هەوڵێکی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگای ناوەندی کۆمەڵە پووچەڵ کرایەوە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ٣٠ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی، بەرامبەر بە ٩ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، هەوڵێکی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی کە بۆ زەربە لێدان لە کۆمەڵە، و لە ڕێگای چاندنی بۆمبەوە ئەنجامدرابوو، بە وریای کادر و ئەندامانی کۆمەڵەوە بۆمبەکان دۆزرایەوە و بە هاوکاری تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب لە هەرێمی کوردستان پووچەڵکرایەوە.

لەم هەوڵە تیرۆریستییەدا، کە هەموو ئاماژەکان بۆ کۆماری ئیسلامی دەگەڕێنەوە، ڕژیم لە ڕێگای بەکرێگیراوانیەوە هەوڵیدابوو بە دانانی بۆمبی سەر ڕێگا، لە سەر رێگای قەرەداغ – سلێمانی و لە نزیک بارەگای ناوەندی کۆمەڵە، ژاری خۆی بە کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بڕێژێت بەڵام خۆشبەختانە هاوڕێیانی کۆمەڵە زۆر زوو بەم پیلانەی رژیمیان زانی و بە هاوکاری تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تەقاندنەوەی بۆمبەکان توانیان پووچەڵی بکەنەوە.

جێگەی ئاماژەیە، رژیم لەحاڵێکدا ئەم ڕۆژەی بۆ زەربە لێدان لە کادر و ئەندامانی کۆمەڵە هەڵبژاردبوو، کە لە ئۆردووگای ناوەندی کۆمەڵە رێوڕەسمی پەیوەستبوونی ژمارەیەک لە کوڕان و کچانی خەباتکاری کوردستان کە خولی پەروەردە و بارهێنانی کۆمەڵەیان سەرکەوتووانە تێپەڕاندووە، بەڕێوە دەچوو.

هەر لە سەر ئەم هەوڵە تیرۆریستییە سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەوە بە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند: رژیم هەوڵیداوە لە رێگای چاندنی سێ بۆمبی سەرجادەوە کە لە رێگای دوورەوە کۆنتڕۆڵ دەکران تەقینەوەکە ئەنجام بدات. بۆمبەکان وەها چێندرابوون کە کاروانی ماشێنی کادرەکانی کۆمەڵەیان دەکردە ئامانج.

ئەوەی ماوەتەوە بوترێت، ئەم هەوڵەی رژیم هیچ زیانێکی گیانی بۆ پێشمەرگە و کادرەکانی کۆمەڵە نەبووە و بە زووترین کات سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە راگەیاندنێکدا زانیاری زیاتر بڵاو دەکاتەوە.

PM:10:50:30/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 991 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌