سندووقی جیهانیی پارە و ئابووریی ئێران

ئا: ناسر خورشیدی
 
بانک و بانکداری لە کۆماری ئیسڵامیی ئێراندا باسێکی زیندووە و  ڕەخنەگرانی تایبەت بە خۆی هەیە و تەنانەت بەرپرسانی ئەم ڕژیمەش حاشا لە گەندەڵ بوونی ئەم سیستمە ناکەن و بە ئاشکرا دانی پێدادەنێن. هەرچەند ئەگەر بمانەوێت ڕێژەی ورد سەبارەت بە سیستمی بانکی و ئابووری و بێبژیوی و بێکاری و سەرلێشێواوییە کۆمەڵایەتیەکان، کە بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ ئابووری، دەستنیشانکردنی ئەم ڕێژانە، بکەین گومانی تێدا نییە کە ئەم هۆکارانە ڕێگرن لەوەی بمانەوێت بە درووستی و بەپێی ئاماری ورد باسی سیستمی بانکیی ئێران بکەین. خۆگێلکردنی کۆماری ئیسڵامی تەنیا تایبەت نییە بە بەشی ئابووری و سیستمی بانکیی ئەم وڵاتە و لە بەشە ڕەسمیەکانیشدا ئاماری ورد و باوەڕپێکراو بوونی نییە و هەمووان بە باشی لە شێوازی تۆمارکردنی ئامار لە سیستمی کۆماری ئیسڵامی بەئاگان.
هەر بۆیە لێرەدا قەناعەت بە ئامار و دواین بەیاننامەی سندووقی جیهانیی پارە(lMF) کردووە و لەسەر ئامار و ئامۆژگاریەکانی ئەم ناوەندە جیهانی و گرینگەی پووڵ دەدوێم. بەڵام پێشەکی سەرنجی خوێنەران بۆ ڕەستەیەک ڕادەکێشم "سیستێمی بانکی ئێران ناکارامەترین سیستێمی بانکییە لە جیهاندا" ئەمە قسەی نووسەری ئەم ڕاپۆرتە نییە، بەڵکوو قسەی ئایەتوڵڵا ئەراکیە کە لە هەواڵنێریی تەسنیمی سەر بە کۆماری ئیسڵامی بڵاوبۆتەوە و بەگوتەی ئەراکی، بەڕێوبەری گشتی کۆمەڵی نزیککردنەوەی ئایینەکان، وێڕای ڕەخنە لە دەزگای بانکیی وڵات گوتی: "سیستمی بانکیی ئێمە گەندەڵترین، چەپەڵترین و شکستخواردووترین سیستمی بانکییە لە هەموو دنیادا.
ئێستا زۆربەی کارناسان لەو باوەڕەدان کە چاکسازیی سیستمی بانکیی ئێران بەقەد بەرجام پێویستە بۆ و دەبێ بە زووترین کات ئەم گۆڕانە لە سیستمە بانکیەکەیدا پێک بهێنێت. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا جگە لەو مێکانیزم و ڕەوتە کەڵکدارانەی لە بانکداری و سیستمی بانکیدا هەیە یەک شت لە هەموویاندا هاوبەشە، بانک وەک وامدەر پێیخۆشە زیاترین قانزانجی وەبەربکەوێت، لە هەمان کاتیشدا واموەرگر و خاوەنی بونگا و دامەزراوە داراییەکان پێیان خۆشە بە کەمترین سوودی بانکی جێبەجێی بکەن هەر بۆیە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا گرینگی دەدەن بە تەندرووستیی دارایی و کارابوونی بنکە و کارگەکان و... وڵاتانی وەک ئێران بە پێچەوانەی وڵاتە پێشکەوتووەکانن و هیچ ئاسۆیەکی درێژخایەنیان نییە و تەنیا تێدەکۆشن زیاترین قازانج ببەن بێئەوەی بۆیان گرینگ بێ کارابوونی بنەکە و کارگا پیشەسازییەکان چارەسەرێکی گەورەی کێشەی بێکارییە لە ئێراندا کە گەیشتۆتە ۱۲/۵ لەسەد و لە هێندێک پارێزگادا ڕێژەی بێکاری زیاترە (کرماشان ۲۰ لەسەدی خەڵک بێ کارن).
لێرەدا با بچینە سەر باسی ڕاپۆرتی سندووقی جیهانیی پارە کە ساڵانە بە وڵاتانی ئەندامی ڕاوێژدەدات کە ئێرانیش یەکێک لەم وڵاتانەیە. نوێنەرانی سندووقی نێونەتەوەیی پارە لە ڕۆژانی ۲-۱۳ی دیسامبر لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران سەبارەت بە ئابووری و سیستمی بانکی ئەم وڵاتە کۆبوونەوە و ئاکامی کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەک بوو کە تێیدا باسی زۆر خاڵ و ئامۆژگاری گرینگ کراوه بۆ ئێران کە یەکێک لە بابەتە هەرە گرینگەکان گۆڕینی سیستمی بانکییە. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئێران توانیویەتی بەهۆی بەرجام و لاچوونی گەمارۆکان هەم گەشە بە ئابووری خۆی بدات و بیگەیەنێتە ۴/۲ و لە هەمان کاتیشدا ڕێژەی هەڵاوسان تەک ڕەقەمی ڕابگرێ واتە ۹/۹ تا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر".
گەمارۆ نوێکانی ئێران لەلایەن ئامریکاوە، ئێران و ئابووریی ئەم وڵاتە دەخاتە مەترسیەوە و ناتوانین بڵێین داهاتوو داهاتوویەکی گەشی ئابووری دەبێ بۆ ئێران. بۆ هەڵاوسانی تەک ڕەقەمی ۹/۹ ئەویش لە ئەگەری گرانبوونی سووتەمەنی (بێنزین و گازۆییل) دیسان بەرزدەبێتەوە بۆ دوو ڕەقەمی کە هەر ئەم بەڕزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسانە لە ڕاپۆرتی سندووقی جیهانی پارەدا هاتووە و ئاماژەیان بەگرانبوونی سووتەمەنی کردووە کە ڕێژەی هەڵاوسان دەگەێنێتە لەسەدا دە.

کاترۆنا پارفیڵد، بەرپرسی تیمی بەشداربووی ئەم گفتوگۆیانە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی و بەشداربووی پلەبەرزی سندووقی جیهانیی پارە دەڵێت: "ئێران بە خێرایی پێویستی بە ڕێفۆڕمە لە سیستمی بانکیدا." لە درێژەدا دەڵێت: لێکۆلینەوەکانمان دەریخستووە کە سیستمی بانکیی ئێران لە بواری داراییدا بێ کوالێتی و لاوازە، سیستمی وام دانیان هەڵەیە و وامگەڵێکی بێ سوود و بێکەڵک دەدەن، هەروەها کۆمەڵێک وام لەم سیستێمەدا دەدرێت کە ناگەڕێتەوە ناو سیستمی بانکی و لەلایەن ئەوانەی وەریان گرتووە دەخورێن، ئەوانە دەبێتە هۆکارگەلێک کە سیستمی بانکیی ئێران دەخاتە مەترسیەوە هەربۆیە دەبێ بە زووترین کات چارەسەریان بکات و گۆڕان لە سیستمی بانکیی خۆی پێکبهێنێ". وەکیتر دەڵێن: "سیستمی بانکیی ئێران جگە گۆڕان و ڕێفۆڕم لە سیستمی بانکیدا پێویستە قەرزی دەوڵەت کەمبکاتەوە، ئەرز و دراو تاک ئاست بکاتەوە، هەروەها دەبێت سیاسەتی بازاڕ بگرێتە پێش و بروکراسیی ئیداریی خۆی کەمبکاتەوە و پێداچوونەوەش بە یاسای کاردا بکات". سەبارەت بە ژنان دەڵێت: "ئێران دەتوانێت لە ژنان کەڵکوەربگرێت وەک هێزی کار و بە مەبەستی چارەسەرکردنی بەربەستە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان و هەروەها لەناوبردنی جیاوازیی حەقدەستی نێوان ژنان و پیاوان و پێویستە یارانە بە ژنانی کەم داهات وەک مافی یارمەتیی پارێزگاریی لە منداڵ بدرێت و هەلی زیاتر لە بازاڕدا بۆ ژنان هەڵکەوێت تا ژنان بتوانن بەشدار بن لە بازاڕی کاردا و لەم ڕێگایەوە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیاتر بێتەوە". 
بەشێکی هەرەگرینگی ڕاپۆرتەکە باس لە سپیکردنەوەی پارە و تیرۆریزم دەکات: "ئێران پێویستە تا پێش کۆتاییهاتنی ژانویە واتە تا مانگێکی دیکە بەرنامە (FATF گرووپی تایبەتی دارایی) واژوو بکات و پڕاوپڕ بەکاری بهێنێت کە بریتییە لە چوارچێوەی یاساکانی دژ بە سپیکردنەوەی پارە و پشتگیریی دارایی لە تیرۆریزم کۆتایی پێبهێنێت. هەروەها داوایان کردووە (IML/ CFT) ڕەچاو بکەن سەبارەت بە دڵنیایی لە خاوەن کۆمپانیاکان تاکوو جیابکرێنەوە لەو کۆمپانیایانەی پاڵپشتی لە تیرۆریزم دەکەن".
بەڵام واژۆکردنی ئەم گرێبەستانە تا مانگێکی دیکە چ قازانجێکی بۆ ئێران دەبێت؟ ئێران بە واژوو کردنی FATF دەتوانێ لە سیستمی بانکیی نێونەتەوەیی کەڵکوەربگرێت. لەم ڕاپۆرتەدا کە باسی زۆر خاڵی گرینگی تێداکراوە پتر باسی پێشکەوتنی ئابووری و هەڵاوسانی تەک ڕەقەمی دەکرێ و گەورەترین دەسکەوتی دەوڵەتی بەنەوشە لە دوای بەرجام و بە گران بوونی سووتەمەنی هەڵاوسان هەڵدەکشێتەوە بۆ دوو ڕەقەمی و ئابووریی ئێرانیش بە هەڕەشەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئامریکا و دەرکردنی گەمارۆ نوێکان دەکەوێتە مەترسیەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوەی کۆمەڵەی جیهانیی ئابووری، پێوەرەکانی ناساندنی بارودۆخی ئابووریی سیستێمی دارایی ئێران لە چاو وڵاتانی پێشکەوتوو و وڵاتانی ناوچەکە لە بارودۆخێکی خراپ دایە. بەڵام با هێندێک لە سەر جیاوازیی بانکداریی ئێران و کێشەکانی سەبارەت بە بانکداری لەچاو وڵاتانی پێشکەوتوو بخەینە بەر باس. سیاسەتی بانکیی وڵاتانی پێشکەوتوو گرینگی دەدەن بە تەندرووستیی دارایی و کارابوونی بنکە و کارگەکان، سیاسەتی ئەوان سیاسەتێکی درێژخایەن بەڵام ئەمین و سڵامەتە و وام بە کەسێک دەدرێت کە بتوانێ سیستمی بانکی بەو قەناعەت و باوەڕە بگەیەنێت کە توانایی گەڕاندنەوەی پارەی بانکی هەبێت. بەڵام وڵاتانی وەک ئێران بە پێچەوانەی وڵاتە پێشکەوتووەکانن و هیچ ئاسۆیەکی درێژخایەنیان نییە و تەنیا تێدەکۆشن زیاترین قازانج لە کەمترین مەودادا مسۆگەربکەن بێئەوەی بۆیان گرینگ بێت کارابوونی بنەکە و کارگە پیشەسازییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری لە بنەما سەرەکیەکانی هەر چەشنە ئابوورییەکە. بانکی وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهان ڕێگە خۆشکەرن بۆ دامەزراندنی کارخانە، کارگە و بنکە داراییە بچووکەکان تاکوو بتوانن بێنە نێو بازاڕەوە. وڵاتانی وەک تورکیە یان هێند ڕێک ئەم سیاسەتانەیان گرتۆتەبەر چونکوو بەپێی لێکۆلینەکانی ئابووریزانان ئەم بونگا و کارگەیانە توانایی زیاتریان هەیە بۆ گەیشتن بە قازانج و دەتوانن بێنە ناو سیستمی بازاڕەوە و گەشە بە ئابووریی وڵاتەکەیان و لە هەمان کاتیشدا گەشە بە کار و چالاکیەکانیا بدەن.
لێکۆلینەوەی کارناسان دەریدەخەن کە سیستمی بانکیی ئێران نە توانایی ئەوەی هەیە ئابووری ئێران پێش بخات و نەتوانایی وەگەڕخستنی مۆتۆری کارخانە و کارگەکانی هەیە کە بتوانێت کارایان بکات و  لە هەمان کاتیشدا زۆر دوورە لە ئابوورییەکی سانداردی جیهانی.

بەڵام با بزانین بۆ ئەم کارناسانە وا دەڵێن و تەنانەت سەندووقی جیهانیی پێیوایە بانکەکانی ئێران بێتوانا و داڕماوە. بەشێکی هەرە گەورەی سەرمایەکانی سیستمی بانکیی ئێران لە ڕێگەی ئەو ئیختلاسە گەورانەوە، کە لەم ساڵانەدا دەنگێکی زۆری دایەوە، لە بانک هاتۆتەدەرێ و گورزێکی کوشندەی لە سەرمایە بانکییەکان وەشاندووە و بانکەکان و توانا دارایی و پارەییەکانی بانکی لاواز کردووە. لەلایەک، بانکە تایبەتییەکان و بونگا داراییەکان بە لەڕێگەی ئیفلاسی خۆیانەوە خۆیان پارەی هەزاران کەسیان خواردووە و دەوڵەت و سیستمە بانکییەکەشی توانای وڵامدانەوەی نییە. ئەم بێوڵامییە بۆتە هۆی هاتنی ماڵخوراوەکان بۆ سەر شەقام و تەنانەت درووشمی مەرگ بۆ ڕۆحانیان وتووەتەوە و دەوڵەت و دامودەزگاکانی هەوڵی پێشگرتن بە ڕێپێوانی کۆمەڵانی خەڵکی ماڵخوراو دەدەن لەبریی ئەوەی وڵامی خواست و داواکارییەکنیان بدەنەوە.
ئێران پێویستە بە زووترین کات ڕێفۆڕم لە سیستمی بانکیی خۆیدا پێکبێنێت دەنا هیچ داهاتوو و ئاسۆیەکی ڕوونی ئابووری و دارایی نابێت. باشترە کێشەکانی سیستمی بانکی لە ئێران بەسەر سێ قۆناغدا دابەش بکەین. قۆناغی یەکەم، لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری و کاریگەریی لەسەر سیستمی دارایی، بەرهەمهێنانی بچووک و وشککردنی بازاڕ. بۆ نموونە لاوازیی یاساکانی پارە و بانک، لاوازی یاساکانی کۆمپانیا و بونگا داراییەکان، دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران، لاوازیی ژێرخانەکانی وام و قەرزپێدانی ئەمین و باوەڕپێکراو، نەبوونی ئاسۆیەکی گەش و درێژخایەن بۆ سیستمی بانکی، لاوازی لە پێکهێنانی پێوەندی لەگەڵ بانکە جیهانیەکان بەهۆی لاوازی ئابووری و بێ متمانەیی بانکەکانی ئێران لە ئاستی جیهانیدا و واژۆنەکردنی یاسای دژەپشتیوانی لە تیرۆریزم و سپیکردنەوەی پارە. قۆناغی دووهەم، ڕێک گرێدراوە بە بەشی یەکەمەمەوە، واتە لاوازی لە ڕاکێشانی سەرمایە بۆ بانکەکان. بۆنموونە پارە خوراوەکان و ئیختلاس کە لە بانکەکان کراون، قەرزەکانی دەوڵەت، ئەو بەشانەی کە بانکەکان لە سەریان سەرمایەیان خەواندووە و ئێستا تووشی زەرەر و زیان بوون بە هۆی دابەزین و ڕکوودەوە لە ئێران و گەورەکردنەوەی بانکەکان بێئەوەی سەرمایەکانیان زیاترکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەیفیەتی سەرمایە بە گەورەتربوونەوەی بانکەکان لەناو بچێت و نەتوانن لە بەرانبەر کێشە ئابوورییەکاندا خۆڕاگربن (فەرعە بانکەیەکان لە ئێران سێ قات زیاترە لە ستانداردە جیهانیەکان). بانکەکان کاتێک دەبێ هەوڵ بۆ گەورەکردنی خۆیان بدەن کە سەرمایەی خۆیان زیاد کردبێت نەک بەم سەرمایەوە خۆیان گەورە بکەنەوە.
قۆناغی سێهەمیش دەگەرێتەوە بە دابەزینی پارەی وشک و سەرمایەکان لە ئاست خزمەتگووزاریەکان و جۆرەکانی وامدان، زۆربونی قازانج و بەهرە و ڕکابەرییەکی هەڵە لە نێوان بانکەکان و دامەزراوە تایبەتییەکان کە بە دانی سوودی زیاتر و وام بەشێوازی هەڵە خۆی دردەخات.
ئەم سێ قۆناغە دەبێتە هۆی ئەوەی بڵێین بانکەکانی ئێران خاوەن تەندرووستیی کاری نییە و لە داهاتوودا شاهێدی گەندەڵیی زیاتر ا لەناوچوونی زیاتریش دەبین.

PM:04:11:31/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 518 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌