داواکاری مەلا بەختیار بۆ هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدامی ڕامین حسێن‌پەناهی

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: پاش بڵاووبوونەوەی داواکاری هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە ڕوو لە بەرپرسانی حیزبی و حکوومی کوردستانی باشوور، بۆ هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدامی، زیندانی سیاسی کورد ڕامین حسێن‌پەناهی، مەلا بەختیار ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی سەرئاوەڵای بۆ حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران نارد.

ئەمە دەقی پەیامێکی مەلا بەختیارە بۆ سەرۆک کۆماری ئێران:

په‌یامێكی كراوه‌ بۆ جه‌نابی سه‌رۆك كۆماری ئێران
مه‌قاماتی دادوه‌ری
به‌ڕێزینه‌!

بانگه‌وازو داخوازییه‌كی زۆر بۆ له‌سێداره‌نه‌دانی زیندانی (رامین حسێن په‌ناهی) هه‌یه‌. ئێمه‌ش، وه‌كو كوردێك، به‌ئه‌ركی خۆمان زانی، په‌یامی راسته‌وخۆ بۆ به‌ڕێزتان به‌رز بكه‌ینه‌وه‌و داواو تكاتان لێبكه‌ین، چاوی به‌زه‌ییتان به‌م لاوه‌ كورده‌و به‌كه‌سوكاری‌و هاوشاره‌كانیدا بێته‌وه‌و بڕیارێكی مرۆیی-ئیسلامی بده‌ن، بڕیاری له‌سێداره‌دانه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.
بێگومان، ئێمه‌ ده‌زانین، به‌پێی ده‌ستورو یاسای كۆماری ئیسلامی ئێران (رامین) بڕیاری بۆ ده‌رچووه‌. له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا، دادگاكان ئه‌م جۆره‌ بڕیارانه‌ بۆ (رامین) ئاساكان ده‌رده‌كه‌ن. به‌ڵام دوای ده‌رچونی ئه‌م بڕیارانه‌، ئیتر ئه‌ركی ویژدانی ده‌بێته‌ ئه‌ركی له‌پێشینه‌. چونكه‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌، په‌یوه‌ندی به‌ ویژدان‌و هه‌ستی مرۆڤایه‌تیشه‌وه‌ هه‌یه‌، په‌یامی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تیش، هه‌مومان، سه‌ره‌ڕای جیاوازی نه‌ژادو نه‌ته‌وه‌و ره‌نگ‌و فه‌لسه‌فه‌كان، كۆده‌كاته‌وه‌.

به‌ڕێزینه‌!
به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری له‌سێداره‌دانی كوردێك، كه‌ ئایدیۆلۆژیه‌تی جیاوازی له‌گه‌ڵ به‌رێزتان‌و ئێمه‌شدا هه‌یه‌، نه‌ك زیان به‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ناگات، به‌ڵكو سودیشی ده‌بێ‌ بۆتان‌و ئێمه‌مانانیش سوپاسگوزارو دڵی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی‌و ده‌یان هه‌زار كه‌سیش خۆش ده‌كه‌ن.
جارێكی دیكه‌، تكام وایه‌، به‌ده‌نگ ئه‌م هه‌موو بانگه‌وازانه‌وه‌ بێن، كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و مه‌ده‌نی‌و كه‌سوكاری رامینه‌وه‌ رووبه‌ڕووه‌ جه‌نابتان كراوه‌. هه‌موو كارێكی چاكه‌، مه‌علومی جه‌نابتانه‌، هه‌م دڵی مرۆڤه‌كان خۆش ده‌كات‌و هه‌م به‌چاكه‌یه‌كی كاریگه‌ریش بۆ به‌رێزتان ده‌چێته‌ ویژدانه‌وه‌.

به‌رێزان!
چاوه‌ڕێی بڕیاری پێویستین بۆئه‌وه‌ی ژیانی كه‌سێك رزگار بكه‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه‌، له‌ژووری سێداره‌وه‌ هه‌موو چركه‌ساتێك، چاوه‌ڕێیه‌، ملی نه‌كرێته‌ په‌تی سێداره‌وه‌و لێبوردنی بۆ ده‌ربچێ‌. هه‌روه‌ها گه‌لی كوردیش له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، چاویان بڕیوه‌ته‌ بڕیاری راگیرانی له‌سێداره‌دانی (رامین حسێن په‌ناهی).

له‌گه‌ڵ رێزو حورمه‌تی
مه‌لا به‌ختیار

PM:08:26:03/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 1180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌