ئاسمان پڕپڕە لە ئەستێرە

بە ناوی شوان و

گوڵەکانی سەرسنوورەوە

بە ناوی "شۆکێ" و

بزەی "نەسرین"ەوە

بە ناوی فرمێسکی قەتیس و

شەپۆلی بوغزی "سووسەن"ەوە،

لە کەناری سیروانەوە

بۆ گوڵەکانی تاڵەسوار

لە غوربەتی هەناسەوە

بۆ ئامێزی گوللە

لە چاوەکانی "شەهلا"وە

بۆ دڵی بەسۆزی دایە

لە دوایین دەنگی حەزینی "ژاڵە"وە

بۆ هاوارە کپ کراوەکانی چیا

بۆ جەستەی هەلا هەلای وڵات؛

ئێوارەیە و بەرەو هەورازەکان باڵت گرتووە، بێسیمەکەی دەستت کاس و وڕە، پڕە لە هاژەی بێدەنگی و دەستەوەستان؛ تۆیت و سیروان، تۆیت و ئاسمانێک بە بۆنی سێوی کوشندەی بە مین تەنراو؛ تۆیت و سنووری بە تەلدڕوو چنراو؛ چاو دەنووقێنی سەرێک لە ماڵەوە دەدەیت، دایە دەستەوئەژنۆ لە بانیجە بچووکەکەی بیرەوەرییەکانتدا چاوی بڕیوەتە ئاسمان و نەفرەت نەفرەت بێدەنگی لە چاوانیدا قەتیس بووە، دڵەخورپێ بەرۆکی گرتووە، هاوار هاوار لە قوڕگیدا وشک بووە، لە لێوی لێوبەباری هاوار دەچۆڕێ، ئەژنۆی دەلەرزێ و لە ئاسماندا سۆراغت دەگرێ، بانگت دەکا: وەرە ئازیزە نەحەساوەکەی ژینم، وەرە سەر بنێ بە سینگی دایەوە و تامەزرۆیی ئەو هەموو رێگا دوور و درێژەت بشکێنە...

لێرەیت، چاوەکانت دەنووقێنی، هاوڕێیانت یەکە یەکە میوانی خەونێکی قووڵن... دەستلەملانێکی رەش دەستڕێژت لێدەکا، خوێنخۆرەکانی ئەوبەر دەم لە نێو دەمی خوێنخۆرەکانی ئەمبەر بێزوو بە خوێنی ئێوە رێبوارانی چیاکانی کوردستانەوە دەکەن، ئەوان لە ئامێزی یەکدا بە نەبوونتان سەرمەستن...

لەو تاریکستانەدا تۆی چەک لە شان، تۆی هاوڕێکەی یەکیەتی جووتیاران، تۆی خۆشەویستی بنکەکانی نێو شارەکانی کوردستان، تۆی پشتیوانە قایمەکەی کۆچی مێژوویی، تۆی هاوڕێی قارمانێتی شەڕی بیست و چوار رۆژە، تۆی هاوبۆنی گوڵە چاوگەشەکانی کوردستان، تۆی هاوباڵی چۆلەکەکانی ئاسمانی وڵات، تۆی هاوڕەنگی هەڵاڵەبرمەکانی سەرچیاکان؛ ئەرێ تۆ، تۆ سروودی مزگێنی رووناکیت لە دەنگی چەکەکەتدا حەشار داوە، ئاڵاکەی دەستت شنەبای بلاوێنی ئەم قاقڕستانەیە...

خرۆشی شار بانگت دەکا، ئەوکاتانەی کە هەناسەت بۆنی خوێن دەگرێت و لە رەنگی ئاڵاکەت تێکەڵاو بە بۆنی سێو باوەش بۆ شەپۆلەکانی سیروان دەگرێتەوە...

لێوەکانت وشک هەڵگەڕاون، هاواری وڵات لە گوێتدا دەزرینگێتەوە، تا دێت سێبەری گەمارۆ نزیک و نزیکتر دەبێتەوە و دیسان ئەوە تۆیت کە ورە دەبەخشیتە ئاسمان...

پاڵت بە هەنبانەی یادەوە داوە، چەپک چەپک بزە دەبەخشیتە کیژۆڵەکەی نێو گوندەکە، ئەو کاتەی کە ئاسمانەمەنگەکە پڕ دەکەیت لە ئەستێرە...

ماندوویت، ماندووی رێگا، رێگای دوور و درێژی بەئاکام نەگەیشتوو، بێ ئوقرەیت... دڵتەپێ، هەناسەبڕکێ واز لە جەستەی نیوەگیانت ناهێنیت، چیتر جەستەت یاریدەرت نییە، جەستەت هەناسە شک نابات... ئەوە تۆی، ئەرێ ئەوە تۆی، دەگوڕێنی بە سەر جەستەدا و لە شەقەی باڵ دەدەیت...

بارانێکی بەخوڕ فرمێسک بە سەر جەستەتدا دەبارێنێ، هەوەتریشقەیەک دایە دادەچڵەکێنێ... ئاسمان، ئاسمان پڕپڕە لە ئەستێرە...

شۆکێ: گیانبەختکردوو شۆکێ خێرابادی، ناسراو بە شۆکێ، فەرماندەی گوردانی شوان

نەسرین: نەسرین رەمەزانعەلی، یەکێک لە دوو کەسە رزگاربووەکەی گوردانی شوان

سووسەن، شەهلا، ژاڵە: گیانبەختکردوانی گوردانی شوان


PM:02:01:10/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 265 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌