عەفرین؛ پشتیوانی یا دەستێوەردان لە خەباتی پارچەكانی دیكە

دارا قوڕەیشی

لە دوو مانگی ڕابردوودا هێرشی نیزامی و سەركەوتنی دەوڵەتی توركیە بۆ داگیركردنی عەفرین یەكێك لە گرینگترین و پڕ باسترین ڕووداوە سیاسیەكانی تایبەت بە پرسی كورد بووە كە كارەساتی زۆری گیانی و مرۆیی بەسەر دانیشتوانی كوردی عەفرینی لێكەوتووە و بووە هۆی برینێكی ڕۆحی و هەژاندنی هەست و ناخی هەموو كوردێك بۆ هاوسۆزیی عەفرین. ئەم هاوسۆزییانە بە ئاست و شێوازی جۆراوجۆر كاریگەریی لەسەر هەڵوێستە سیاسییەكان و لەوانە بە تایبەت چاودێرانی سیاسی كوردستانی ڕۆژهەڵات بووە. لێرەو لەوێ بە كەمی تەردید و گومان لە سەر جۆری هەڵوێستگرتنی سیاسیی حیزبە سیاسیەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بەدی كراوە كە هەوڵی ئەم نوسراوەیە ئەوەیە بە گشتی و لە بابەتی عەفرینیش ئەرك و هەڵوێستی هێزی سەركردایەتیی سیاسیی پارچەكانی كوردستان لە هەمبەر یەكتر بۆ پرسی كورد و ڕۆڵ و پێشینەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەم بابەتەوە بخاتە ڕوو.
بە پێی پێوەر و هەڵكەوتە وێكنەچووەكانی پرسی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و مێژوویی پارچەكانی كوردستان كە هەر كامە بارودۆخی تایبەتی خەبات كردنیان بۆ مسۆگەر كردنی ئارمانجەكانیان لە جۆغرافیای سیاسیی تایبەت بە خۆیان هەیە و بە لەبەر چاوگرتنی خشتەی جەمسەرە جیهانییە زلهێزەكان، ئەرك و پرەنسیپی سەركردایەتیی سیاسیی هەر پارچەیەك لە هەمبەر پرسی كورد لە پارچەكانیتر چەند ئەسڵی نەگۆر بۆ جێبەجێ كردن دیاری دەكات، وەك پشتیوانی هەركام لە پارچەكانی كوردستان لە خەباتی ڕەوای پارچەكانی دیكە، لەم بوارەدا كۆمەڵە خاوەنی پێشینەیەكی ڕوونە و ئاماژەیەكی كورت بە چەند نموونە لەم بوارەدا بۆ پشتیوانی لە خەڵكی عەفرین لە بەرامبەر هێرشی نیزامی دەوڵەتی توركیە، كۆمەڵە پشتیوانی خۆی لە مقاومەتی خەڵكی عەفرین و ئیدانە كردنی هێرشی دەوڵەتی توركیە ڕاگەیاندووە. هەر لە كوردستانی سورییە كۆمەڵە وێرای هەبوونی ڕەخنەی سیاسی خۆی لە بەشێك لە سیاسەتەكانی هێزی سیاسی كوردی سوریە لە كاتی پێشنیاری سیستمێكی فێدراڵی بۆ سوریە و بوونی دەسەڵاتێكی كوردی لەو قەوارەیەدا ڕاگەیاندنی پشتیوانیی دەركردووە. لە باشووری كوردستان بۆ پشتیوانی لە خواستی سەربەخۆیی و پرسی ڕێفراندۆم كە پتر لە نەوەد و دوو لە سەد دەنگی هێناوە، كۆمەڵە پێش ئەنجامی ڕێفراندۆم پشتیوانی خۆی ڕاگەیاندووە. لە باكووری كوردستان كۆمەڵە وێرای ڕەخنەی خۆی لە بەشێكی ناوەرۆكی داخوازییەكانی كورد بە گشتی پشتیوانی كردووە لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیە و بە ڕوونی ڕاگەیاندنی لەسەر داوە. ئەسڵێكی نەگۆڕی دیكە وەك ئەرك و پرەنسیپی سەركردایەتیی سیاسیی هەر پارچەیەك لە هەمبەر پرسی كورد لە پارچەكانی تر "دەست تێوەرنەدانی سیاسی" و خۆبە كوێخا نەكردنی پارچەكانی دیكەیە، دیاری كردنی مافی چارەنووسی سیاسیی هەر پارچەیەك لە كوردستان تایبەت بە خۆیەتی بۆیە بەپێی فاكتە ئاماژە پێكراوەكانی جیاوازی و هەڵكەوتە وێكنەچووەكانی پرسی كورد لە پارچەكانی كوردستان، هەرجۆرە دەستێوەردانێكی سیاسیی پارچەیەك لە پارچەیەكی تری كوردستان ستراتیژی هەڵەیە و بزووتنەوەی ڕەوای پارچەی دەستێوەردراو چەواشە و بە لارێدا دەبا و تووشی سەرلێشێواویی سیاسی دەكات، كە ئاكامەكەی دەتوانێ وەكو كوردستانی "ڕۆژاوا و عەفرین" خەسار و زەرەری قەرەبوو نەبووەوەی سیاسی و گیانیی بە دواوە بێت. بەڵام ئەوە بە مانای پشتیوانی نەكردن نییە، هەر وەك لە ئەسڵی پشتیوانیدا ئاماژەی پێ درا و كۆمەڵە پێشینەیەكی درەوشاوەی لە پشتیوانیی جۆراوجۆری بێ دەستێوەردانی خەباتی پارچەكانی تری كوردستان بەپێی پێویست و پرس و ویستی سەركردایەتیی سیاسیی پارچەكانی جگە لە ڕۆژهەڵات بە بێ خۆتێهەلقورتان هەبووە و لەم پێناوەشدا تێچووی گیانی و مادی و سیاسی داوە و دوایین نموونەی بەشداریی نیزامیی كۆمەڵە لە شەڕی دژی داعش لە كوردستانی باشوور بووە. بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بكرێ سەرهەڵدانی خەباتی هەر پارچەیەك لە قۆناخی یەكەمدا جێبەجێ كردنی ستراتیژی خەباتی پارچەكەی خۆی بە دژی دەسەڵاتی ناوەندیی وڵاتی خۆیەتی.
لێرەدا و لەسەر پرسی عەفرین ئەو پرسیارە دەهاتە ئاراوە كە كوردی ڕۆژهەڵات جگە لە پشتیوانیی بەشداریی لە كەمپەینی عەفرین بكات باشە یا نا؟ بە بڕوای من هەموو جۆرە بەشدارییەكی كوردی ڕۆژهەڵات لە كەمپەینی پشتیوانی لە پەیەدە، بە زەرەری كوردی ڕۆژهەڵات و بە قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێران دەبوو. وەك پرەنسیپ پشتیوانی و هاوخەمی ڕەوایە و كراوە بەڵام وەك پشتیوانی لە كەمپەینی پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستانی باشوور نەبوو كە بە پێچەوانە قازانجی بۆ بزووتنەوەی كوردی ڕۆژهەڵات و بە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران تەواو دەبوو.
لە ڕوانینێكی تریشەوە وەڵام بۆ پرسیاری: بۆ بەشداری لە كەمپەینی پشتیوانی لە پەیەدە هەڵەیە؟ ئاماژە بە پەسەند كردنی سیاسەتە هەڵەكانی پەیەدە و ئەو سەركردایەتییەی كوردی ڕۆژاوەیە كە هەلە هەڵكەوتووە سیاسییەكانی كورد لە سورییەیان لە بار برد، شەڕ و خەباتی كوردی ڕۆژاوا دەبوو و دەبێ بە دژی دەسەڵاتی ناوەندیی ئەسەد بێ لە سوورییە نە وەك توركییە. ئەم هەڵەیە ئاوا شی بكەمەوە كە نابێ لەبیر بكرێ لە سەرەتای ئاڵۆزییەكانی سوورییە و سیاسەت و كشانەوەی هێزی بەشار ئەسەد لە بەشی كوردستانی سورییە و ڕادەستكردنی بە پەیەدە، دەوڵەتی توركییە لە ساڵی 2012 پێشنیار و پشتیوانی خۆی لە سورییەیەكی فێدێڕاڵ و دەسەڵاتی كوردی خۆجەیی وەكوو ئێستای عێراقی ڕاگەیاند، تەنانەت ساڵح موسلیم هاتووچۆ و دانیشتنی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی توركییە هەبووە و سپاس و پێزانینی بۆ دەوڵەتی توركییە هەبوو كە ڕێگە و معالجەی كوردانی برینداری سوورییەیان لە شەڕی داعشدا دەكرد، لە شەڕی داعش و هێرش بۆ سەر كوبانی دەوڵەتی توركییە ڕێگەی بۆ یارمەتیی نیزامی و چوونی هێزی پێشمەرگە لە باشووری كوردستانەوە و تێپەر بوون لە خاكی توركییەوە، كردەوە و یارمەتیی كوبانی دەدا پرسیار ئەوەیە ئەی بۆ دەوڵەتی توركییە دوای ئەم هەڵوێستانە ئامادە بوو هێرش بكاتە سەر عەفرین؟!! ئەم وەڵامە لە بواری سیاسیەوە زۆر ساكارانەیە بڵێین "عەفرین تەنیا تاوانی كورد بوونی دەدات"، لە ڕاستیدا بەڵێ كوردبوون خۆی كێشەیە بەڵام عەفرین باجی سیاسەتی غەڵەتی كوردی دەداتەوە، زۆر سەیر و سەمەرەیە ئەم سیاسەتوانانەی كوردی سورییە بە پێچەوانەی هەموو بەش و پارچەكانی تری كوردستان خەبات و تێكۆشان، كێشە و خواستە سیاسییەكانی كوردی سورییە دەبوو ڕووبە دەمێشق بێ، بەڵام لەگەڵ دەمێشق بە بێ هیچ خواست و وەرگرتنی مافێك دەسازێ و شەڕ و كێشەكانی لەگەڵ دەوڵەتێكی دیكەیە. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: باشە هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم ئاراستە سیاسییەی كوردی سورییە چییە؟!!  وەڵام ئەوەیە جارێكی تر سیاسەتوانانی كورد لە كوردستانی ڕۆژاوا بە هەڵەی سیاسی، كورد و هەلەكانیان كردە قوربانیی نەزانین و سیاسەتی هەڵەی دەستێوەردانی پارچەیەكی دیكەی كوردستان. بەرپرسی یەكەمی قوربانیبوونی عەفرین و كۆمەڵانی خەڵكەكەی سیاسەتی دەستێوەردان، پاوانخوازی و بەكەڵك وەرگرتنی نابەجێی پ ك ك لە بزووتنەوە و هەل و بارودۆخی كوردستانی سورییە لە پێناو بەرژەوەندییەكانی پ ك ك هۆكاری چەواشە و لە بار بردنی بزووتنەوەی كوردی سورییە و عەفرین بووە و هەیە.
بۆیە دەوڵەتی توركیە دوای چاودێریی سنوور، ئاڵوگۆڕ و ئاڕاستەی سیاسی كوردی ڕۆژاوا بەرەو پ ك ك، كۆكردنەوەی دێكۆمێنت و بەڵگە و سەلماندنی بە ئەمریكا و ئیتحادییەی ئۆرووپا بڕیاری هێرش و نەمانی دەسەڵاتی پایەگای دامەزراوەی پ ك ك لە عەفرینی هاوسنووری خۆی دەردەكات و بۆ جارێكی تر توركییە خەونی لە مێژینەی ئیمپراتۆریی خۆی دەبینێ و بیانوشی دەست دەكەوێ بۆ پەرەدانی هەمیسانی سنوورەكانی و خوێنی كوردی بۆ دەڕژێنێ.
دوابەدوای ڕۆڵی سەرەكیی نەشاراوەی كۆماری ئیسلامی لە هێرش و داگیركاری ناوچەی كەركوك لە باشوری كوردستان و توڕەیی كوردی ڕۆژهەڵات لە دەسەڵاتی ناوەندی، خەباتە مەدەنی و جەماوەرییە یەك بە دوای یەكەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات، كۆماری ئیسلامی بە ئامانجی چەندین بەرژەوەندی خۆی و هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی متمانەی كوردی ڕۆژهەڵات و ڕزگاربوون لە مەترسیی بەهێزبوونی بزووتنەوەی كوردی لە ئێران، پرسی كەمپەینی پشتیوانی لە پەیەدە و عەفرینی وەك زەنگی تەفریح و پشوویەكی سیاسی بۆ خۆی لە كوردستانی ڕۆژهەڵات سەیر دەكرد، بۆیە هەر زووبەزوو دۆراوە سیاسییە كوردەكان لە پارلەمانی ئێرانەوە دەستییان كرد بە پشتیوانی لە پەیەدە و كەمپەینی پشتیوانی لە عەفرین.
جێی ئاماژەیە بووترێ كە لە پرسی پشتیوانی و هاوخەمی و بەهانا هاتنی هەركام لە پارچەكانی كوردستان لە خەباتی ڕەوای پارچەكانی دیكە، كوردی ڕۆژهەڵات بە درووستی سەلماندوویەتی، بە هەموو خەفەقانێكی سیاسی و ئەمنیی هەبوو لە ئێران، بە چەند قات زیاتر لە پارچەكانی دیكەی كوردستان ئامادەی خۆبەخشی بووە بەڵام تەمەركوزی كوردی ڕۆژهەڵات لە سەر ڕۆژهەڵات وەك ئەركی سەرەكییە كە نابێ لە ژێر هیچ بیانوویەك و بە سیاسەتی هیچ لایەنێك بكەوێتە پەراوێزەوە. خۆخەریك كردنی كوردی ڕۆژهەڵات بە كەمپەینی پشتیوانیی پەیەدە و عەفرین پێشێلكردنی پرەنسیپەكانی سیاسەتی بزووتنەوەی كوردی ڕۆژهەڵاتە. دەبێ كوردی ڕۆژهەڵات بزانێت بەشداریكردنی كوردی كوردستانی ڕۆژهەڵات، ناچێتە گیرفانی خەڵكی عەفرین و بەڵكوو دەچێتە گیرفانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەگەر كوردی ڕۆژهەڵات وریا نەبێ لە جۆری ئەو بەڵایەی بە سەر عەفرین هاتووە بە شوعار و درووشمی چەواشەكارانە بەسەر بزووتنەوەی كوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا دەچەسپێ. كۆماری ئیسلامی باش كورد دەناسێ و دەزانێ چۆن گەمە بە پرسی كورد بكات بۆیە یەكڕیزی و ووشیاریی كوردی ڕۆژهەڵات و تەمەركوز كردنە سەر پرسی كوردی ڕۆژهەڵات لە نانی ڕۆژانە بۆ كوردی ڕۆژهەڵات پێویسترە.


PM:11:07:10/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 471 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌