێکی نەوت خۆی بە ئۆتوبوسێکی سنە_تاراندا دا و لە ئاکامدا تانکێرەکە تەقیەوە و ۲۷کەس گیانیان لە دەست دا. ئەم ڕووداوانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دووپات و چەند پات دەبنەوە و هەر ئەو جۆرەی باسم کرد خەساراتێکی ژینگەیی و مرۆیی گەورەی لێ‌دەکەوێتەوە. لە ساڵی ۱۳٨۵ هەتاویدا دوای ئەوەی کە سنووری باشماخ بوو بە سنووری فەرمی، هاتوچۆی ئەم تانکێرانە دەستی پێکرد بێ ئەوەی کە سەرەتا دۆخی ڕێگاوبانی ئەو ناوچەیە چاک و ستاندارد بکرێت. ڕێگای مەریوان_سنە ڕێگایەکی ۱۳۵کیلۆمەتری و پڕ پێچ و خەم و هەوراز و نەشیوە کە زۆر دۆخێکی نالەباری هەبوو و ئێستا لە ماوەی ئەو ۱۲ ساڵەدا کە ئەم تانکێرانە بەم ڕێگاەدا تێپەڕدەبن و ڕێگاکە نالەبارتر بۆتەوە".

"بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان ڕۆژانە ۳۵۰ کامیۆن لە سنووری باشماخ هەناردە دەکرێت. جگە لەوە ۲٨۰ کانتینێر و ۱۵۰ تانکێر سووتەمەنی دێنە ئەم بەری سنوورەکان کە لانیکەم ڕۆژانە ٨۰۰کامیۆن و ترێیلی و تانکێر هاتوچۆ دەکات". داهاتەکانی ئەم سنوورە کە بە بوونی ڕێگاکانی مەرگبارتر کردووە، داهاتێکی خەیاڵییە ڕۆژانە کە گەر سادە و ساکار باسی بکەم بریتیە لە: "لانیکەم لە هەر تانکێرێک و هەر کامیۆنێکی عێراقی ۳۷۰ دۆلار و لە ئێرانیەکان ۳ ملوێن ڕیال پووڵ وەردەگیرێت". ئەم سنوورە تەنیا لە هەشت مانگدا داهاتەکەی بەرامبەرە لەگەڵ: "۴٦۰ ملوێن دۆلار لە بەشی هەناردە داهاتی هەبووە و لە بەشی هاوردەشدا ۳۵ملوێن دۆلاری داهات هەبووە. ۲میلیارد و ۵۰۰میلوێن دۆلار داهاتی ترانزیتی بووە کە تانکێرەکان نزیکەی ۱ میلیار و ۵۰۰ ملوێن دۆلار داهاتی بۆ ئەم سنوورە گرینگە هەبووە". بەڵام چەند لە سەد لەم داهاتە خەیاڵیە خەرجی گەشەی ڕێگاوبانەکانی کوردستان کراوە؟ لە وەڵامدا دەبێت بڵێم تەنیا داهاتەکەی نا ئەمنتر و مەرگبارتر کردنی ڕێگابانەکانی کوردستان بووە و هیچی تری تێدا نەبووە. شارەزایەک لە بارەی سنووری باشماخ و داهاتەکەی دەڵێت: "بە داهاتی ٦ مانگی ئەم سنوورە دەکرێت تەواویی ڕێگاکانی پارێزگای کوردستان ستاندارد بکرێت". واتە بە داهاتی دوو ساڵی باشماخ کۆی چوار پارێزگا کوردیەکە ستاندارد دەکرا و باقیی ئەو ۱۰ ساڵەی دیکە پێشکەشی دەسەڵات خۆی بێت کە بەداخەوە کۆماری ئیسلامی ئەوەی بۆی گرینگ نەبێت گیانی مرۆڤەکانە لە هەمووی گرینگتر گیانی کورد بۆیە لە داهاتەکەی خۆشی بۆی خەرج ناکات".

هەمووی ئەمانە دەگەڕێتەوە بە ڕوانگەی ئەمنیەتی و چەوساندنەوەی کورد لە ناو کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و ئەو ڕوانگەیە لە گەشە نەکردنی کوردستان لە تەواوی بوارەکاندا بە تایبەت ڕێگاوباندا کاریگەر بووە، چونکە ئەگەر ڕوانگەکە ئەمنیەتی و سیاسی نەبا تا ئێستا لە ماوەی ۴۰ساڵ تەمەنی ناموبارەکی کۆماری ئیسلامیدا بەگشتی دۆخی کورد ئەوە نەدەبوو. کورد لە هیچ بوارێکدا پێشکەوتێکی ئەرێنیی بە خۆیەوە نابینێت بەڵام لە بوارەکانیتر کە مەترسیدارە دەبینین یەکەمەکان بۆ کورد مسۆگەر کراوە. یەک لەوان مەرگباربوونی ڕێگاوبانەکانیەتی لەچاو شارەکان و پارێزگاکانی نزیکی تەنانەت چەن خوڵەک دووری لە ناوچە کوردنشینەکاندا بە ڕوونی ئاشکراو بەرچاوە. هەر ئەو نیگا ئەمنیەتیانە سەبارەت بە دۆخی کورد بۆتە هۆی ئەوەی کە نەوتێک کە لە سنووری باشماخ هاوردە دەکرێت، دەیبەن بۆ پاڵاوتن و جیاکردنەوە بۆ شارەکان و پارێزگاکانیتر و هیچ هەلێکی کار لەم بوارەشدا ناخوڵقێنن کە گەر کوشتارە ڕێگاوبانیەکانی بۆ کوردە با لانیکەم گەنجەکانی کورد تێیدا دەس بەکار ببن و بتوانن داهاتێکی بچووکیان ببێت بۆ بژیویی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان.



PM:08:47:05/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 374 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌