ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵه بە بۆنەی دەوری نوێی خۆپێشاندانی جەماوەری لە شارەکانی ئێران

 

گەلی تێکۆشەری کورد

جەماوەری خەڵکی ئێران

 

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەورێکی نوێی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوری شەقامی چەندین شاری ئێرانی گرتۆەتەوە و خەڵکی وەزاڵەهاتوو، پێکهاتوو لە چین و توێژه جیاوازەکان بۆ داوای مافه ڕەواکانیان ڕژاونەته سەر شەقام و بەدانی درووشمگەلی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی خۆیان بەم باروودۆخه دەردەبڕن.

قەیرانی بەڕێوەبەری و مۆدێلی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووه، مۆدێلێک کە پێیان وابوو دەتوانێت بەڕێوەبەرییەکی نوێ و تاقی نەکراوه پێشکەش بە دونیا بکات و بە ووتەی هەندێک لەکاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی "مودیریەتی جیهانی" بکات، بەڵام ئێستا، مودیریەتی خۆشی پێ ناکرێ و قەیرانەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن و زیانەکەشی بەپلەی یەکەم، بەرۆکی چینی کەم داهات و هەژاری کۆمەڵگای  گرتۆەتەوە.

لەلایەکیترەوە لەسیاسەتی نێودەوڵەتیشدا کۆماری ئیسلامی کە ڕۆژانێک بانگەشەی " گۆڕینی بونیادی سیستەمی نێونەتەوەیی" (تغییر در ساختار نظام بین الملل) دەکرد و هەموو وڵاتانی زلهێز و ناوچەیی پێ گەندەڵ و لەکار کەوتوو بوو،  بە ڕەچاوکردنی زیانبارترین سیاسەتی دەرەکی هەر لە هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی ناوچەکه تا لەناو بردنی ئیسرائیل و لەو دواییانەشدا بە دەستێوەردانی لەڕادەبەدەر لە وڵاتانی سووریه، عێراق و یەمەن، زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی بە دژی خۆی هاوهەڵوێست کردووه. گەمارۆ ،ئابووری و سیاسیەکانی وڵاتی ئەمریکاش لەم قۆناغەدا بۆته ترۆپکی هەموو گووشارەکان بۆ سەر،کۆماری ئیسلامی و دەتوانین بڵێین ئابووری ئێرانی خستۆەته سەراولێژی داڕمان، بە جۆرێک کە تمەن بە تەواوی بەهای خۆی لە دەست داوە، تەنانەت پێش دەستپێکی گەمارۆ، ئابووریەکان کە لەڕۆژی ١٣ی گەلاوێژەوە دەست پێدەکات و پێدەچێت ئەوەندەی تریش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ئێڕان دانێت.

بۆ زۆرینەی خەڵکی ئێران،  لە مێژساڵە کۆماری ئیسلامی شەرعیەتی سیاسی و بەڕێوەبەری نەماوە، ناکارامە بوونی ئەم سیستەمە،  سەرجەمی بوارەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگای گرتۆەتەوە: داڕمانی ئابووری، قەیرانی کەلتوور و ئەخلاق، قەیرانی سیاسی، نەبوونی ئازادی تاک و کۆ، پرسی ژنان و نەڕەخساندنی هەلی کار، قەیرانی بێ ئاوی و بێ بەرقیش نوێترین کێشەن کە لەسایه سەری کۆماری ئیسلامیەوە بەرۆکی خەڵکی گرتووه. هەموو ئەم کێشه کەڵەکەبووانەن کە چێتر بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی بە کاتیش بۆیان چارەسەر نابێت و خەڵکی ڕژاندۆەته سەر شەقام و درووشمی نەمانی کۆماری ئیسلامی خستۆەته سەر زاریان.

لە خۆپێشاندانەکانی بەفرانبارەوە تا ئێستا، ئەوەی زۆر سەرەنجڕاکێشه ئەوەیه کە بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتوو هیچ جیاوازییەک لە نێوان باڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا نەماوە، پێکەنینه درۆیینەکانی بەناو ڕیفۆرمخوازەکان ئیتر لای خەڵک ڕەنگی نەماوە و ئەوەی دەبێ بڕوا و نەمێنی سەرجەمی کۆماری ئیسلامییه نەک ئەو باڵ یان فڵان کەس، بەڵکوو هەموو نیزام دەبێت بڕوات.

 

کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆماری ئیسلامی بە سەرچاوەی هەموو ئەو قەیرانانه دەزانێت و پشتیوانی تەواوی خۆی لە داخوازیەکانی سەرجەم خەڵکی ئێران دەکات، ئاشکرایه بۆ خەڵکی کوردستان ماهییەتی کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕوون بووه و کوردستان بێ ڕاڕایی هەموو کات بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی لە سەنگەری یەکەمی مقاومەت و وەستانەوەدا ،بووە. نەمان و لەناو چوونی کۆماری ئیسلامی بە دڵنیاییەو بۆ ئێمەی کورد زۆرترین دەستکەوتی دەبێت، هەروەک چۆن مانەوەی کۆماری ئیسلامی تا ئیستاش بەشی زۆرتری زیانەکەی بۆ ئێمە بووه، بۆیه بەشداری کردن لە هەرچەشنه ناڕەزایەتییەک کە کۆماری ئیسلامی لاوازتر دەکات و کۆمەڵانی خەڵک لە سەرکەوتن نزیکتر بکاتەوە ئەرکی هەموومانه، بە دڵنیاییەوە لە کاتی گوونجاودا کوردستان بە درووشم و ئاجێندای خۆیەوە دیته ڕیزی پێشەوەی وەستانەوە بەرانبەر  بە،کۆماری ئیسلامی.

 

کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی

١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی

٤ی ئۆگۆستی ٢٠١٨


PM:12:19:04/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 1760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌