كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە رامین حسێن پەناهی ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

راگەیاندنی كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە زیندانی سیاسی كورد رامین حسێن پەناهی

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان
ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران
رێكخراوە نێونەتەوەیی و مافەكانی مرۆڤ
هەروا كە ئاگادارن و بەداخەوە لە چەند رۆژی ڕابڕدوودا و بەپێی هەواڵەكان دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران حوكمی داسەپاو و ناڕەوای ئێعدامی بۆ بەندكراوی سیاسی و لاوی كورد رامین حسێن پەناهی پەسەند كرد.
ئەم حوكمە ناڕەوایە لە ڕێكەوتی ٢٥ ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بۆ ناوبراو دەركراوە كە حوكمێكی نایاسایی و نامرۆڤانەیە.
بە پێی وتەكانی رامین و پارێزەرەكەی، رامین بۆ سەردانی بنەماڵەكەی چۆتەوە كوردستانی ئێران و بە هیچ شێوەیەك بەشداری لە شەڕی چەكداریدا نەكردووە،  هەروەها بە پێی وتەكانی رامین و بە پێی هەواڵەكان رامین بە برینداری چەندین مانگ لە ژێر گوشار و ئەشكەنجەدا بووە، كە بە شرۆڤەی هەموو ئەوانە و وتەكانی پارێزەرەكەی و یاساكانی خودی كۆماری ئیسلامی ناوبراو شیاوی ئەو حوكمە نیە. بەڵام بەداخەوە ئەو حوكمە دوای ماوەیەكی كەم بۆ پێداچوونەوە، لە دیوانی بەرزی وڵاتی ئێراندا پەسەند كراوەتەو و گیانی ئەو زیندانییە سیاسیە كوردە و حوكمدان لەسەر بەندكراوانی سیاسی دیكەی خستووەتە مەترسییەوە، ئەمە لە حاڵێكدایە كە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەكان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئێران پەرەدەستێنێ و خەڵكی وەزاڵەهاتووی ئێران و كوردستان ئاسایش و ئەمنییەتی گیانیان نیە.
ئێمە وەك كۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات داسەپاندن و پەسەند كردنی دووبارەی ئەو حوكمە بە حوكمێكی سیاسی و نایاسایی دەزانین و وێڕای مەحكوومكردنی دووبارە، خوازیاری لابردنی ئەو حوكمە نامرۆڤانەین لەسەر دۆسیەی ڕامین حسێن پەناهی و هەروەها داواكارین لە هەموو خەڵكی تێكۆشەری كوردستان و ژنان و پیاوانی مافخواز و ئازادیخوازی ئێرانی و كوردستانی و هەموو چالاكانی سیاسی و چالاكانی مافی مرۆڤ و رێكخراوە نێونەتەوەییەكان كە بێدەنگ نەبن لە هەمبەر ئێعدامی چالاكانی سیاسی و لاوانی كورد و هەروەها داوا لە هەموو ژنانی ئازادیخواز دەكەین لە بەرانبەر كوشتاری سیستماتیكی لاوان بێدەگ نەبن و ئەركی مرۆڤدۆستانەی خۆیان لە بابەت پرسی رامین حسێن پەناهی بە جێ بێنن و دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی هەموو ناڕازییان بە حوكمی ئێعدام و ئێعدامی رامین حسێن پەناهی بۆ ئەوەی چیدیكە شاهیدی ئێعدام و حوكمی لەو شێوەیە نەبین بە سەر رۆڵەكانی خۆمان.
                    كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات ١٤/٤/٢٠١٨

AM:01:56:15/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 265 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌