دەور و کاریگەریی ژنان لە کۆمەڵەدا

سەرگوڵ میرزایی

 

ڕێباز یان مەکتەبی سرووشتی، واتە ئەو مافانەی کە لەسەر عەقڵ و سرووشتی مرۆڤ بونیاد نراوە و لە پێوەندیی مرۆڤەکاندا بەبێ دەستێوەردانی هێزی کۆمەڵایەتی دەبێ بوونی هەبێت کە یاساگەلێکی جێگیر و نەگۆڕە و ڕەهەندێکی گشتی و جیهانی هەیە  و پاراستنی ئەرکی وڵاتەکانە وەکوو پابەندی بە بەڵێن، دەسدرێژی نەکردنه سەر مافی خەڵک، بەرگری ڕەوا، ئازادی و سەربەخۆیی، مافی ژیان، قەرەبوی خەسارەت و زۆر خاڵی دیکە... بەم پێیە لە وڵاتێکدا کە ڕێباز یان مەکتەبی سرووشتی بە دەستێوەردانی هێزی دەسەڵات و حاکمییەت زەوت کرابێت خەبات دژ بەو پێشێلکارییە ڕەوایە و ڕێزلێنان لە مێژووی ئەو خەباتە و خەڵکی خەباتکار و بوێر و جەسوور ئەرکی مرۆڤایەتییە. بە بۆنەی ٣١ جۆزەردان و ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە جێگای خۆیەتی بە بەرز نرخاندی ئەو ڕۆژە باسێکی کورت لەسەر پێشمەرگەی کۆمەڵە بەگشتی و ڕۆڵ و نەقشی ژنی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە تایبەتی و کێشە و بەربەستەکانیان و هەروەها کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگای کوردی و ئێرانی و ناوچەیی بخرێتە بەر باسەوە.

هاتنی کۆمەڵە گوڕانکاریی لە سیاسەت و کۆمەڵگادا درووست کرد و ماهییەتی کۆمەڵە دەبێتە جەریانێکی پێشکەوتنخواز و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دادەنێت، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەش هەمان دەور و نەقشیان دەبێت و سونەتی پێشمەرگایەتی لە کوردستان دەگۆڕێت. پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی پێش هاتنی کۆمەڵە بوونی هەبووە بەڵام بە درووستبوونی کۆمەڵە پێشمەرگایەتی ناوەرۆک و ماهییەتێکی نوێ پەیدا دەکات و دەبێت بە دوو باڵی نیزامی و سیاسیی بزووتنەوەیەکی رەوا و بەربڵاوی کۆمەڵایەتی. بە پەیوەستبوونی ژنان بە هێزی کۆمەڵەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد گڕ و تینێکی نوێی پێیبەخشرا و لە زستانی دواکەوتووییەوە بەرەو بەهاری پێشکەوتوویی هەنگاوی نا. هەر چەندە کە ژن هەمووکات و بەپێی فەرهەنگی کوردەواری ئەو کات و بە ئێستایشەوە جیاواز لە فەرهەنگەکانی دیکە ڕۆڵی سەرەکیی خۆی لە کۆمەڵگا لە زۆربەی بوارەکاندا گێڕاوە و جێ پەنجەی دیار بووە بۆ نموونە لە کۆمەڵگای جووتیاریدا ژنان ڕۆڵێکی بەرینتریان لە پیاوان گێڕاوە بەجۆرێک هەم ژنی ماڵەوە و جووتیاری دەرەوەش بوون کە ئەمە دەیسەلمێنێت کە ژن هێزی جووڵێنەری کۆمەڵگای کوردەواری کۆن بووە بەڵام وەک خۆی ئەو پێگە کۆمەڵایەتییە و مافە سەرەکییانە کە شایانی بووە پێی نەدراوە کە بە پێکهاتنی کۆمەڵە وەکوو حیزبێک بە عقڵییەتێکی جیاواز (دگر اندیش) ڕەسمییەتی بەو ڕۆڵە سەرەکییەی ژنان بەخشی و بە وردبینی خۆیەوە ئاستی بەرزی هوشیاری و لێهاتوویی ژنانی بەرجستە کردەوە و بەهای پێبەخشی.

پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و لە سەردەمی پاشایەتیدا چینی ژنانێکی خوێندەوار و کارمەند هەبوون کە مافی دەنگدانیشیان هەبوو و چینێکی دیکە هەبوو کە نەخوێندەوار بوون و تەنیا لە چالاکیی بۆنە ئایینییەکاندا بەشدارییان دەکرد واتە تەنیا پاڵپشتی لە هاوسەر و براکانی خۆیان دەکرد، چینی خوێندەواری ژنان پێیان وابوو کە پاش شۆڕش زەمینەیەکی باشتر بۆ یەکسانی و ئازادیی ژنان دەرەخسێت و هەروەها پێیان وابوو کە ئەو کرانەوە سیاسییە دەرفەتێکی گەورەتریان پێی دەبەخشێت تاکوو داواکارییەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن بەڵام پاش شۆڕش ژنان بەو ئەنجامە گەیشتن کە سیستمی ئایینی ناتوانێت بە شێوازێکی گونجاو و سەردەمیانە لەگەڵ پرسی ژن هەڵسوکەوت بکات. ژنان پێش شۆڕش بە ئەنجامگەلێک گەیشتبوون بەڵام پاش شۆڕش هەموویان لەدەست دا و ژنان بە ئاراستەی سیستەمی ئایینی هەنگاویان دەنا کە ئەو سیستمە بۆ خۆی پرۆگرام و ئاجێندایەکی دیکەی هەبوو و بەرامبەر بە مافی ژنان بێ هەڵوێست بوو و سەرەڕای ئەمانە ژنان لە هەموو بوارەکاندا ئەکتیڤ بوون و دەستیان لە گەیشتن بە مافی خۆیان بەرنەدا. بۆ نموونە ڕێژەی ٦٤ لە سەدی بەشداریی ژنان لە زانکۆکانی ئێران یەکێک لە نیشانەکانی ئەم بەشدارییەیە و ژنانی کورد هەر لەسەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی بە تێگەیشتوویی و دڵگەرمی بە سیاسەتی درووستی کۆمەڵە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و سازمانی پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی کۆمەڵە و بە نهێنی و ئاشکرا و بە شێوەی ڕەسمی و متمانە پێکراو وەک هێزی ژنان لە لایەن تەشکیلاتی کۆمەڵەوە دەستیان بە چالاکی (جەولەی) سیاسی – مەدەنی کرد و بەتایبەت دوابەدوای ئاشکرابوونی کۆمەڵە ژنان لە بەشە جیاجیاکان دەوریان گێڕاوە و لە ١٠ خەزەڵوەری ١٣٦١ وەک یەکەم دەستەی ژنی پێشمەرگە هاتنە مەیدانی چالاکی نیزامییەوە و دوای ماوەیەکی کورت بە تێپەرکردنی هەموو نەریت و بەربەستە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگا تێکەڵ بە هێزی سەرەکیی نیزامی–سیاسی کۆمەڵە بوون و قارەمانانە لە هەموو بوارەکاندا حزووریان هەبووە و وەک پێناسەی کۆمەڵە لە نێو جەماوەردا دیار بوون و ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و ڕێژەی سەدان شەهیدی ژنی پێشمەرگەی جەسوور و ئازای هەیە کە بەشێکیان لە زیندان و سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە وانە نەسرین و شەهلا کەعبی، ئامین باجەلانی، جەمیلە فەتحی، فەریدە یوسفی و... تیرباران و ئێعدام کران و بەشێکیتر وەک شۆعلە ئیبراهیمی، وەحیدە وەحیدی، نەرمین کەریمی و... دەیان ژنە تێکۆشەری دیکە لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان بەخشی بە بزووتنەوەی کوردی و هەروەها لە مەیدانی شەڕ و بە بۆمباران کردنی ئەو شوێنانە کە ئەوان چالاکییان تێیدا کردووە گیانی ئازیزیان بەخت کرد و بەشێکی تر کە سازماندراوی گوردانی شوان بوون کەوتنە بۆسەی پاسدار و بەعسی لە ناوچوو و و بە ناچاری خۆیان دا بەدەم ئاوی سیروانەوە و بە گیانبازی بەرەو پێشی مەرگ ڕۆیشتن و پەیوەست بوون بە ڕیزی پڕ لە سەروەریی شەهیدانی کۆمەڵەوە.

پێشمەرگایەتی خۆی لە خۆدا ئەرکێکی قورسە، پێشمەرگە هەمیشە مەترسیی گیانیی لەسەرە و برسێتی و ماندوویی و شەونخوونی هاورێ هەمیشەییە و هەزاران کێشە و بەربەستی جوراوجۆر لەسەر ڕێگایەتی و کاتێک کچێک یان ژنێک بە تایبەتمەندیی ڕەگەزیی خۆیەوە دەبێتە پێشمەرگە ئەو دژواری و بەربەستانە دووقات دەبنەوە و دەیان کێشە و گیر و گرفتی دیکە دێتە سەر ڕێگایان. کێشە و بەربەستەکانی ژنی پێشمەرگە یەکەم، ڕوانگەی کۆمەڵگا بە تواناییەکانی ژنان دووهەم، ڕوانگەی ڕەگەزی لەسەر ژنان سێهەم، عادەتی مانگانە (پێریۆدی) چوارەم، بێهداشتی تاکەکەسیی ژن پێنجەم، ژیانی هاوبەشی ژن (هاوسەربوون) شەشەم، دایک بوون حەوتەم، لاوازبوونی (زەعفی) جسمانی و هتد...

کاریگەرییەکانی ژنانی پێشمەرگەی کۆمەڵە: یەکەم، کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان دووهەم، مەجال بۆ دەرخستنی تواناکانی ژنان سێهەم، باوەڕبەخۆبوونی ژنان بە تواناکانیان چوارەم، بەکردەوە نیشاندانی باوەڕی کۆمەڵە بە یەکسانی و بەرابەریی ژن و پیاو پێنجەم، ئاسانکاری لە پێوەندیی کۆمەڵایەتی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و جەماوەر بە تایبەت گەیاندنی پەیامی کۆمەڵە بۆ نێو ژنان و کچان شەشەم، ورە بەخشی بە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە حەوتەم، بوون بە پێناسەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە نێو جەماوەردا و هتد...

کچان و ژنانی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەو ڕۆڵ و کاریگەرییە پۆزۆتیڤەکانیان سەربەرزن و کۆمەڵە بە ئاڵترناتیڤ بۆ پرسی کورد و پرسی ژن دەزانن و لەسەرەتاوە تاکوو ئەمڕۆ بەو پەڕی لێهاتوویی و بە پاڵپشتیی سیاسەتە درووستەکانی کۆمەڵە بەسەر هەموو ئەو کێشە و گرفتانەدا زاڵ بوون و چۆکیان دانەداوە و بوێرانە و سەربەرزانە درێژەدەری ڕێبازی پڕ لە شانازیی کۆمەڵەن و قۆناغ بە قۆناغ لە تۆمار کردنی مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و بزووتنەوی ژناندا ڕۆڵیان هەیە.

 



AM:11:47:22/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 94 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌