خۆزگه

ئارام بوداغی

 خۆزگه هاوارم بگاتە خاكی پاكی ڕۆژهەڵات
 دەنگ بداتەوە له شاخ و دوڵ و كوێستانی وڵات
 داگەڕێ بۆ دەشت و باخ و لێڕەوار و دارستان
 ڕاچڵەكێنێ شار و گوندی دڵ به خوێنی كوردستان
 تا ببیستێ كیژ و كوڕ و لاوی ئەم نیشتمانه
 چۆنە ڕاهاتوون به زوڵمی داگیركەر و بێگانه؟
 چۆن ڕاهاتوون به بێ مافی و به زیندان و سێدارە؟
 بە چاوەڕوانی و بێدەنگی و شەقامی پڕ قەنارە
 بۆچی كۆت و بەند كراوە كیژی ئازا و سەربزێو؟
 كپ كران دەنگی دلێر و كەت كران زمان و لێو
 تاكو كەی كورد دەربەدەر بێ و ماڵ بەكۆڵی باژێڕان
 هێزی بەرهەمهێنەر، چما بێ وڵات و ماڵ وێران؟
 تاكو كەی بنێژێ ڕووبار جام و شەپۆلی ئاوی؟
 هەڵگڵۆفن كانی و چاوە، چاوی وشك و تۆزاوی؟
 تاكو كەی هەڵقرچێ ناخی دار بەڕوو و بەژنی چنار؟
 بۆ دەبێ جێ خۆش بكەن له لێڕەوار تەور و مشار؟
 كوا به نیازی گرتنه ئامێز داس بۆ گوڵ دادێتەوە؟
 لاوی كورد تاكەی له خوێنی سووریدا بتلێتەوە؟
 چۆن دەبێ كورد سواڵی مافی خۆی له داگیركەر بكا؟
 تابەكەی هەر ژێرچەپۆك بێ و چارەیەك بۆ خۆی نەكا؟
 كوانێ ڕابوونی جەماوەر، گوڕوتنی خورۆشان؟
 كوانێ شاڵاو و ئاخێز و باڵی شەپۆلی هەستان؟
 كوانێ ماڕشی ڕاپەڕین تا دەرپەڕێنێ دوژمنان؟
 هەڵبكەین ئاڵای وڵات و كورد بكا تامی ژیان
 دابمەزرێ دەوڵەتی كورد سەربەخۆ وەك میللەتان
 دادی بێدادان بپرسێ و ڕەنجبەر و بەشمەینەتان
 با شنەی دەمەو بەیانی سەركەوتن و ئازادی
 لابدا پەردەی شەوی تار بگەینە لووتكەی شادی
 شانبەشان یەكسان ژن و پیاو ئاوەدان كەن نیشتمان
 با به ئازادی و به ئاشتی هەڵبدەن بەرەی نوێمان

PM:09:18:11/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 994 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌