ئیسرائیل فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی خستە خوارەوە

ئا: ئاسۆی ڕۆژهەڵات

ئەرتەشی ئیسرائیل رۆژی شەممە ٢١ی رێبەندان لە راگەیاندنێكدا رایگەیاند كە هێزە ئاسمانییەكانی ئەو وڵاتە توانیویانە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێران لە سەر بەرزاییەكانی جۆلان بخەنە خوارەوە و لە وەڵام بەم بەزاندنەی خاكی ئیسرائیل لە لایەن ئێرانەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بنكە سەربازییەكانی ئێران لە خاكی سووریەیان بۆمباران كردووە. 
لە هەمانكاتدا، فڕۆكەیەكی F16ی ئیسرائیل لە لایەن مووشەكە سووریەكانەوە خراوەتە خوارەوە. 
لە راگەیاندنێكدا هێزی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندووە، فڕۆكەیەكی ئیسرائیلی بەرلەبەیانی رۆژی شەممە توانیویەتی سەركەوتوانە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی كە لە خاكی سووریەوە دزەی كردبووە سەر بەرزاییەكانی جۆلان بخاتە خوارەوە. 
هێزی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، لەو كاتەوەی ئەم فڕۆكەیە دزەی كردە ئاسمانی ئیسرائیلەوە لە لایەن هێزی بەرگری ئەو وڵاتەوە دۆزرایەوە و سەرەنجام خستیانە خوارەوە. 
هەر لەم راگەیاندنەدا هاتووە: لە وەڵام بە بەزاندنی ئاسمانی ئیسرائیل لە لایەن ئێرانەوە، بنكە سەربازییەكانی تایبەت بە ئێران لە سووریە بۆمباران كراون. 
لە هەمانكاتدا، خاناتان كۆنریكۆس، وتەبێژی ئەرتەسی ئیسرائیل  لە ئەژمارەی تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل توانیویانە ناوەندی كۆنتڕۆڵ و چاودێری كردنی فڕۆكە ئێرانیەكە لە سووریە بۆمباران بكەن  و دوای وەڵامدانەوەی سیستەمی دژە فڕۆكەی سووریە ، فڕۆكەیەكی F16 ئیسرائیلی خەساری بەركەوت و لە باشووری ئیسرائیل كەوتە خوارەوە، بەڵام دوو  فڕۆكەوانەكە رزگاریان بووە. 
جاناتان كۆنریكۆس جەختی كردۆتەوە :" ئێران بەرپرسە بەرامبەر بە بەزاندنی سنووری ئاسمانی ئیسرائیل. 
ئەمە یەكەمجار نییە ئیسرائیل باس لە خستنە خوارەوەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی دەكات. مانگی خەرمانانی رابردووش هێزی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند كە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەكەی خستۆتە خوارەوە. 
جێگەی ئاماژەیە سێ شەممەی رابردوو رێكەوتی ١٧ی رێبەندان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو و بێ وێنە سەردانی بەرزاییەكانی جۆلانی كرد. 
ناتانیاهۆ لە وتەیەكدا لە بەرزاییەكانی جۆلان رایگەیاند، وڵاتەكەی لایەنگری ئاشتی و خوازیاری ئاشتییە، بەڵام بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەیە و ئامۆژگاری وڵاتان دەكەم ئیسرائیل تاقی مەكەنەوە. 


PM:09:20:10/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 77 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌