سکرتێری گشتیی کۆمەڵە لە کۆنفڕانسی هاوپەیمانی دیموکراسیخوازانی ئێران لە زانستگای جۆرج واشێنگتۆن بەشداری کرد

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: ڕۆژی ٢١ی جۆزەردان (١٠ی یونی٢٠١٨) هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە کۆنفرانسی هاوپەیمانی دێمۆکراسیخوازانی ئێران لە زانستگای جۆرج واشینگتۆن بەشداری کرد.
ئەم کۆنفرانسە لە لایەن هەندێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و تیگ تانگەکانی ئەمریکاوە بە بەشداری هەندێک لە ژێنێراڵە خانەنشین کراوەکانی ئەمریکا و چەند کەسایەتییەک نزیک لە دەزگای کۆشکی سپی ئەمریکا بەڕێوە چوو.
لەو کۆنفرانسەدا کە زیاتر لە ٣ کاتژمێری خایاند کۆمەڵێک وتار لە لایەن بەشدابووانەوە پێشکەش کران و سروود و ئاواز و فیلمی دێکۆمێنتاریی مێژووی ئێران چەند بڕگەیەکی تری ئەو کۆنفرانسە بوون.
هاوڕێ عەبدوڵڵا کە بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ئەو کۆنفرانسە بانگهێشت کرابوو وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد کە چەند جارێک لە لایەن بەشداربووانەوە بە چەپلە پێشوازی لێکرا. جێی ئاماژەیە جیالەوەی کە وتەکانی هاوڕێ عەبدوڵڵا بە گشتی لە لایەن بەشداربووانەوە پێشوازی لێکرا، بوون کەسایەتی پانئیرانیستیش کە دژی وتەکانی هاوڕێ عەبدوڵڵا و بەتایبەت داواکردنی سیستمی فێدڕالیزم بۆ شێوەی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتی ئێران کاردانەوەیان نیشان دا.
ئەم کۆنفرانسە و کۆمەڵێک دانیشتینی پێشتر و دواتریش کە لە لایەن ناوەندگەلی جیاجیاوە بەڕێوە دەچێت لە چوارچێوە خستنەڕووی دید و بۆچوونی ئۆپۆزیسیۆنە جۆراوجۆرەکانی ئێرانە لە پرۆسەی پێک هێنانی ئاڵترناتیڤێک بۆ سەردەمی پاش نەمانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.
هاوڕێ عەبدوڵڵا لە سەرەتای وتەکانیدا خۆی وەک "پێشمەرگەیەکی دێرین" بە بەشدار بووان ناساند و ئاماژەی بەوە دا کە "ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٧) ئەگەر لە ئێران شۆڕشێکی ئیسلامی هاتە ئاراوە، ڕاستە کە کوردستانیش وەک باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران لەو شۆڕشەدا بەشدار بوو، بەڵام هەرگیز لە کوردستان "شۆڕشێکی ئیسلامی" ڕووی نەدا، چونکا دوو حیزبی سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە سەرەڕای جیاوازی فیکری و سیاسییان، بەڵام لائیک و سیکۆلار بوون و هەن.
هەروەها باسی لە تایبەتمەندییە پێشکەوتنخوازەکانی بزووتنەوەی کوردستان کرد و بەشداری ژنانی کورد لەو بزووتنەوەیە خستە ڕوو باسی لەوە کرد کە "چڵ ساڵ لەمەوبەر ژنی کورد لە هەیبەت و بەرگی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا بە سەری ڕووت لە مزگەوتەکانی کوردستان وتاربێژییان بۆ خەڵکی ناوچەکە کردووە و پێشوازیشی لێکراوە".
لە بەشێکی دیکەش لە وتەکانیدا هاوڕێ عەبدوڵڵا  کورتەیەکی لە هەڵوێستی خەڵک و بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات خستە ڕوو کە چۆن کوردستان  سەنگەری وەستانەوە بەرامبەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە و تەنانەت هەندێك جار لە لایەن دۆستانیشیانەوە کەوتوونەتە بەر بێ میهری و بە تاق ماونەتەوە، بەڵام کوردستان هەموو کات گیانپەنای ئازادیخوازان و خەباتکارانی باقی ناوچە جیاجیاکانی ئێران بووە.
لە کۆتایی وتەکانی دا هاوڕێ عەبدوڵڵا ڕایگەیاند : "ئاڵترناتیڤی ئێمە بۆ پاش ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، دەسەڵاتێکی سیکۆلار، دێمۆکرات و فێدڕاڵە!".

PM:04:50:11/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 273 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌