داوای پێداچوونەوەی حوکمی ئیعدامی ڕامین حسێن‌پەناهی ڕەدکرایەوە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە پێی هەواڵی کەمپەینی داکۆکی لە زیندانی سیاسی مەحکووم بە ئیعدام ڕامین حسێن‌پەناهی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی جۆزەردان، حسێن‌ ئەحمەدی نیاز پارێزەری ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە هەواڵی ڕەدکردنەوەی داوای پێداچوونەوە بە حوکمی ئیعدامی ڕامین حسێن‌پەناهی زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئیعدامیی لە لایەن لقی ٣٨ی دیوانی باڵای وڵات بڵاوکردەوە.

حسێن‌ ئەحمەدی نیاز لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لەمبارەیەوە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: پاش ڕەدکردنەوەی داوای پێداچوونەوەی حوکمی ئیعدامی ڕامین حسێن‌پەناهی، ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ئێستاکە لە ژێر هەڕەشەی حوکمی ئیعدام دایە و ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمەکەی نزیکە.

ئەحمەدی نیاز لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت: سەر لە نوێ داوای پێداچوونەوە بە حوکمی ئیعدامی ڕامین دەکات و ئاواتەخوازە کە دیوانی باڵای وڵات بە سەرنجێکی زیاترەوە پێداچوونەوە بەم سزا ناعادڵانەیەدا بکات.

ڕامین حوسێن پەناهی، ڕێکەوتی ۲ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳۹٦ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کرا و ڕێکەوتی ۲٥ی ڕێبەندانی ۱۳۹٦، لە کاتێکدا کە تەنیا دانیشتنێکی دادگا بۆ پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ڕێکخرابوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی  شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ شێواندنی ئاسایشی گشتی و ئەندام بوون لە کۆمەڵە حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپا، تا ئێستا چەندین جار داوای هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدامی ڕامین لە لایەن پارێزەرەکەیەوە ئاراستەی دیوانی باڵای وڵات کراوە بەڵام سەرلەنوێ سزاکەی پشتڕاست کراوەتەوە و ئێستاکە لە ژێر هەڕەشەی جیدیی سزای ئیعدام دایە.

PM:05:51:11/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌