نان، کار، ئازادی سەبارەت بە ژیان نرخی کار و نەبوونی مافی ناڕەزایەتی

ناسر خورشیدی

لە ژمارەی پێشوو واتە ژمارەی ۱۵۲ی مانگنامەی ئاسۆی ڕۆژهەڵات و ژمارەکانی پێشووتری باسی نان، کار، ئازادیمان کردووە و لە ژمارەی پێشووی ئەم مانگنامەیەدا لەگەڵ یەکێک لە ڕێبەرە کرێکاریەکانی ئێران کاک مەحموود ساڵەحی، ئەم بابەتەمان هێنایە بەرباس و لە زۆر بواردا تاوتوێمان کرد. لەم ژمارەیەشدا لە ڕەهەندەکانیتریەوە دەیهێنمە بەر باس بۆ خوێنەران و زیاتر باسی لەسەر دەکەین. سەرەتا لە بواری بژێوی و گوزەرانی خەڵکەوە دەچینە ناو باسەکەوە. بە بڕوای کارناسان و ڕێبەرانی کرێکاری لە دەسپێکی ساڵی نوێوە تا ئێستا توانایی کڕین لە چاو ساڵی پێشوو نزیکەی هەشتا لە سەدی دابەزیوە و توانایی کڕین لەناو خەڵکدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و زیادکردنی بیست لە سەدی حەقدەستی کرێکارانیش بێ کەڵک بووە و هیچ گۆڕانێکی لە ژیانیاندا پێک نەهێناوە. گرانی لەم ماوەیەدا بە خێراییەکی سەرسوورهێنەرەوە نرخی پێداویستیەکانی ژیان بەڕزدەکاتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ گیرفانی خەڵک بەتاڵتر و سفرەکان بێ بەشتر دەکات. بازاری دۆلار و زێڕ دەرخەری لەیەکترازانی دۆخی شێواوی بازارڕەکانی ئێرانە. گەر چاو لە نرخی دۆلار لە پووشپەڕی ساڵی ۱۳۹۵و ۹٦ بکەین دەیبینین جیاوازیەکی ئەوتۆیان نەبووە و دۆلارێکی ئامریکا ۳ هەزار و ۷۷۵ تمەن بووە لە پووشپەڕی ساڵی ۹۵ی هەتاویی و لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ۹٦ بۆتە ۳۷۷۴تمەن ئەمە لە کاتێک دایە کە پووشپەڕی ئەم‌ساڵ دۆلار تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە ۲۲۵ لە سەد نرخی بەرز بۆتەوە و گەیشتۆتە ٨۵۰۰تمەن و سکەش لەچاو ساڵی ڕابردوو واتە پووشپەڕی ساڵی ۹٦ی هەتاویی نیزیکەی ۲۵۰ لە سەد نرخی بەرز بۆتەوە. نرخی سکە ۱ملوێن و ۱٨۰ هەزار تمەن بوو بەڵام لە پووشپەڕی ئەم ساڵدا نرخی سکە ۲ملوێن و ۹۵۰هەزار تمەنە. خەڵکێکی زۆر سەبارەت بە دابەزینی ئەرزشی پووڵیی ئێران ڕوویان لە بازاری زێر و دۆلار کردووە و پووڵەکاناین لە بانکەکان دەردەهێشن و دەیدەن بە دۆلار یان زێڕ کە قیمەتەکان چرکەیی دەگۆڕێت.

بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندی لە دەسپێکی مانگی جۆزەردانی ئەم‌ساڵ تا دەسپێکی پووشپەڕ، نرخی هەڵاوسان ۱۳ لە سەد بووە. لە کۆتایی ساڵی ۲۰۱۷بانکی جیهانیی پووڵ نرخی هەڵاوسانی ئێرانی ۹/۹ ڕاگەیاندبوو و خۆشبینیش بوو کە دۆخی ئابووریی ئێران باشتر دەبێت بەڵام چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، هەڵاوسان و گرانیەکی زۆری خستە ناو بازاڕەوە و جگە لە گرانی و هەڵاوسان نەبوونی کەل و پەلیش لە بازاڕی ئێراندا خۆی گرفتێکی نوێیە بۆ بازاڕ لە ئێراندا. چونکە هەم دۆلار نرخی زۆر بەرزە و ئەرزشی تمەن دابەزیوە و هاوردە کردنی ئەستەم کردۆتەوە. هەروەها خۆراک لەم ماوەیەدا لە نێوان ۱۵ بۆ ۵۰ لە سەد گرانتر بۆتەوە ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەموو بنەماڵەکان لە ئێراندا هەژارتر بوون. بەپێی نرخی دۆلار واتە کرێکارێک کە ساڵی ۹٦، مانگانە ۹سەد و ۳۰هەزاری وەر دەگرت کە دەیکردە ۲۴٦ دۆلار حەقدەست بۆ مانگێکی یەک کرێکار، بەڵام ئەم ساڵ سەدا ۲۰ حەقدەستی کرێکاران لە ئێراندا زیادی کردووە و بۆتە ۱ملوێن ۱۱٦ هەزار تمەن کە بەپێی دۆلاری ٨ هەزار و ۵۰۰تمەنی دەکاتە مانگانە ۱۳٦ دۆلار واتە لە چاو ساڵی ڕابردوو هەر کرێکارێک مانگانە ۱۱۰ دۆلار کەمتر بۆتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە هەموو شتێک گرانڤبووە و سفرەی بنەماڵەکان بەتاڵتر لە هەموو کاتەکانیترە. بارودۆخ لە دەست حاکمیەتدا دەرچووە و تەنیا بەڵێنی درۆ دەدات بە خەڵکی برسی و باس لە دەسیسەی دووژمن دەکات. گرانی تەنیا لە خۆراک، دۆلار و زێڕدا کۆتایی پێنایەت، گرانی و هەڵاوسان گشت بوارەکانی تەنیوەتەوە و بەرۆکی ماشێن، ماڵ، کرێ دووکان و کرێ ماڵ و کرێ هاتووچۆ، جل و بەرگ، حەقی خوێندن، خزمەتگوزارییە گشتیەکانیشی گرتووە و تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە. لە هەمان کات کە هێندێک لە مانە چرکەیی نرخیان دەگۆڕدرێت لە بازاڕیشدا کەم دەبنەوە و دەستیش ناکەون و هێندێک لە بازاڕیان و بازەرگانان پاشەکەوتی دەکەن و نایخەنە بازاڕەوە کە ئەمەش بۆتە هۆی گرفتێکی گەورە لە ناو بازاڕەکانی ئێراندا. جگە لە بچووک و بەتاڵ بوونەوەی سفرەکان ئەوەی کە دەخورێت ئەرزش و کالۆریەکی وەهای نییە و ئەوەش لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی گەوره بۆ کۆمەڵانی خەڵک هەم لە ڕووی جەستەییەوە هەم ندرووستیی کۆمەڵانی خەڵک لە ئێراندا.

جگە لە گرانی و نەبوونی شمەک و کەلوپەل و سفرەی بەتاڵ ئینجا نۆبەی بێ کاری و نە پارێزراوی کارە. گرانیی دۆلار و نا سەقامگیریی نرخ وای کردووە کە شیرکەتەکان و کارگەکان نەتوانن کەرەستەی پێویست بکڕن هەر بۆیە زۆربەی کرێکاران و کارمەندانیان لەسەر کار یان دەردەکرێن یان کاتی کارکردنیان کەم دەکەنەوە تا حەقدەستی کەمتر بدەن.

بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئەوەی بۆی گرینگ نەبووبێت کۆمەڵانی خەڵکەکەی بووە، کاربەدەستان دەتوانن بە پاڵپشتی کردن لە شیرکەت و کارگەکان بە ئاسانی ببنە هۆی درێژەپێدان بەکارکردنی کرێکاران بەڵام کاربەدەستان جۆرێک هەڵسوکەوت دەکەن کە گۆیا وڵاتی ئێران هیچ کێشەیەکیان نەبێت و خەڵک لە تێریدا دڕوشمی مەرگ بۆ کرێکاریان هەڵبژاردبێت! مەرگ بۆ کرێکار دروشمی کرێکارانی بێ هیواو بێ پشتوو پەنایە کە جگە لەم دروشمە هیچی تری بۆ نەماوەتەوە. هێندێک لەم کرێکارانە زیاتر لە شەش مانگە حەقدەستیان وەدوا کەوتووە کە هیچ کەسیش نییە ئاوێێکیان لێبداتەوە. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کرێکاران بەچی دەژین؟ یان کارێک بوونی نییە کە ببێتە سەرچاوەی ئابووری گەر بوونیشی هەبێت حەقدەست لە کاتی خۆیدا نادرێت، گەر لە کاتی خۆشیدا بدرێت بەشی هیچ ناکات. چون گرانیی کارێکی کردووە کە کرێکار ناتوانێت بیر لە ژیانێکی سڵامەت بۆ خۆی و بنەماڵەکەیان بکاتەوە. هێندێک سەرچاوە باس لە ٨۳، لە سەدی کرێکاران لر ژێر هێڵی هەژاری دەکەن. ئەم ٨۳، لە سەدەی کرێکاران و حەقدەست وەرگران و زەحمەتکێشان چ هیوایەکیان ببێت بۆ ژیان و هەبوونی ژیانێکی شیاوی ئەمرۆیی بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان؟

بەشێکی تر لە کۆمەڵگای کار لە ئێران یان باشتر بڵێم کێشەی تەواوی کۆمەڵگای ئێران نەبوونی ئازادیە بەڵام ئێمە لەم یاداشتەی ئەمجارەماندا مەبەستمان لە ئازادیی کۆمەڵگای کار لە ئێراندایە کە تەواوی هەموو ئەوانەی مووچە وەردەگرن. لە ئێراندا هێندێک ماف دیاری کراوە کە تەنیا بۆ ڕازاوەیی و جوان بوون و ڕەواڵەتێکی مڕۆڤانە بەخشین بە یاسا، لە کتێبی یاسای بنەڕەتی ئەم وڵاتەدا هاتوون. یەک لەم مافانە، مافی ڕێپێوانە کە بەپێی ئەسڵی بیست و بیست و حەوتمی یاسای بنەڕەتیی ئێران ئەو مافە دراوە کە دوو مەرجی بۆ دیاری کردووە بۆ ڕێپێوان بەگشتی کە ئەمە سینفیەکانیش دەگرێتەوە. یەکەم، ئارام بەڕێوە چوونی هەر جۆرێک ڕێپێوانێکە و پێویستە بەشداربووان بە شێوازێکی مەدەنیانە بجووڵێنەوە و خۆبپارێزن لە هەڵگرتنی هەر جۆرە چەک و تەقەمەنیەک لە کاتی ڕێپێواندا.مەرجی دووهەم کە هەموو کێشەکەی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە، دژ بە داب و نەریتی ئیسلام نەبێت. ڕێک کێشەیەک لێرەدا دێتە پێشەوە چونکە لە ماوەی ئەم چوار دەیە لە تەمەنی نا مەیموونی کۆماری ئیسلامی بەم پێشمەرجە پێشی بە هەموو ناڕەزایەتییەک گرتووە. دژ بە داب و نەریتی ئیسلام، مەرجێکی کڵێشەیی بووە و بە هەر جۆرێک کە پێیان خۆش بووبێت پێناسەیان کردووە و بۆیە هەموو ڕێپێوانێک جگە لە بۆنەگەلی حکوومەتی هەموویان دژ بە داب و نەریتی ئایینی ئیسلام بووە و هەر کات کۆبوونەوەیەکی مەدەنی یان سێنفی کرابێت هێرشیان کردۆتە سەر خەڵک و بە سەرکووت و زیندان و ئەشکەنجە و کازی فرمێسک ڕێژ بێ بەشی کردوون لە مافێک کە خۆی لە یاسای بنەڕەتیی خۆیدا بۆی دابین کردوون. لەم ڕۆژانەدا دیسان خەڵکمان بینی لە شارەکانی ئێران لەسەر شەقام و دەنگی ناڕازیی خۆیان دەربری سەبارەت بە گرانی بەگشتی و دۆلار بە تایبەتی بەڵام دیسان بینیمان سەرکوت کران لە لایەن کۆماری تاریک پەرەستی ئیسلامی کە هیچ مافێک ڕەوا نابینێت بۆ خەڵک و دەڵێت هەر ئەمەیە! واتە خەڵک مافی ئەوەیان نییە بڵێن بۆچی دۆلار ۲۲۵ لە سەد گران بووە لەم ماوە کوورتەدا؟ ناتوانێت بپرسێت بۆچی هەموو شتێکی ژیانی ڕۆژانەی دوو بەرابەر و چەن بەرانبەر بووە و هتد؟ لە کۆتاییدا با لە نانەوە دەس پێبکەین و بە کار و ئازادی کۆتایی پێ بهێنین. سەبەدی مەعیشەت لە ژیانی زۆرینەی خەڵک دوو جنسی لە خۆی گرتووە: کرێ ماڵ و خواردن. کرێ ماڵ بەشێکی بەرچاو لە حەقدەست دەگرێتە خۆی و پێویستە بدرێت بە خاوەن ماڵ کە نیزیکەی ۴۰ لە سەدی حەقدەست لە خۆی دەگرێت. بە پاش ماوەی حەقدەستەکەش دەتوانن خۆراک بکڕن.

دۆخی کار بەشێوەیەکە هیوا بە بەردەوامی لە کاردا گەیشتۆتە خوارترین ئاستی خۆی و ڕوون نییە ئایا کارەکە پارێزراوە یان نا؟ ئەم شەپۆلە نوێیەی گەمارۆ ئابووریەکانی ئامریکا کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەسەپێندرێت دەتوانێت دۆخەکە لەمە خراپتریش بکات. جگە لە گەمارۆ ئابووریەکان ئامریکا بە تەمایە تا چوار مانگی داهاتوو هەناردە نەوتیەکانی ئێران بگەیەنێتە سەر سفر. ئەم هەوڵەی ئامریکا دەتوانێت سۆنامیەکی گەورە و ترسناک بێت بۆ کۆمەڵگا بەگشتی و کۆمەڵگای کار بەتایبەتی. ئەزموون پێمان دەڵێت شەقامەکان ئاوسن، خەڵک توونیی ئازادین و کۆماری ئیسلامی تاکەی دەتوانێت ئازادی لە سێدارە بدات؟ نان، کار، ئازادی، دروشمێکە کە پێویستە زیاتری کار لەسەر بکرێت. سفرەکان بێ نانن، کار بوونی نییە، ئازادی وشەیەکە کە بە درێژایی چوار دەیەیە خەڵک تەنیا ناویان بیستووە، کاتی کۆتاییهێنانە بەم هەموو زوڵم و ستەمەی کۆماری ئیسلامی.



AM:11:53:22/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 73 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌