خوشک و برایەکی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو دەستیان دایە خۆکوژی

بە پێی هەواڵێک کە بەناوەندی هەواڵی رۆژهەڵات گەیشتووە، رۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژ ١٣٩٧ خوشک و برایەکی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو بە خواردنی حەب و دەرمان دەستیاندایە خۆکوژی

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە ڕؤژهەڵات گەیشتوون، ئەم خوشک و برایە کە ناوەکانیان (ئێران و فەرەیدوون) خدرییە، بە هۆی بووملەرزەکەوە و پێڕانەگەیشتنیان لە لایەن بەرپرسانەوە لە باری دەروونییە تێکچوون.

بە پێی ئەم هەواڵە ، ئێرانی تەمەن ١٩ ساڵ بە خواردنی دەرمان خۆی کوشتووە، فەرەیدوونی براشی بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوژی داوە کە بە هەوڵ و تەقەلای کەسانی نزیکی توانراوە رزگار بکرێت و بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە لە هەفتەی رابردوودا ٥ کەس لە شاری سەرپێڵ زەهاو، دەستیان داوەتە خۆکوژی و ٤ کەسیان بەم بۆنەوە گیانیان لە دەستداوە.

ئاسۆی رۆژ لەمبارەوە پەیوەندی کردوە بە یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری سەرپێڵەوەو وێڕای پشتڕاستکردنەوە ئەم زانیاریانە رایگەیاند :" بەداخەوە رێژەی خۆکوژی لە شاری سەرپێڵ دوای بوومەلەرزەکە زۆر چۆتە سەرەوە، تا ئێستە ئامارێکی دروست لە بەردەستدا نییە لە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی دوای بوومەلەرزەکە دەستیان داوەتە خۆ کوژی."
ئەم چالاکە مەدەنییە هۆکاری سەرەکی چوونە سەرەوەی رێژەی خۆکوژی لە سەرپێڵ و ناوچە بوومەلەرزە لیدراوەکان بۆ هۆکاری ئابووری و دەروونی و کۆمەڵایەتی گەڕاندەوەو وتی :" لە مانگی خەزەڵوەری رابردوەوە کە بوومەلەرزەکە روویداوە ئێمە شاهیدی ئەوەین کە رێژەی خۆکوژی لەم ناوچانە زیاتر پەرە دەستێنێت. گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر خەڵک زۆر زیاتر بووە. خەڵک ئێستاش لە ناو خێمەدا دەژین. کەمترین خزمەتگوزاریان پێ دەگات. تەنانەت کێشەی ئاوی خاوێنیان هەیە. لە گەرمای سەروی ٤٥ پلەوە لە ناو خێمەدا دەژین. وەعد و بەڵێنەکان لە لایەن حکوومەتەوە جێ بە جێ نابێت. بەر بەوە دەگرن خزمەتگوزاری بەم ناوچانە بگات."

هەروەها لە درێژەدا وتی :" سەرجەم ئەم گوشارە ئابووریانە بووە بە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی و کۆمەڵایەتی. دەسەڵات برینەکانمان ساڕێژ ناکات، بەڵکوو خوێ بە برینەکانماندا دەرژێنێ. خەمۆکی و نەخۆشی خەمۆکی لەم شارە بە ئاشکرا دیارە. شار ئەڵێی رەنگی خۆڵەمێشیت پیا پژاندوە. خەڵک بێ هیوان و ئەوەش کە دەست ئەدەنە خۆکوژی بە هۆی بێ هیواییەوەیە."

ئەم چالاکە مەدەنییەی شاری سەرپێڵ پێڕانەگەیشتنی دەسەڵات بە سەرپێڵ و ناوچەکانیتری بە سیاسەتێک زانی کە دەسەڵات بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەم ناوچەیە رەچاوی دەکات. هەر لەم پەیوەندەدا وتی :" دەسەڵات دەیهەوێت دیمۆگرافی ئەم ناوچەیە بگۆڕێت. خەڵک ناچار بن کۆچ بکەن بۆ ناو شاری کرماشان یان شارەکانیتر. هەم لە باری مەزهەبییەوە ئەم ناوچەیە بگۆڕێت و هەم لە باری زمانییەوە. بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کاکەیی و ئەلحەقن، بەشێکیان موسوڵمانی سوننەن، خەڵکانی شیعە زۆر کەمترن لەم ناوچەیە. لە باری زمانی و نەتەوەیشەوە کوردن. بەڵام دەسەڵات دەیهەوێت دیمۆگرافییەکە بگۆڕێت. بە هۆی هاوسنوور بوون لەگەڵ نەتەوەکانیتر وا بکات ئەوان لەم ناوچەیە جێگیر بن. "

لە بارەی خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەکانەوە هەروەها ئەم چالاکە مەدەنیە وتی :" رووحانی لە سەفەرێکیدا بۆ ناوچەی کرماشان و سەرپێل وەعدی دا کە تا مانگی خەرمانان، خەڵک ببنەوە بە خاوەنی خانوو و ماڵی خۆیان. ماڵ و خانووە ڕووخاوەکان دروست بکرێنەوە. خزمەتگوزاری پزیشکی و ئاو و گاز و ... بە دروستی بگات. ئەوە مانگی خەرمانان نزیکە. پرسیار ئەمەیە چیان کردوە. هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوە. هەر درۆ دەکەن لەگەڵ خەڵک. تەنانەت ئامادە نین وام بدەن بە خەڵک خۆیان خانووەکانیان دروست بکەنەوە. هەر کەسیش (کانێكس) یان (خێمە)ی وەرگرتبێت (وام) ی پێ نادەن. بە گشتی گوشارەکان بۆ خەڵک زیادی کردوەو تا دێت زیاتر دەکات. زستانی پار چەند کەس لە سەرما لە ناو خێمەکاندا گیانیان لە دەستدا. ئەوە ئێستاش لە بەر گەرما خەڵک دەمرن. ٢ مانگتر وەرزی سەرما دەگاتەوە. بەس پرسیار ئەوەیە ئەمانە چییان کردوە جگە لە وەعد و بەڵێنی درۆ."


PM:12:22:04/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 39 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌