دۆخی تەندروستی ڕامین حسێن‌پەناهی بە هۆی ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە نالەبارە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە پێی هەواڵەکان، پاش گواستنەوەی ڕامین حسێن‌پەناهی زیندانی سیاسی کورد لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە بۆ زیندانی ناوەندی شاری سنە دەرکەوتووە کە ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجەی قورسی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تووشی فەرامۆشی بووە و ئاسەواری ئەشکەنجەکان تا ئێستاش بە جەستەیەوە دیارە.

کومیتەی بەرگری لە مافە مەدەنی، سیاسی و یاساییەکانی ڕامین حسێن‌پەناهی بڵاوی کردووەتەوە، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بەفرانبار، ڕامین لە زیندانی ناوەندی شاری سنە چاوی بە دایکی کەوتووە و لەم دیدارەدا دەرکەوتووە کە ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان گورچیلەکانی تووشی کێشە هاتوون و تووشی فەرامۆشیش بووە.

رامین حسێن‌پەناهی رۆژی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ بە برینداری لە لایەن هێزەكانی سپای پاسداران لە گەڕەکی شاڵمانی شاری سنە دەستبەسەر و بۆ شوینێكی نادیار گواسترایەوە، ناوبراو ماوەیەک لەمەوبەر لە ناڕەزایەتی بە ڕاگیرانی نایاسایی لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستی دایە مانگرتن لە خواردن بەڵام لە لایەن بەرپرسانەوە هیچ وڵامێکی پێ نەدرایەوە؛ ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە سەرئەنجام ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی بەفرانبار، پاش ٢٠٠ ڕۆژ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ڕژیم بۆ زیندانی ناوەندی شاری سنە گواسترایەوە.


AM:01:41:12/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌