ڕامین حسێن‌پەناهی لە زیندانەوە نامەیەکی بڵاوکردەوە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە پێی هەواڵی کەمپەینی ڕزگارکردنی گیانی ڕامین، ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئیعدام لە زیندانی ناوەندی شاری سنە کە ڕۆژی دووی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە دەستبەسەر و لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارە سزای ئیعدامی بە سەرداسەپا، نامەیەکی بۆ دەرەوەی زیندان ناردووە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بۆ ئەو کەسانەی کە خۆشم دەوێن؛
لە لایەن: ڕامین حوسێن پەناهی، زیندانی سیاسی مەحکووم بە ئیعدام

نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم، لە کوشتنی ئەشرەف یان لە حوکمی ئیعدامی براگەورەکەمان ئەنوەر حوسێن پەناهی، تێکشکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ورەی باوکم و فرمێسکی بێ کۆتایی دایکم. لە خوشکە غەمبارەکانم و سێبەری ترس و دڵتەنگی کە هەموو ڕۆژێک و هەموو کاتژمێرێک، سات بە سات، کاتێک کە تەنیا یان بەیەکەوە بووین بدوێم. دەستی چارەنووس، منی خستوەتە شوێن و هەلوومەرجێک کە ڕۆژێک برا گەورەکەم ئەنوەر حوسێن پەناهی، ئەزموونی کردووە.
لەوانەیە درێژەدانی قسەکانم لێرەوە کەمێک هاسانتر بێت. لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەفشینی برام کە لە من گەورەتره بەیەکەوە لەیەک زیندان داین، ئەم نامە دەنووسم، ئەفشین بە هەشت ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کراوە و چاوەڕوانی تەواوبوونی حوکمەکەی و گەڕانەوە بۆ ماڵەوەیە،  وە منیش بە ئیعدام مەحکووم کراوم و چاوپێکەوتنم لێ قەدەغە کراوە، ناشزانم دواتر چی دەبێت. پێش هەموو شتێک و هەموو کەسێک بیر لە دڵی داغدار و پڕحەسرەتی دایکم دەکەمەوە لەوەیکە چۆن ئەو ڕۆژانەی تەحەمول کردووە و دەیکات.
سەردەمێک بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەو هەموو ڕەنج و ئەو هەموو ترسە لە کوێوە دێت وە هۆکاری ڕاستەقینەی زوڵمێک کە لە بنەماڵەم دەکرێت، چییە؛ ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژ و ساتێکی تاڵ کە هەر لە منداڵیەوە بینیومە پێشاوپێش جوابێکی ڕوونی پرسیارەکانم دەەدەنەوە. هەموو کاتێک ئارەزووم ئەوە بوو لەگەڵ کەسانێک کە دەیانناسم، لە دراوسێ و تاکەکانی کۆمەڵگا و هەموو ئەو کەسانەی لە نزیک یەک ژیانمان کردووە، بەیەکەوە لە شوێنێک ژیان بکەین و لەخۆشی و ناخۆشییەکانی ژیاندا لەلای یەکتربین. ئەمڕۆ بیردەکەمەوە ئەو وانانە پێش لە هەرکەسێک لە دایک و باوکمەوە فێربووم. بۆچی دەبێت کرێکاران بەو شێوەیە ژیان بکەن؟ بۆچی دەبێت منداڵان کاربکەن و ڕەنج بکێشن؟ بۆچی ژنان و دایکان ئەو هەموو ڕەنج و زوڵم و جیاوازییە تەحەمول دەکەن؟ بۆچی دەبێ شوێنێک کە تێیدا ژیان دەکەین و لەو شوێنە گەورەبووین ئاگر بگرێت و پیس ببێت؟ و بۆچی نابێت هەموو ئێمە ئازاد بین و لەلای یەکتر تامی ئازادی بچێژین؟
کەم نین کەسانێک کە ئەو پرسیارانەیان بەدەنگی بەرز وتووە و بە تاوانی: شەڕ لە گەڵ خودا، دژە شۆڕش، پەیوەندی لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان، کاناڵە سیخوڕییەکانی بێگانە و ئەندام بوون لە گرووپە تیرۆریستییەکان مەحکووم کراون؛ منیش یەکێک لەو کەسانەم کە لە گەڕان بەشوێن وڵامی ئەو پرسیارانەدا بووم و هەوڵم داوە کە بۆ هەرکام لەم پرسیارانەی کە بوومە وڵامێک بدۆزمەوە لە ڕێگای بەرگری کردن لە چالاکی سیاسی و مەدەنی، ژینگەپارێزی، مافی مرۆڤ، بەرگری لە مافی منداڵان، ژنان و کرێکاران و تەواوی کەسانێک کە هاودڵ و هاودەرد بووین.
ئەمڕۆ زیاتر لە هەر ڕۆژێکیتر لەم تێکەڵاوی و خۆشەویستییە لەگەڵ خەڵک چێژ وەردەگرم. و لەوەی کە لە لایانم هەست بە سەربەرزی دەکەم. ئەوەی کە ساتە ناخۆشەکانی زیندانی ئەفشین دەبینم، نیگەرانی سەرتاپای گیانم دادەگرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش چاوەڕێی حوکمی ئیعدامم، کاتێکی پڕ دەردە، بەڵام بەهای سەربەرزی و خۆڕاگری ڕاوەستان لەلای خەڵکێک کە خۆشم دەوێن، شوێنێک کە تێیدا ژیانم کردووە و کرێکارانێک کە لەگەڵیان کارم کردووە، لە ڕەنجی ئەم ساتەوەختانە کەم دەکاتەوە و بە من و ئەفشینی برام و بنەماڵەکەم سەربەرزی دەبەخشێت. بۆتان دەنووسم.

ڕامین حوسێن پەناهی، زیندانی ناوەندیی سنە 
سێشەممە، ۱٤ی خاکەلێوەی ۱۳۹۷ی هەتاوی

PM:11:31:03/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 894 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌