کۆچی مێژوویی مەریوان بە ڕابەریی کاک فوئاد و بەڕێوەبەریی کۆمەڵە

عادڵ محەممەدی

زۆربەی خەڵکی ئێمە ئێستاشی لەگەڵ بێت جیاوازیی نێوان بەڕێوەبەری و ڕابەری ناناسن و زۆرجار بەڕێوەبەری بە ڕابەری دەزانن و ڕابەریش بە بەڕێوەبەری. ڕابەری و بەڕێوەبەری سەرەڕای جیاوازیگەلێکی زۆر، بەڵام تەواوکەری یەکتریشن. بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵێک خەڵک یان گرووپێکە بۆگەیشتن بە ئامانجێکی تایبەت و ڕابەری توانایی کەسێکە بۆ کاریگەری دانان لەسەر کەسانێک و تواناکردنەوەیان بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی درووست و گەیاندنیان بە ئامانجێکی تایبەت. بەڕێوەبەر بە هێزو دەسەڵاتەوە خەڵک بەرەو ئامانج دەبات و ڕابەر بەو توانا و کاریزماوە کە هەیەتی. پێش ئەوەی کە باسی جیاوازیەکانی ڕابەری و بەڕێوەبەری بکەین باشتر وایە پێناسەیەکی درووست و ئەمڕۆییمان لەم دوانە هەبێت کە ڕابەر کێیە و بەڕێوەبەرکێیە؟

ئاسانترین و سادەترین پێناسە بۆ ڕابەر ئەوەیەکە "ڕابەری، هۆنەری ورەبەخشین و جووڵاندنەوەی خەڵکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی خووازراو. ڕابەر سەرەتا دەبێت توانای بەخشینی بەرچاوڕوونی و جووڵاندنەوەی خەڵکی هەبێت و خۆی پێش لە هەمووان لەو ڕێگەیەدا بێت کە بەنیازە کۆمەڵگایەکی لەگەڵ بێت. پێویستە کە تاکەکان ئاسۆیەکی ڕوونیان لە داهاتوو و بوونیان لە ڕێگە و ڕێبازی خوازراو هەبێت و ئەمەش کار و توانای ڕابەرە. بەڕێوەبەری زانستێکی گرینگە کە هەر ڕێکخراوێک پێویستی بە بەڕێوەبەرێکی بەهێزە بۆ سەرکەوتن. بەڕێوەبەر ئەرکی ئەوەیە کە تێکۆشان و جووڵانەوەکان بەرەو ئاکامێکی خوازراو ببات و یەکیان بخات. بەڕێوەبەری هونەری کردەوەیی کردنەوەی بیرۆکەکان و ڕێکخستنی کەسەکانە لە گرووپێکی تایبەتدا. بەڕێوەبەری زانستی درووستکردنی دۆخی دڵخواز بۆ کەسەکانە تا لە چوارچێوەی ئەرکە دیاریکراوەکاندا چالاکی و تێکۆشانیان هەبێت. بەڕێوەبەری هونەری زانینی کردەوەی درووست لە کاتی درووست و بە باشترین شێوە و کەمترین تێچووە. بەڕێوەبەری لەڕاستیدا چالاک کردنەوەی کەسەکانە بۆ گەییشتن بە ئامانجێکی تایبەت و ڕێکخستنی بەردەوامیانە لەو چوارچێوەیەدا.

جیاوازیی نێوان بەڕێوەبەری و ڕابەری

جیاوازیی ڕابەری و بەڕیوەبەری دەتوانێت لە ڕەهەندەگەلێکی جۆراوجۆرەوە بخرێتە بەر چاو و باسی لەسەر بکرێت. ئەم جیاوازیانە تەیفێکی بەرینی خاڵەکان لەخۆ دەگرێت لە نێوان ڕابەر و بەڕێوەبەرێکدا. ئەم خاڵانەی خوارەوە هێندێ لە جیاوازیەکانی ڕابەری و بەڕێوەبەریە کە لە کتێبی "لە قۆناخی بوون بە ڕابەرێک" لە نووسینی وارن بێنیسی ئامریکایی ئاماژەی پێدراوە؛

*بەڕێوەبەر (ئیدارە) دەکات، ڕابەر داهێنەرە

*بەڕێوەبەر کۆپیە، ڕابەر خۆیەتی و ئەسڵە

*بەڕێوەبەر ڕاگرە، ڕابەر پەرەپێدەرە

*بەڕێوەبەر لەسەر سیستەم و چوارچێوە کار دەکات، ڕابەر لەسەر کەسەکان

*بەڕێوەبەر کورتماوە دەبینێت، ڕابەر درێژ ماوە

*بەڕێوەبەر پرسیاری چۆن و کەی دەکات، ڕابەر پرسیاری چی و بۆچی دەکات

*بەڕێوەبەر بەردەوام دەسکەوتەکان دەبینێت، ڕابەر بەردەوام چاوی لە ئاسۆیە

*بەڕێوەبەر کار و ئەرکەکان بە باشی جێبەجێ دەکات، ڕابەر کارە باشەکان لە شوێنی خۆی ئەنجام دەدات.

سەرەڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە جیاوازیی بەرچاوی ڕابەر و بەڕیوەبەر لە ژماردنی شیاوی و تێچووەکاندایە. ڕابەر هیچکات جگە لە ئاسۆ هیچیتر نابینێت و هیچ ڕووداوێک هەنگاوەکانی تێک نادات. ڕابەرە ڕاستەقینەکان بەردەوام بەڕێوەبردنی ئەرکەکان بەکەسەکانیتر دەسپێرن و خۆیان ڕابەری دەکەن. لە ڕاستیدا ڕابەرە کە توانا بە کەسەکانی دەورووبەری خۆی دەبەخشێت و ئامادەیان دەکات بۆ ئەرکە گەورەکان و ڕێکخستنی هەر جووڵانەوەیەکی گەورە. بەڕێوەبەر دەسەڵات و هێز درووست دەکات و ڕابەر ئەرزش و بەهاکان.

ڕابەری و بەڕێوەبەریی کۆچی مێژوویی مەریوان

لە کۆچی مێژوویی مەریواندا ڕابەریی کاک فوئاد و بڕیاری مێژوویی خەڵک لە کەس شاراوە نییە و سەرەڕای بەشداری نەکردنی هیچ هێز و لایەنێک جگە لە جەماوەری خەڵکی شارەکە، ئەوە ڕابەری و بڕیاری درووست و بە جێگەی کاک فوئاد بوو کە ئەو ڕووداوەی کرد بە بەردی بناغەی جووڵانەوە مەدەنییەکانی کوردستان و ئێران. لە دۆخی تایبەتی ئەو کاتی ئێران و کوردستان و ڕووداوەکانی چەند هەفتەی پێش کۆچدا، کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانی لە کوردستان بە دوای درووستکردنی بیانوو بۆ کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بە شێوەی نیزامی و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ویستی جەماوەردا بوون. بڕیاری کۆچ و چۆڵکردنی شار، کە دوو پەیامی گەورەی بەهەمووان گەیاند یەکەم، نەپەزێرانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و دووهەم، "نا"وتن بە شەڕخوازی و شەڕفرۆشیی کۆماری ئیسلامی بە خەڵکی مەریوان بوو، بڕیارێک بوو کە سەرجەم پێناسەکانی ڕابەری لەخۆ گرتبوو. بەڕێوەبەری ئەم جووڵانەوە و گواستنەوەی خەڵک بۆ شوێنی تایبەت و سازماندانی ئەو بنەماڵانە و پیر و لاو و منداڵ و ژن و دابەشکردنی ئەرکەکان بە شێوەیەک کە خەڵکی ناوچەکەش بە تەواوەتی هاوکار و یارمەتیدەر بوون، ئەو بەڕێوەبەریە مۆدێڕن و سەردەمیانە بوو کە کۆمەڵە و هاوڕێیانی ئەو کات لە مەریوان بەباشترین شێوە و سەرکەوتووانە جێبەجێیان کرد.

کۆچی مێژوویی مەریوان ڕووداوێک بوو کە تا ئەو کات کەس نموونەیەکی وای نەدیبوو و جووڵانەوەیەکی ناڕەزایی هاوشێوە نە لە کوردستان و ئێران و نە ناوچەکەش نەهاتبووە ئاراوە کە ئەمە خۆی یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ڕابەریە. کۆچی شاری مەریوان و نیشتەجێبوونی خەڵک لە کانی‌میران، توانی لەسەر هەست و بیری کۆمەڵگای ئەو کاتی کوردستان، کە بە تەواوەتی نائارام بوو، کاریگەریی ئەرێنی و بەهێزی هەبێت و پشتیوانیەکەی زۆری خەڵکی شارەکانیتری کوردستانی بەشوێن خۆیدا هێنایە ئاراوە کە ئەوەش دیسانەوە نیشان لە توانای ڕابەریی کاک فوئاد بوو لە پەرەپێدانی جووڵانەوەیەکدا کە خەریک بوو ببێت بە بزووتنەوە. سازماندانی خەڵکی شارەکانیتر و ڕێپێوانیان بەرەو مەریوان و گەیاندنی دەنگی یەکبوون و هاودەنگ بوون لەگەڵ بڕیاری مێژوویی مەریوان، بەڕێوەبەری کۆمەڵە و سیستمی بە هێزی ڕێکخستنی ئەو کاتی بوو کە ڕێگەی نەدا ورەی خەڵک تێکبشکێت و دۆخەکەی بەرەو باشتربوون دەبرد.

کەسایەتی و کاریزمای کاک فوئاد کاریگەریی سەرەکیی لەسەر تاک بە تاکی بەشداربووانی جووڵانەوەیەکی مەزن بوو کە بە کۆچی مێژوویی مەریوان دەیناسین. کاک فوئاد بە درووست ترین و بە جێگەترین بڕیارەکان لەلایەکەوە و بوونی بەردەوام لەناو جەماوەر و ئامادەکردنیان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک توانی تاکەکان بکات بە بەڕێوەبەر و ئەمەش خۆی یەکێک لە فاکتەرەکانیتری ڕابەریە. کۆمەڵە بە ڕێکخستنی سیستم و ئامادەکاریی چۆنیەتی و سازماندانی خەڵک، بەڕێوەبەریی کۆچێکی کرد کە بووبە مێژوویەکی دەرەوشاوە بۆ کوردستان. ئەوەی لە مەریوان و کانی‌میران ڕوویدا کە گەیشت بە شارەکانیتری کوردستان و تەنانەت دەسەڵاتی پاوانخواز و خۆسەپێنەری کۆماری ئیسلامی ناچار بە دانوستان و پاشەکشێ کرد، لە جێگەی خۆبوونی ڕابەر و بەڕێوەبەر بوو. ڕابەر پێویستە توانا و ورە بە تاکەکان ببخشێت و بەڕێوەبەر سیستمی تواناسازیی کەسەکان ئیدارە بکات. مەریوان و کۆچی خەڵکی ئەو شارە باشترین سەرچاوەیە بۆ فێربوونی چۆنیەتیی ڕابەری و بەڕێوەبەری تەنانەت لە ئەمڕۆی خەباتی بزووتنەوەی خەڵکی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەتی کوردستانی ڕۆژهەڵات.



PM:07:58:04/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 555 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌