کرێکارانی "هێپکۆ" دوو رۆژە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان رێکخستووە!

ئا: ئاسۆی رۆژ

کرێکارانی هێپکۆی ئەراک بەرەبەیانی دووشەممە ٢٤ی گوڵان بۆ جاری دووهەم کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان رێکخست و رێگای ئاسنی باکوور بۆ باشووریان داخست کە نزیکە لە شوێنی ئەم کۆمپانیاوە.

هاوکات لەگەڵ داخستنی رێگای ئاسنی باکوور-باشوور، ئاڵای رەشیان بە نیشانەی تازییەباری لە بەردەم کۆمپانیاکە هەڵواسی.

هەروەها بە شێوەیەکی سیمبۆلیک وێنەی چەکێکیان بە بڕی ١١ میلیۆن تمەن دانابوو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە فرۆشتنی ئەم کۆمپانیایە بە نرخی کەمتر لەوەی کە هەیە بە کۆمپانیانی هیدرۆ ئەتلەس.

هەروەها لە سەر لافیتە نووسیبوویان هاتنە ناوەوەی ئەحمەدپوور و بەرپرسەکانیتری کۆمپانیا بۆ ناو کۆمپانیاکە قەدەغەیە.

پێشتر بەرپرسانی کۆمپانیا بەریان بەوە گرتبوو کە ژمارەیەک لە کرێکارانی ناڕازی بچنە کۆمپانیا و بچنە سەر کارەکانیان.

کرێکارانی هێپکۆ رۆژی پێشتر، یەکشەممە ٢٣ی گوڵان بە کۆبوونەوە لە بەردەم بینای کۆمپانیاکە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی بەوەی کە بەرپرسانی حکوومەتی و خاوەنی نوێی کۆمپانیاکە بەڵێنەکانیان جێبەجێ ناکەن. هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران، کرێکارێکی هیپکۆ دەستی دایە خۆکوشتن، کە هاوکارەکانی رزگاریان کرد و ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە فراوانی بڵاو کرایەوە.

یەکێک لە هاوکارەکانی ئەم کرێکارە کە دەستی داوەتە خۆکوژی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێرییەکان وتوویەتی: " ئێمە چەند مانگە مووچەمان وەر نەگرتووە. ساڵی رابردووش بە دڵنیاییەوە بیستووتانە چی روویداوە لێرە. دوای ئەو شەڕ و پێکدادانانە، بەرپرسەکان هاتەوە بیریان کە کۆمپانیایەک بە ناو هیپکۆ بوونی هەیە و لەو کاتەوە ناوە ناوە پارەمان وەرگرتووە، دۆخی بیمە کردن باشتر بووە، بەڵام هێشتا زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو رۆژانەی کە هەم مووچەمان باش بوو هەم بیمە. کە پارە نەبێت، ژیانی مرۆ رەش دەبێت."

کرێکارانی هیپکۆی ئەراک ساڵی رابردووش چەند جار دەستیان دایە خۆپیشاندان بە ناڕەزایەتی بە دۆخی زاڵ بە سەر ئەو کۆمپانیادا. لە یەکێک لەو جارانەی کە کرێکاران کۆببوونەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هێرش کرایە سەریان و ژمارەیەک لە کرێکاران بریندان بوون.

ئەم ناڕەزایەتییانە هەروەها بوو بە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە کرێکاران بانگ بکرێنە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رژیم و پەروەندەیان بۆ دروست بکرێت. هەروەها یەکێک لە بەرپرسانی ئەم کۆمپانیایە کرێکارەکانی بە تیرۆریست ناو بردبوو و هەڕەشەی دەرکردنی کردبوون.

.

.


AM:06:45:15/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 31 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌