ژمارەیەک کۆمپانیای نێونەتەوەیی چالاکییە بازرگانییەکانی خۆیان لە ئێران ڕاگرتووە

ئا/ ئاسۆی رۆژ

دوای ئەوەی چەند رۆژ لەوە پێش دۆناڵد ترامپ بە ئاشکرا رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ڕێکەوتنامەی بەرجام دەچێتە دەرەوە، ژمارەیەک کۆمپانیای نێونەتەوەیی لە بوارە جیاوازەکاندا رایانگەیاندووە کە چالاکیەکانی خۆیان لە ئێران رادەگرن.

رۆژی پێنج شەممە ٢٧ی گوڵان، کۆمپانیای دێنلی ئیتالیایی، رایگەیاند کە گرێبەستی ١.٥ میلیار یۆرۆیی خۆی لە بواری دروستکردنی پۆڵا، لە گەڵ ئێران هەڵدەسپێرێت و چالاکییە ئابوورییەکانی لە ئێران رادەگرێت.

هاوکات هەر ئەو رۆژە کۆمپانیای کەشتیوانی مێرسێک مامەڵە کردنی بازرگانی خۆی لەگەڵ ئێران راگرت. میرسێک، گەورەترین کۆمپانیای کەشیتیەوانی، دەڵێت دوای چوونە دەرەوەی ئەمریلا لە بەرجام و گەڕانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە بۆ سەر ئێران، ئەم کۆمپانیا ئیتر ناتوانیت درێژە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی بدات لەگەڵ ئێران.

سۆرن سۆکۆ، بەڕێوەبەری گەورە کۆمپانیای مێرسێک رۆژی ٥ شەممە ٢٧ی گوڵان لە کۆپنهاگن لەم بارەوە وتی :" بە لەبەرچاو گرتنی سیاسەتی گەمارۆ نوێکانی ئەمریکا دژی ئێران، ئەگەر کۆمپانیایەک بیهەوێت هاوکات لە ئەمریکا چالاکی ببێت ناتوانیت لە گەڵ ئێران مامەڵە بکات."کۆمپانیای کەشیتەوانی مێرسێک، کۆمپانیایەکی دانمارکییە و گەورەترین پاپۆڕی کەشتیەوانی دونیایە کە زیاتر لە ٦٠٠ کەشتی بارهەڵگرتن و زیاتر لە ٣٨ میلیۆن کانتینێر دەگرێتە خۆی.

هەر دوای بڕیارەکەی ترامپ، رۆژی کۆمپانیای نێونەتەوەیی ئالیانز، کە کۆمپانیایەکی گەورەی بواری بیمەیە و ڵە زۆربەی زۆری وڵاتانی دونیا نوێنەرایەتی و لقی هەیە و نووسینگەی سەرەکییەکەی لە شاری مۆنیخ ە، رایگەیاند کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران رادەگرێت.

هەر لەم پەیوەندەدا، کۆمپانیای زیمێنس، کە کۆمپانیایەکی گەورەی بواری پەیوەندیکردن و ئەنتەرنێت و تەلەفۆنە و نووسینگە سەرەکییەکەی لە شاری بێرلینی ئاڵمانە، رایگەیاند کە پەیوەندی ئابووری و بازرگانی خۆی لەگەڵ ئێران رادەگرێت. جێگەی ئاماژەیە کۆمپانیای بەرهەم هێنانی زیمێنس، دەتوانێت لە چەند بواری جیاوازدا کار بکات، وەک تەلەفۆن و ئەنتەرنێت،بەرهەم هێنانی کەرەسەی ماڵ، خزمەتگوزاری گواستنەوەو گەیاندن لەوانە شەمەندەفەڕ، بەرهەم هێنانی کەرەسە کارەباییەکان، بەرهەم هێنانی خزمەتگوزاری و کەرەسە پزیشکییەکان و ... .

رۆژی ٥ شەممە ٢٧ی گوڵان کۆمپانی زەبەلاحی تۆتاڵی فەرەنسی، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنان و دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت لە دونیا، رایگەیاند کە چالاکییە ئابوورییەکانی خۆی لە ئێران هەڵدەسپێرێت و بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکاوەو چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام ئامادەی هاوکاری کردن نییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.

هاوکات رۆژی ٤ شەممە ٢٦ گوڵان، وڵاتی چین کە وەک کڕیارێکی هەمیشەیی نەوتی ئێران چاوی لێکراوە، رایگەیاند بە مەرجی داسەپاندنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان، وڵاتەکەی گەرەنتی و دڵنیایی ئەوە نادات بە کۆماری ئیسلامی کە نەوت لەو وڵاتەوە هاوردە بکات.

دوای هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا و وڵاتان لەهەوڵی راگرتنی چالاکییە ئابوورییەکانی خۆیانن لە ئیران. سەرەڕای هەوڵ و تەقەلای بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی بۆ بەرگرتن بە هەڵوەشاندنەوەی بەرجام و زیندوو کردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان، بەڵام کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان سەرمایەکەی خۆیان لە ئێران دەکێشنە دەرەوە. بێگومان ئەمەش کاریگەری زۆری ئابووری لە ناوخۆی وڵات هەیە.

دونیای رۆژئاواو و لەوانە ئەمریکا لایان وایە کە ئێران لەو فرسەتە ئابوورییەکی کە کەوتە بەردەستی بە هۆی بەرجامەوە، هەوڵی پەل هاوێشتنی زیاتریدا بۆ ناوچەکە و ئەو پارەیەی کە دەستی دەیخستە خزمەتی گرووپە تیرۆریستییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە لوبنان و سووریەو عیراق و یەمەن و ...


PM:09:56:17/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 206 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌