ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ی گوڵانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بۆنەی ١ی ئەیار، ڕۆژی هاوخەباتی جیهانیی چینی کرێکار، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگه و ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە و هەروەها نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسان لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ، سروودی هاوپشتیی جیهانی چینی کرێکار و چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئازیزی سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی عەداڵەتخوازانەی خەڵکی کورد دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە لایەن هاوڕێ بەختیار عەلیار ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

دواتر هاوڕێ سەرگوڵ میرزایی پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کۆمەڵەی خوێندەوە.

لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی تێکۆشەر و خەباتکاری کوردستان پاش تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەی خولی سەرەتایی سیاسی و نیزامی لە فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە، لە ژێر ناوی پەلی شەهید باقی ڕەحیمی ناسراو بە چیا، چەکی پڕ لە شانازی کۆمەڵەیان کردە شان و بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە پەیوەست بوون.

پاشان هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە چەک و کارتەکانیان لە دەستی هاوڕێ عەبدوڵڵا نووری، یەکێک لە بەرپرسانی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە وەرگرت و بە شوێن ئەودا پەیامی پەلی شەهید چیا لە لایەن یەکێک لە هاوڕێیانی تازە پێشمەرگە خوێندرایەوە و بە شوێن ئەودا یەکێک لە خوازیارانی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە پەیامی ئەم بەشەی خوێندەوە.

بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەش بە چەند تابلۆیەکی هونەری لە لایەن گرووپی مۆسیقای نەوان و شادی و خۆشی بەشداربووان کۆتایی پێهات.

AM:12:43:02/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 697 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌