"دەگەڕێیتەوە و ڕادەماڵی هەرچی تەوژمی ئازارە"

بۆ ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی كۆمەڵە
جەمشید بەهرامی

ئەمجارەیان دەگەڕێیتەوە، لە توولەڕێی بەفرانبارێكی ئەم كوێستانە سەربەتەمەوە، بە هەناسەی ژیلەمۆی پشكۆی دووریی و دابڕانەوە دەگەڕێیتەوە...
لەم دوو ڕێیانی حەز و مەنفایەدا، لەم زەمەنە تاقەت پڕووكێنی دوورییەدا، بە باوەشێك گوڵی سووری هیواوە دەگەڕێیتەوە، بەدەم شنەبای حەزەوە بە پشت هەوارەكانی نیشتماندا دادەگەڕێیت و دەگەڕێیتەوە... 
ئەستێرەكان بە دەم هەنسكی گڤەبای سەرخۆشیی نیشتمانەوە بانگت دەكەن، ئەوە تۆیت: بەورێكی كەڵەگەتی ئاگرینی گەنم ڕەنگی پڕ لەورە، لەو سەر سەرە، لەو بەرزاییدا بە سەر ترۆپكی یاددا باز دەدەیت و ئەمێستاكەم ڕووناك دەكەیتەوە... 
ئەو تۆیت هاوڕێ لەگەڵ باڵی چۆلەكە و بریسكەی ئەستێرەكان، لە پشت هەورەوە دەردەكەویت؛ لە سەر سینگی سەرچیادا، ئاڵا بەدەست، ڕیزە فیشەكی گوڵ لەدەور مل، بە نەعرەتەی ئاگرینەوە دەگەڕێیتەوە... سوور سوور ئەتیشكێیتە نێو چاوی ئەستێرەكانی ئەم ئاسمانە تامەزرۆیەم، دیسانەوە هیوای ئەم دەڤەرە چرۆ دەكات و سوور سوور گوڵ دەگرێت، گەڕانەوەت هەموو نیشتمان دەكاتە ڕووناكایی...
ماندوویت، گڕی حەزی گەڕانەوە ماندوویەتیت لە بیردەباتەوە، بە دیار پێشوازیی پەپوولە پاییزیەكانەوە دادەنیشیت، لووتكەی شاخەكان دەبنەوە ئامێزت، ئاڵا سوورەكەی دەستت دەكەیتە سەرین و لە بن سێبەری هەڵاڵەبرمەدا وچانێك دەدەی، لەچاوترووكانێكدا چاوێك بەم ڕێگا دوور و درێژەتدا دەخشێنی... ئەوە تۆ بوویت وەك تریفەی مانگەشەو ڕژایتە نێو باوشی ئاسمانەوە، ئەو تۆ بوویت بوویتە هیوا بۆ كۆترە بێ‌باڵەكان، ئەو تۆ بووێت گوڵەگەنمی هیوات بۆ چۆلەكە سەربزێوەكان ڕۆ دەكرد، ببوویتە هاوڕێی گیانی بە گیانی پەڕەسێلكە و پێدەشت پێدەشت و كۆ بە كۆ ڕێت دەكرد؛ هەڵۆئاسا باڵت دەگرتەوە و لەو سەر سەرەوە ورەبەخشی چنارەكان بوویت... هەر چنار بوو و باڵای دەكرد، هەر كوێستان و بەفر بوو كە دەبوونە هاوڕێت و دەوەن دەوەن دەبووە حەشارگەت، هەر گوڵ بوو و بۆنی دەگرت و شەونمی یادت لە گۆنای دەتكا، هەر پەپوولە بوو بە سەر سنگتدا هەڵدەزنا و وچانێكی دەدا و لە سەر چەكەكەت خەوەنووچكە دەیبردەوە، هەر باڵندەبوو هەواڵی هاتنەوەتی دەبردەوە و دەیدا بە گوێی زریانی بێتاقەتی یادەكانی هەژاراندا، هەر ئامانج بوو گوڵی دەگرت و هەر دڵۆپەباران بوو دەبووە فرمێسكی شادیی چەوساوەكان... 
ئەرێ تۆ بووی، بە درێژایی ئەم چەند ساڵە، لەم دووڕێیانی دووركەوتنەوە و گەڕانەوەدا دەهاتیتەوە، ئەرێ تۆ بووی، تۆ سوورە هەڵۆی چنگ‌بەگڕی سەرشاخانم... 
بەدرێژایی ئەم ساڵانە كێشكچی هیوای كیژۆڵە شەرمنەكەی نیشتمان بووی، كێشكچی خەونی وەنەوشە و بزەی سەرلێوی بێ‌بەشان بووی، لەم شەوەزەنگە دوور و درێژەدا تۆ گلێنەی چاوی نیشتمان بووی...
ئەمجارەیان گەڕانەوەی یەكجاریتە، شان بە شانی هاوڕێیانت، بە شریخەی چەكەكەتانەوە خەونی شەوزەنگ دەزڕێنن... دەگەڕێیتەوە، شریخەی چەكەكەت دەبێتەوە بە ئاوازی بلاوێنی ئەم دەڤەرە... دەگەڕێیتەوە چیتر پەپوولەكان بێ هێلانە نین، باڵندەكان دەست لە ملی ئەستێرەكان بە شەوقی گەڕانەوەی تۆ و هاوڕێیانی دوورەوڵاتەوە دەبنە شەستەباران و تۆزی ڕێگات دەشۆرنەوە...
ئەمێستاكە تۆیت و باوەشێك پڕ لە بۆنی مێخەكی فیراق و گەڕانەوەت، تۆیت و چاوی تامەزرۆی هەنارەكان، دارچوالەكان، داربەڕووە بێ‌نازەكان، تۆیت و باڵای بەرزری چنارەكان، تۆیت و هەنسكی لەمێژساڵەی كیژۆڵەكان، تۆیت و گوڵ‌غوونچەی تامەزرۆی بزەی گوڵ و تۆیت و چەكەكەت و ئاڵاسوورەكەی دەستت... دەگەڕێیتەوە و ڕادەماڵی هەرچی تەوژمی ئازارەی ئەم ساڵانەیە... .

PM:09:11:11/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 507 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌