شەپۆلی خۆکوژییەکان لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە پێی هەواڵەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پیاوێکی ٦٠ ساڵەی سەردەشتی بە ناوی (عومەر محەمەدی) لە شارۆچکەی نەڵاسی ئەو شارە بە هۆی هەژاری و کێشەی ماڵی دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە لایەکیتریشەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێکی مەهابادی بە ناوی (کەژاڵ ئەشکۆیی)، کچی ئەبووبەکر، خەڵکی گوندی وسوکەندی سەر بە شاری مەهاباد بە هۆیەکی نادیار دەستی داوەتە خۆکوژی و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەر لە درێژەی شەپۆلی خۆکوژییەکان لە شارەکانی کوردستان، هەینی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردان، لاوێکی ٢٤ ساڵەی سەقزی، بە ناوی (سینا خەلیفەزادە)، ٢٤ ساڵ تەمەن و دانیشتووی گەڕەکی بەهارستانی ئەو شارە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

شەپۆلی خۆکوژییەکان لە شارەکانی کوردستان بە تایبەت لە یەک، دوو ساڵی ڕابردوودا لە چاو ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە بە شێوەیەک کە لە مانگەکانی ڕابردوودا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ گرانی و بێکاری بە ڕادەیەک تەنگی بە چینی هەژاری کۆمەڵگا هەڵچنیوە کە تەنیا ڕێگای خۆکوشتن دەبینن بۆ دەربازبوون لەم کێشانە.




PM:11:33:11/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌