جادەی مەرگ

مستەفا زاهیدی

شەوی سێ شەممە لە سەر چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ لە سەر ٢٠ی پووشپەڕ، بە هۆی پێکدادانی بارهەڵگرێک کە نەوتی ئۆزتی پێ بووە و لەکوردستانی باشوورەوە بەرەو ئێران رۆیشتووە لەگەڵ ئوتووبووسێکی ڕێگای سنە – تاران بە داخەوە ٢٧ کەس بوون بە قوربانی و گیانیان لە دەستدا. ئەم هەواڵە ،زۆر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە هەواڵنێرییەکان دەنگی دایەوەو لە ناو شاری سنەش بوو بە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک و لاوانی سنە بە نیشانەی ناڕەزایەتی کۆبوونەتەوەو پێکدادان لە نێوان هێزە ئینتزامییەکان و لاوان روویداوە و لاوانی شار بە توندی رووبەڕووی هێزە ئئینرامییەکان بوونەتەوەو ماشێنی پۆلیسیان شکاندوە.

ئەمە یەکەمجار نییە بەهۆی ئەو تەنکەر نەوتانەی کە لەهەرێمی کوردستانەوە بە شێوەی نایاسایی و نادروست دەبرێن بۆ ئێران ڕووداوی هاتووچۆ ڕوودەدات و خەڵک دەبن بە قوربانی. دوو ساڵ لەوە پێش کەمپەینێک بەم بۆنەوە لەشاری مەریوان کەوتە ڕێ و ژمارەیەک لەچالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بە سازدانی کەمپەینێک خوازیاری ئەوە بوون کە بەر بەم هاتووچۆیە بگیردرێت کە جادەکانی کوردستانی کردوە بە جادەی مەرگ. بەڵام لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتییەوە جگە لەوەی وەڵامی خواستی ڕەوای چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی نەدرایەوە، بەڵکوو هەڕەشەش لەو چالاکانە کرا و ژمارەیەکیشان بە شێوەی کورت ماوە کەوتنە زیندان یان لێپرسینەوەیان لێکرا.

بازرگانی نەوت بۆ ئێران پرۆسەیەکە لەنێوان ژمارەیەک لەبازرگان و بەرپرسانی، هەرێمی کوردستان کە بە نادروسترین شێوە و لە دەرەوەی هەر یاسایەکەوە نەوت پاڵاوتە دەکەن و بە رێگەی تەنکەر دەینێرن بۆ ئێران لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێرانی و بەتایبەت بەرپرسانی سپا مامەڵەی دەکەن. ئەمجۆرە گواستنەوەی نەوتە و بەقاچاخ بردنەی زۆرجار ناڕەزایەتی کۆمەلگەی مەدەنی کوردستانی باشووریشی لێکەوتۆتەوە. بەڵام بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەردوولا ئیزن بەوە نادات کە گوێ لە ناڕەزایەتی و داواکاری رەوای خەڵک بگرن.

ئەوەی شەوی سێ شەممە لەسەر چوارشەممە لەشاری سنە ڕوویداو ئەو کەسانەی بوون بە قوربانی، قوربانی مافیاکانی نەوت بوون لە کوردستانی باشوور و ئێران. ناستاندارد بوونی سیستەمی گواستنەوەی سووتەمەنی و خراپ بوونی جادە و رێگاوبان. لەبەرچاو نەگرتنی کۆمەڵێک یاسا و رێ و شوێنی دروست بۆ گواستنەوەی ماددە شیمیایی و سووتەمەنییەکان کارەساتی لەم چەشنەی لێدەکەوێتەوە.

ئەوەی کە خەڵکی شاری سنە و لاوانی ئەو شارە دەستبەجێ دوای ڕوودانی ڕووداوەکە دەکوتنە سەر هێزە ئینتزامی و سەربازییەکان، دەزانن کە لە کوێ دەدەن و ئامانجی خۆیان بە دروستی هەڵبژاردوە. ئەوان دەزانن رژیم و دەست و پێوەندەکانی لە کوردستان کە مافیای نەوت و ئابوورین هۆکاری سەرەکی ئەم ڕووداوەن. تانکەرە سووتەمەنییەکان کە لەکوردستان باشوورەوە دەگوازرێنەوە بۆ ڕۆژهەڵات و لەوێوە بۆ بەندەرعەباس و شوێنەکانیتری ئێران، هیچ خێرێکیان بۆ کورد لە کوردستانی باشوور و رۆژهەڵات نەبووە جگە لەوەی کە سەرمایەی میلەتیک بە تاڵان دەچێت و مافیاکانی نەوت جاددەکان دەکەن بە هەرێمی مەرگ.

پێویستە بە کۆی دەنگ و بە تێکرا لە کەمپەینێکی بەرفراوان، نەک تەنها شارێک بەڵکوو سەرجەم خەڵکی کوردستان بەر بە هات وچۆی تەنکەرە نەوتەکان بگرن لە باشوورەوە بۆ رۆژهەڵات و دواتر ئێران. کۆدەنگی خەڵکی کوردستان ئەتوانێت بەر بە دووبارە بوونەوەی ئەم کارەساتە مرۆییە بگرێت.

PM:12:04:11/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌