دۆخی زندانیانی سیاسیی كورد مەترسیدارە

ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی زیندانیانی سیاسی
ئا: ناسر خورشیدی

لەو شوێنەدا كە دەسەڵات ئامادەیە،
 خۆراگریش سەر هەڵدەدات،
 چوونكوو بوون و ئامادەیی دەسەڵات گرێدراوە
 بە ئامادەیی كۆمەڵێك لە خەڵكانی (سەنگەرەكانی) خۆراگری.
فوكۆ

كوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی زاڵبوونی كۆماری ئیسڵامیی بەسەریدا، لە هەناویدا خەڵكێك دەژیت كە خۆیان و پشتا و پشتیان  ڕۆژانە خەریكی دەست و پەنجە نەرم كردن لەگەڵ كێشەگەلێكی وەك زیندان و سێدارەدان و ڕووبەڕووی دەبنەوە. ڕۆژانە شار و شارۆچكە و لادێكان پڕە لە هەواڵی كچی فلان كەس گیرا، برای فلان كەس لە سێدارە درا فڵان كەس حوكمی هەتا هەتایی بەسەردا سەپا و لەم نموونانە. كۆماری ئیسڵامی هیچ كات دەستی لە كورد نەپاراستووە و ناشی پارێزێت چ بە سێدارە بێت چ بە داسەپاندنی زیندانی درێژ خایەن یان كوشتنی لاوان و گەنجان لە ژێر ئەشكەنجەدا.
لە نەبوونی ڕۆژنامە و تیڤی  ئازاد و ڕاستگۆ لە سەردەمی تێكنۆلۆژیادا ئەم ئەركە سۆشیال میدیا گرتوویەتە ئەستۆ ئەویش زۆر جاران بەهۆی كەم بوون و نەبوونی زانیاری و ووشیاریی ئاكادێمیك لە كاری میدیاییدا، هەواڵی ناڕاست زۆر بڵاو دەبێتەوە و خەڵكیش سەری لێدەشێوێت و نازانێت دەبێ باوەڕ بە كام هەواڵ بكات.
هەر وەك وترا سێدارە و زیندان شتێكی نامۆ نییە بۆ خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ئەم چوار دەیەی تەمەنی حكوومەتی كۆماری ئیسڵامیی و زۆرجاران پەت و سێدارەكەی لە ناو دڵی شەقامەكاندا هەڵدەدا تا خەڵك بە ئاگابن كە دەبێ هۆشیان بە جووڵەكان و هەڵوێستەكانیانەوە هەبێت دەنا ئەوانیش لە سێدارە دەدرێن. بەڵام خەڵكی مافخواز هیچ كات نەترساوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەم حوكمگەڵە هەر دەددرێن بۆ ڕۆڵەكانی كورد و ئەوانیش ڕۆژ بە ڕۆژ پێداگرتر دەبن لە سەر مافە ڕەواكانیان.
لە ناو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ۲۵ زیندانی كورد حوكمی درێژخایەنی ۱۵ تا ۴۰ ساڵیان بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا لە ناو زینداندان. زۆرترین حوكم بۆ "چەنگیز قەدەم خێری" بەندكراوی سیاسی كوردە كە لە ساڵی ۱۳۹۰ی هەتاویدا پاش تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكان بریندار دەكرێت و لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سنەوە سزای ۴۰ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە لە شاری سنەی بەسەردا دەسەپێندرێت و پاش دوو ساڵ  دوور دەخرێتەوە بۆ بەندیخانەی شاری "مەسجد سولەیمان" لە پارێزگای ئەهواز. ناو براو لەم شەش ساڵەدا بە برینداری لە بەندیخانە ڕاگیراوە و برینەكانی چارەسەر نەكراون و بەرپرسانی بەندیخانە و ئیدارەی ئیتلاعات ڕێگرن لە چوونە دەرەوەی ناوبراو بۆ چارەسەر كردنی برینەكانی. شایانی باسە كە چەنگیز قەدەم خێری ئێستا گورچیلەكانی ئاوساون و ئەگەری لە دەسدانی گورچیلەكانی هەیە.
عوسمان مستەفاپوور، زیندانیەكی دیكەی ناو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامییە كە ۲٦ ساڵە لە ناو زیندان دایە و هەنووكە ۹ ساڵی تر لە حووكمەكەی ماوەتەوە و ناڕەاو ئێستا لە زیندانی شاری ورمێ لە بارودۆخێكی زۆر خراپ دایە. 8 زیندانی سیاسیی دیكەیش هەن كە مەحكووم بە حوكمی ئەبەد (هەتاهەتایین) كە لەناویاندا ناوی ژنێك بەڕچاوە بە ناوی زەینەب جەلالیان. زەینەب (زەینەب ئێستا ۳۴ساڵی تەمەنە) لە ساڵی ٨٦ی هەتاوی بە دەست هێزەكانی ئیدرای ئیتلاعاتی شاری كرماشان دەستبەسەر دەكرێت سەرەتا مەحكووم بە سێدارە دەكرێت دواتر لە فەرجام خوازیدا حوكمەكەی دەشكێت بۆ ئەبەد. ناوبراو لە بارودۆخێكی زۆر خراپ دایە و دەنگۆی لە دەستدانی بینایی هەیە و لە بواری جەستەییشەوە هەر بارودۆخی خراپە و ئەمانەش هەمووی بەهۆی ئەشكەنجەوە بووە.
بەڵام یەكێك لە كۆنترین زیندانی سیاسیی كورد لە هەشتا و یەكەمین ڕۆژی مانگرتنیدا نامەیەكی نووسی و ناردیە دەرەوەی زیندان و  لەو نامەیەدا خۆی بە بێكەسترین زیندانی ناساند و ڕووی لە كۆمەڵانی خەڵك كرد و گوتی: "بێكەسترین زیندانیی شار منم". من كە ٨۱ ڕۆژی مانم لە خواردن گرتووە نە كەسم هەیە گوێم لێبگرێ، نەكەسم هەیە یارمەتیم بدات جگە ئێوە كەسم بۆ نەماوەتەوە".ئەوەی باسی دەكەین كەس نییە جگە لە "محەممەدی نەزەری" كە ۲۴ ساڵە لە زیندان دایە و دوو جار مانی گرتووە لە خواردن بۆ گەیشتن بەمافەكانی. یەكەم جار چل ڕۆژ بە لێوی دوراوەوە ئەمجارەش دوای تێپەر بوونی چوار ساڵ دیسان دەستی دایە مانگرتن و ئەم جارەیان ۹۹ ڕۆژی خایاند. محەممەد نەزەری، زیندانی سیاسیی كورد كە دەبێ بەپێی ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر یاسای سزای ئیسلامیی "ئێران"دا هاتووە (مادەی ۱۰ و ۱۳۴ی یاسای سزای ئیسلامی دەڵێت هەركەس كە گیرا لە هەر چەند لە حوكمەكانیدا كە بە سەریدا سەپاوە زیاترین حوكم چەندێك بێت دەبێ ئەوە بكێشێت و باقیی حوكمەكانی دیكەی لە سەر لادەچێت). بەپێی ئەم یاسایە نەزەری، دەبێت ۱۵ ساڵ لە ناو زینداندا ببوایە كە ئێستا ۲۴ ساڵە لە ناو زیندان دایە و تا ئێستاش ئازاد نەكراوە و لە ڕەجایی شارەوە گواستراوەتەوە زیندانی ورمێ.
زیندانیانی مەحكووم بە سێدارە 
ڕامین حسێن پەناهی و هیدایەت عەبدووڵڵاپوور نوێیترین زیندانیایانی مەحكووم بە سێدارەن. ڕامین حسێن پەناهی یان باشتر وایە بڵێم حسێن پەناهی ناوێكی ئاشنایە بۆ هەموو كوردێكی كوردستانی ڕۆژهەڵات بە چەندین هۆكار:  یەكەم، كاك ئەنوەری برای ڕامین حسێن پەناهی كە ئەویش ماوەیەكی زۆر ئەگەری لە سێدارەدانی بوو كە دواتر بێ گووناهیەكەی سەڵمێندرا و ڕزگاری بوو لە پەتی سێدارە. دووهەم، ئەشرەفی برای بوو كە بە شێوازێكی گوماناویی گیانی لە دەستدا یان باشتر وایە بڵێین كوشتیان و هیچ كات ڕوونیان نەكردەوە كاری كێ بووە. سێهەم، سەباحی بن ئامۆزایان كە دووی پووشپەر لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە لەگەڵ حامد سەیف پەناهی و بێهزاد نووریدا شەهید كران.
ڕامینیش هەر لەم ڕۆژەدا دەسبەسەر دەكرێت و دوای تێپەڕكردنی پتر لە دووسەد ڕۆژ مانەوە لە ناو زیندانە تاكەكەسیەكانی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا لە لایەن دادگای شۆرشی شاری سنە حوكمی سێدارەی بۆ دەركرا. ڕامین لە بارودۆخێكی زۆر نالەباری جەستەییدایە بە هۆی ئەشكەنجەوە لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گورچیلەكانی ئاوساون و خوێنڕێزیشی كردووە. شایانی باسە ڕامین لاوێكی ۲۴ ساڵانە كە لەگەڵ ئەفشینی برای چەند ڕۆژێك مانیان لە خواردن گرتبوو. چوارەم، هەر ئەم ساڵ ئەفشینی بڕاشی كە چالاكێكی ژینگەپارێز و مافی مرۆڤە بە زیندان مەحكووم كرا. شایانی باسە هەم بۆ ڕامین و هەم بۆ هیدایەت ئاكسیۆنگەلێكی زۆر كاریگەر لە زۆربەی پێتەختەكانی جیهان ڕێكخرا بۆ پشتیوانی كردن لەم دوو زیندانیە سیاسیەی كوردە. لە ناو خۆی وڵاتیش ۳۲ كەسایەتیی ناسراو لە پارڵمانتارە پێشووەكان و ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی زانكۆ، داوایان كردبوو لە تۆی بەیانامەیەكدا پێداچوونەوەیەك بە دۆسیەكانی ئەم دوو كەسەدا بكرێت.
لووقمان و زانیار مورادی دوو لاوی دیكەی مەحكووم بە پەتی سێدارەن كە زیاتر لە ۹ ساڵە بە گووتەی خۆیان بێ‌ تاوان گیراون. ئەم دووكەسە كە هاورێی یەكن و هیچ خزمایەتیەكیان نییە خۆیان دەڵێن: "ئێمە بێ تاوانین بەڵام تاوانبار كراون بە كووشتنی سێ كەس. ئێمە  لە ژێر ئەشكەنجەدا گووتبوومان ئێمە بووین تا وازمان لێ بهێنن." بەڵام دواتر ئەوان ئێعترافاتیان وەرگرتەوە و گوتیان ئێمە نەبووین. ئێستا لە زیندانی ڕەجایی شارن و لە بارودۆخێكی زۆر خراپ دان. چەن ڕۆژ پێش دیسان دەنگۆی جێبەجێ كردنی حوكمی ئێعدامیان هات و خۆشبەختانە بە هۆی تەكمیل نەبوونی دۆسیەكەوە دواخراوتەوە.

ئەو لیستەی لە خوارە پێشكەشتان دەكرێت ناوی ئەو كەسانەن بە حوكمی درێژ خایەن یان ئەبەد و سێدارە مەحكووم كراون.
چەنگیز قەدەم خێری ۴۰ ساڵ
عوسمان موستەفاپوور ۳۵ ساڵ
یاسین موقەدەم نژاد ۳۱ ساڵ
كەماڵ شەریفی ۳۰ ساڵ
شاكر باقی ۳۰ ساڵ
محەممەد عومەر پوور ۲۹ ساڵ
حەسەن چیلان ۲۹ ساڵ
والی دروودی ۲۵ ساڵ
عەبدووڵڵا عومەر پوور ۲۲ ساڵ
ئارمان زەمانی ۲۲ ساڵ
سیروان زەمانی ۲۲ ساڵ
ڕۆستەم ئەركیا ۲۰ ساڵ
كەماڵ محەممەدی ۲۰ ساڵ
قادر محەممەد زادە ۲۰ ساڵ
محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی ۱٨ ساڵ
عەلی محەممەدی موقەدەم ۱٨ ساڵ
عەلی محەممەدی ۱٨ ساڵ
ئەحمەد تەمۆیی ۱۵ ساڵ
مستەفا سەبری ۱۵ ساڵ
ئەردەشێر دلایی ۱۵ ساڵ
ئەحمەد عەلەم هۆیی ۱۵ ساڵ
حەسەن ئۆهامی ۱۵ ساڵ
دەروێش زەندی ۱۵ ساڵ
جەماڵ محەممەدی ۱۵ ساڵ
سامی موسەوی ۱۵ ساڵ 

مەحكووم كراوان بە ئەبەد:
 
زەینەب جەلالیان
محەممەد نەزەری
حەبیب ئەڵڵاە لەتیفی  
عومەر فەقێ پوور
خالید فرێدوونی
سیامەك زەمیری
جەماڵ ئەمین زادە
نەزیم حەیدەری

مەحكووم بە سێدارە:
ڕامین حسەین پەناهی
هیدایەت عەبدووڵڵاپوور
لووقمان مۆرادی
زانیار مۆرادی
ئێبراهیم عیساپوور
حەسەن فەرەجی
دیاكۆ ڕەسووڵزادە
ڕەزا مەڵازادە
عەبدووڵڵا سەروەریان
كەماڵ ئەحمەد نژاد
مستەفا سەلیمی
هووشەنگ ڕەزایی
ئەنوەر ڕۆستەمی
سابیر شێخ عەبدووڵڵا
ئەبووبەكر ڕۆستەمی
كەماڵ حەسەن ڕەمەزان (ڕۆژئاوای كوردستان)
عەلی ئەحمەد سولێیمان (باشووری كوردستان)

تێبینی: سەدان زیندانی سیاسی هەن لە ناو زیندانەكان دان بەڵام من تەنیا لەم یاداشتەدا خوار ۱۴ ساڵ مەحكوومیەتم  نەنووسیووە.


PM:09:28:11/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 435 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌