رسوایی رژیم و ترساندنی بنەماڵەی كیانووش زەندی

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاو كراونەتەوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ، بە دایكی كیانووش زەندی راگەیاندوە كوڕەكەیان بە هەڵە كوژراوەو ئامادەن دیەكە بدەن و لە هەمانكاتدا وەك شەهید ناوی بنووسن و شەهیدانە بدەن بە بنەماڵەكەی.
ئەم داواكارییەی بەرپرسانی ئیتلاعاتی شاری سنە ئەو پەڕی بێشەرمی و ڕسوایی ئەم دەسەڵاتە دەگەیەنێت كە وا لێك ئەداتەوە خەڵك لە پێناو پارەدا یان لە ژێر ترس و تۆقاندندا ئامادەن ملكەچی خواستە نا ئینسانییەكانی ئەوان بن. 
كیانووش زەندی، لە رەوتی خۆپیشاندانەكانی مانگی بەفرانبار لە شاری سنە دەستبەسەر كرا و دواتر لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستدا. ئەو كات بەرپرسانی ئەمنیەتی شاری سنە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەم كوژراوەی رەوتی خۆپیشاندانەكان كردبوو كە نابێت بە هیچ شێوەیەك لە گەڵ میدیاكان و راگەیاندنەكان لە سەر مەرگی كوڕەكەیان قسە بكەن. 
رژیمی كۆماری ئیسلامی و دەست و پەیوەندەكانی لە شاری سنە، ئەودەم هۆكاری مەرگی كیانوش زەندیان بۆ خۆكوژی گەڕاندەوە، بەڵام ئێستە خۆیان دانی پێدا دەنێن كە ئەم گەنجە كوردەیان لە ژێر ئەشكەنجەدا كوشتووە و بە هەڵە كوشتوویانە. 
هەوڵدان بۆ بێدەنگە كردنی بنەماڵەكان  یان بەلاڕێدا بردنی كەیسی كوژراوان لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە دەرخەری ماهیەتی دژە ئینسانی ئەم رژیمەیە. هەر لە سەردەمی خۆپیشاندانەكاندا و دوای مەرگی لاوێكیتری شاری سنە لە ژێر ئەشكەنجەدا بە ناوی سارۆ قارەمانی، بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی كەیسی سارۆ ، باوكی سارۆیان بردە بەردەم كامێرا و ناچاریان كرد كۆمەڵێك شت بڵێت كە راست نەبوون و نین، لەوانە پەیوەندی سارۆ لەگەڵ كۆمەڵە، كە كۆمەڵە لە زاری ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی خۆیەوە ئەم ئیدیعایەی رەت كردەوە. 
ئێستەش بە ترساندنی بنەماڵەی كیانووش زەندی و بە هێنانە بەر باسی ئەوەی كە (دیە)ی ئەم گەنجە دەدرێت و لەهەمانكاتدا وەك (شەهید!) ناوی تۆمار دەكرێت ، دەیانهەوێت هەم بە ڕێگای ترس و هەم لە رێگای پارەوە بنەماڵەكەی بێدەنگە لە مەرگی كوڕەكەیان بكەن. 
پێویستە چالاكانی مافی مرۆڤ زۆر بە وریاییەوە لەگەڵ ئەم پرسە مامەڵە بكەن و بە سەردان كردنی بنەماڵەی كیانووش زەندی و بە تایبەت دیدار لەگەڵ دایكی، ئەو لایەنانە دیاری بكەن كە هەڕەشەیان لەم دایكە جەرگ سووتاوە كردوە كە دەبێت بێدەنگە بكات بەرامبەر بەمەرگی كوڕەكەی و ئێستەش دەیانهەوێت بە هێنانە باسی پارە، بنەماڵەكەی بێدەنگە هەڵبژێرن.

PM:02:03:13/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 417 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌