بزووتنه‌وه‌ی كورد و دۆخی نوێی ڕه‌وشی سیاسی ئێران

ئەبووبەکر مودەڕسی

زه‌حمه‌ته‌ دۆخی خه‌راپی ئابووری له‌ ئێران و یان خود له‌ هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌، هه‌ر خۆی ڕاسته‌وخۆ شۆڕشێك به‌رپا بكات و ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی گه‌نده‌ڵ، سه‌ره‌ڕۆ, ناكارامه‌ و نادادپه‌روه‌ر، بروخێنێ و شتێكی تازه‌، به‌ بێ هیچ پێشینه‌یه‌ك له‌ مێشك و عه‌قڵی نوخبه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌همیش بێت) و له‌ رێگای ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنی بۆ ناو جه‌ماوه‌ر، له‌ سه‌ر وێرانه‌كانی داموده‌زگای پێشوو بونیاد بنێ. به‌ڵام ناره‌زایه‌تی و توڕه‌یی پنگ خواردوو به‌ستێنێكه‌ كه‌ به‌ بێ بوونی, هیچ شۆڕشێك سه‌رهه‌ڵنادا و هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كیش وه‌ڕێ ناكه‌وێ.
 
بۆیه‌ش هیچ زێده‌خوازێك له‌ چاوه‌روانییه‌كان و هیچ گه‌شبینێیه‌كی بێبنه‌ما له‌ دۆخی ئێستای ئێران رێگه‌ پێدراو نیه‌ و پێویسته‌ له‌و باره‌وه‌ لێك تێگه‌یشتنێكی باش هه‌بێ. به‌ڵام به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه‌، ناتوانین نكۆڵی له‌وه‌ بكه‌ین دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئێران ئاڵ و گۆڕێكی ته‌واوی به‌ سه‌رداهاتووه‌. ئه‌و ئاڵ و گۆڕه‌ له‌ خۆپێشاندانه‌كانی ماڵ خوراوه‌كانی دامه‌زراوه‌ ماڵییه‌كان و بانكه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد. ده‌یان و سه‌دان كه‌س، كووتوپڕ هه‌موو پاشه‌كه‌وت و به‌رهه‌می ساڵانێكی دوورودرێژی زه‌حمه‌ت و كاری ژیانیان له‌ ده‌ستچوو و تا لایانكرده‌وه‌ دیتیان له‌ سه‌ر ساجی عه‌لی دانیشتوون. كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری حه‌وت ته‌په‌، دوای ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی زۆر له‌ ساڵانی ڕابردوو و سه‌ركوت و زیندان و لێدان له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بێده‌نگ كران و ئێستا ده‌بینین سه‌رله‌نوێ هه‌ستاونه‌وه‌ و له‌ خۆپێشاندانێكی بێوێنه‌دا ده‌نگی ناره‌زایه‌تی خۆیان به‌رز كرده‌وتەوە‌. ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی خوزستانیش سه‌ره‌ڕای دو‌خی سه‌ختی ئه‌منییه‌تی رژانه‌ سه‌ر شه‌قام و دژی سه‌ره‌ڕۆیی و به‌ تاڵانبردنی سامانی وڵاته‌كه‌یان ناره‌زایه‌تیان ده‌ربڕی.
گردبوونه‌وه‌ و ناڕەزایەتی دەربڕینی به‌ رواڵه‌ت خۆرسكی خه‌ڵك لێره‌ و له‌وێ به‌رده‌وامه،‌ هه‌ر له‌ جێگایه‌ك ته‌واو بوو له‌ شوێنێكی دیكه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، ئاخرین خوپێشاندانه‌كانی خۆراسان له‌ مه‌شهه‌د و شاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌م ئوستانه‌ جگه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندی دروشمه‌كانی هەڵکشانێکی به‌رچاویشی له‌ جه‌ماوه‌ر‌ی به‌شدار به‌ خۆیه‌وه‌ بینی. له‌ كاتی نووسینی ئه‌م وتاره‌ جه‌ماوه‌ر له‌ كرمانشانیش هاتوونه‌ سه‌ر شه‌قام و دروشمی سیاسیان به‌رزكردۆته‌وه‌.
كوردستان پێگەیەکی به‌رجه‌سته‌ی هه‌یه‌ له‌ پێشاهه‌نگی ئه‌م ره‌وته‌، له‌ ڕاستیدا ناره‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد. ئێمه‌ ٢ی پوشپه‌رمان هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵه‌یی بوونی شه‌هیده‌كان و دیلەکە به‌ڵام سۆز و پشتیوانێەكی ئاشكرا له‌و رووداوه‌ دڵته‌زێنه له‌ ناو جه‌ماوه‌ری شاری سنه‌ و هه‌موو كوردستان بیندرا و ئێستاش له‌ ناره‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌گه‌ری له‌ سێداره‌دانی پێشمه‌رگه‌ دیلەکە، ڕامین حوسه‌ین په‌ناهی هه‌ر به‌رده‌وامه‌. له‌ ڕاستیدا زێده‌رۆیی نیه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین ٢ی پۆشپه‌ر به‌سته‌ڵه‌كی بێده‌نگی و سه‌رماو سه‌خڵه‌تی ترس و تۆقاندنی شكاند. هه‌ر دوا به‌ دوای ئه‌وه‌دا خۆپێشاندانی گه‌وره‌ی خه‌ڵكی بانه‌مان هه‌یه‌‌ به‌رامبه‌ر كوشتنی دوو كۆڵبه‌ری ده‌ڤه‌ره‌كه و ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی حكوومه‌ت له‌ هه‌مبه‌ر كاسبی و تەجاره‌تی سه‌رسنووره‌كانی كوردستان وه‌ك ته‌نیا ده‌رفه‌تی كار و سه‌رچاوه‌ی بژیوی خه‌ڵكی هه‌ژاری كوردستان‌. كارنه‌واڵه‌ شكۆمه‌نده‌كه‌ی ره‌نگه‌كان بۆ پشتیوانی له‌ گشتپرسی كوردستانی باشوور و سه‌رئه‌نجام له‌ لووتكه‌ی ئه‌م زنجیره‌ جوڵه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌، ده‌توانین ئاماژه‌ بكه‌ین به‌ هاوپشتی بێ وێنه‌ی خه‌ڵك له‌ به‌ هاناچوونی زیانلێكه‌وتووانی بۆمه‌له‌رزه‌كه‌ی كرمانشان و هه‌ڵبجه‌. واته‌ وه‌ڕێكه‌وتنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری كه‌ تێكه‌ڵاوێك بوو له‌ هاوپشتی له‌لایه‌ك له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكی قوربانی ئه‌و كاره‌ساته‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌ نافه‌رمانی مه‌ده‌نی و له‌ قاودانی ناكارامه‌یی حكوومه‌ت له‌ كاتی قه‌یرانی له‌م چه‌شنه و به‌ ده‌ست گرتنی كاره‌كه‌ لە لایەن خۆیانه‌وه‌‌. كاریگه‌ری ئه‌م جوڵه‌یه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی كوردستانیش رۆیی و خه‌ڵكی زۆر و به‌ تایبه‌ت كه‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌كانی بواری وه‌رزشی، كۆمه‌لایه‌تی و ئاكادیمی هێنایه‌ ده‌نگ و كوردستانیان وه‌ك ئۆلگوویه‌ك له‌ هاوپشتی ناوزه‌د كرد.
 
ئاڵ و گۆڕ له‌ دۆخی سیاسی ته‌نیا به‌ خۆپێشاندانه‌كان سنووردار نابێ. له‌ لایه‌ك خه‌ڵكی سه‌ر شه‌قام له‌ ده‌ربڕینی ره‌خنه‌ و گازه‌نده‌كانیان له‌ حكوومه‌ت، نه‌ترستر و بوێرتر بوون و له‌ لایه‌كی دیكه‌ كێشه‌ی باڵه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات زمانێكی زبرتر و ڕاشكاوانه‌تری گرتۆته‌ خۆی.
 
ڕووداوه‌كانی ئه‌م دوایانه‌ به‌ تایبه‌ت دوای پێشكه‌شكردنی بوودجه‌ی پێشنیاری ده‌وڵه‌ت بۆ ساڵی داهاتوو، ئاماژه‌یه‌كی گرینگ و شوێندانه‌ری له‌ سه‌ر هاوكێشه‌ سیاسییه‌كاندا له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی ئێران تێدا به‌دی ده‌كرێ، واته‌ زمانی ره‌خنه‌ و گازه‌نده‌ و بێ هیوایی به‌رامبه‌ر ڕووحانی زۆرتر و زۆرتر بووه‌، به‌ڵام ئه‌م بێ هیواییه‌ ته‌نیا به‌ شه‌خسی ڕووحانی یه‌وه‌ ناوه‌ستێ و لاوازبوونی پێگه‌ی رێفۆرمخوازی ده‌وڵه‌تی و دروشمه‌ بریقه‌داره‌كانی ئه‌وانی به‌ ئاشكرا پێوه‌دیاره‌. ده‌وڵه‌تی ڕووحانی به‌ شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ هه‌وڵ ده‌دا كه‌ باڵی نه‌یاری ڕووحانی له‌ ناو ده‌سه‌ڵات، به‌ هانده‌ری خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌م دوایانه‌ تۆمه‌تبار بكات. ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پاساو هێنانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌كانی ‌ناره‌زایه‌تی خه‌ڵك چیتر نیه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باڵه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و شه‌پۆله‌ به قازانجی خۆیان بقۆزنەوە، له‌ ناوه‌رۆكی ڕاسته‌قینه‌ی ناره‌زایه‌تییه‌كان و به‌رحه‌ق بوونی خه‌ڵك و پێویستی پشتیوانی لێیان هیچ كه‌م ناكاته‌وه‌. دروشمه‌كانی خۆپێشاندانه‌كان به‌ ئاشكرا جگه‌ له‌ داخوازییه‌ ئابوورییه‌كان و ناره‌زایه‌تی به‌ گه‌نده‌ڵی و هتد، گشتییه‌تی نیزامی سیاسیش ده‌گرێته‌وه‌ كاتێك دورووشمی مه‌رگ و نه‌مان بۆ دیكتاتۆرییه‌ت ده‌درێ. ڕاستی ئیمرۆی كۆمه‌ڵگای ئێران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گرانی، بێكاری، برسیەتی و هه‌ژاری ته‌نگی به‌ خه‌ڵكی بێده‌ره‌تان هه‌ڵچنیوه‌. هاوته‌ریب له‌ گه‌ڵ ئه‌وه،‌ به‌ڵێنیه‌ پێشێلكراوه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی رووحانی، سات و سه‌ودای ژێر به‌ ژێری له‌ گه‌ڵ سپای پاسداران و پاساو هێنانه‌ بێماناكانی له‌ سه‌ر بوودجه‌، خه‌ڵكی به‌ ته‌واوی توڕه‌ كردوه‌. رووحانی به‌ دروست نازناوی درۆزنی له‌ لای جه‌ماوه‌ر بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر كردوه‌. هه‌ستێكی تاڵ له‌ ناو خه‌ڵكدا هه‌یه‌ كه‌ فریودراون و خه‌یانه‌تیان پێكراوه‌. كه‌مپه‌ینی من په‌شیمانم ده‌رخستنی ئه‌و هه‌سته‌یه واته‌ په‌شیمانی له‌ ده‌نگدان به‌ رووحانی و متمانه‌ كردن به‌ ڕێفۆرمخوازان‌. رێفۆرمخوازانێک که ‌ هه‌موو هێلكه‌كانیان له‌ سه‌وه‌ته‌ی ڕووحانی دانابوو، هه‌وه‌ڵین قوربانیانی ئه‌و دۆخەن.
 
هه‌ر وه‌ك پێشتر له‌و وتاره‌دا ئاماژه‌مان پێدا كوردستان و جه‌ماوه‌ری كورد رۆڵێكی به‌رجه‌سته‌یان له‌ شكاندنی به‌سته‌ڵه‌كی بێده‌نگی گێرا و بۆ خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌م دوایانه‌ ده‌ورێكی رچه‌شكێنیان گێڕاوه‌. بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات‌ بێ گومان ده‌بێ له‌ پله‌ی یه‌كه‌م پشت به‌ هێزی خۆی ببه‌ستێ و هه‌ر رێكه‌وتنێكیش له‌ داهاتوودا له‌ گه‌ڵ هه‌ر هێزێكی سیاسی ئێرانی ده‌بێ له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی كورد و دانپێدانان به‌ لانیكه‌می خواسته‌ ڕه‌واكانی له‌ لایه‌ن لایه‌نی به‌رامبه‌ر بێت. به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی كورد هه‌ر ئه‌و جۆره‌ له‌ هه‌موو مه‌جاڵێكدا باسمان كردوه‌ و له‌ سه‌ری رۆیشتووین به‌ر له‌ هه‌ر چین و توێژێك له‌ ئێران له‌ گۆڕینی رژیمی سیاسی و یان خود هه‌ر‌ هه‌نگاوێك به‌ره‌و ئازادی و دێمۆكراسی قازانج ده‌كا. بزووتنه‌وه‌ی كوردستان به‌ دڵگه‌وره‌یی و به‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیاره‌تی مێژوویی و له‌ سه‌ر بنه‌مایی وشیاری و ئاگایی به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی پێشوازی ده‌كا له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌.
جه‌ماوه‌ری خۆپێشاندانه‌كان ته‌نیا له‌ توێژه‌ مام ناوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگا نین، بەڵکوو بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی برسی و هه‌ژارهیشه، بزووتنه‌وه‌ی بێكاران و بێ دەرەتانەکانیشه و هەر‌ بۆیه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی پێشوو ناوه‌ند گه‌را نیه‌ و له‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ شار و شارستانه‌كان ده‌ستی پێكردوه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی دروشمه‌كانه‌وه‌ هەڵسەنگاندن بکەین، ڕاسته‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ ئابووری و سفره‌ی خاڵی خیزانه‌كانه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئەم بزووتنه‌وه‌یه سیاسیشه‌. چوونكه‌ خه‌ڵكی ئێران زۆر به‌ باشی ده‌زانن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆر، سه‌ره‌ڕۆ و سه‌ركووتكه‌ر، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و بارودۆخەیه ‌ كه‌ كۆمه‌لگای بردۆته‌ لێواری هه‌ڵدێر و به‌رشكست بوون. خه‌ڵكی ئێران زۆر به‌ باشی له‌وه‌ گه‌یشتوون كه‌ مافیای ده‌سه‌ڵات له‌ ئێران تاڵانكه‌ره‌ و وه‌ك له‌شكری بێگانه‌ و داگیركه‌ر كه‌ ده‌زانێ رۆژێك ده‌بێ ئه‌و وڵاته‌ جێهێڵێ خه‌ریكی تالان و بڕۆیه!!!!!‌ نه‌ ئیداره‌ی وڵات. خه‌ڵكی ئێران توڕه‌یه‌ له‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌ر له‌وه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك به‌رپرسیار بزانن له‌ فیكری قایمكردنی جێ پێی خۆیان له‌ ناوچه‌كه‌دان و به‌ سه‌دان میلیۆن دوڵار  له‌ پێناو ئه‌وه‌دا خه‌رج ده‌كه‌ن.
به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ باسمان كرد بزووتنه‌وه‌ ناره‌زایه‌تییه‌كان به‌ هه‌موو جۆرێك شیاوی پشتیوانین، كاری گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌ودای قۆزتنه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن هه‌لپه‌رستانه‌وه‌ نه‌درێ و ئه‌م جاره‌ ئێران به‌ ڕاستی هه‌نگاو بنێته‌ ڕێڕه‌وی ڕێگای دێمۆكراسی و بونیادنانی ده‌سه‌ڵاتێكی دادپه‌روه‌ر و یاسامه‌ند كه‌ هێزی خۆی له‌ ئێراده‌ی ئازادی شارۆمه‌ندان وه‌رده‌گرێ و نه‌ هیچ شتێكی دیكه‌. ئێمه‌ی كورد هاوشانی باقی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی دیكەی‌ ئێران ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین خه‌ڵكێكی زۆرتر له‌و كۆمه‌ڵگایه‌ به‌و قه‌ناعه‌ته‌ بگه‌یه‌نین كه‌ به‌ بێ رزگاری نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی ئێران له‌ چه‌وسانه‌وه‌ و هه‌ڵاواردن و پێشێلكردنی مافه‌كانیان دموكراسی له‌ ئێران به‌ ته‌واوی دانامه‌زرێ و سه‌قامگیه‌ر نابێ.

PM:03:18:30/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 571 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌