ژێنراڵ جێفری هاریگان: ئەو مووشەكەی بەرەو ریاز هاوێژراوە دروستكراوی ئێران بووە

ئا: ئاسۆی ڕۆژهەڵات

بەرپرسێكی پلەباڵای هێزی ئاسمانی ئەمریكا لە كەنداو دەڵێت ئەو موشەكە بالستیكیەی كە لە یەمەنەوە بەرەو پێتەختی عەرەبستان هاوێژراوە، ئێرانی بوەو هێمای ئێرانی بە سەریەوەیە بینراوە.
ژێنراڵ جێفری هاریگان، كە چاودێری هێزی دەریایی ئەمریكا دەكات لە قەتەر رۆژی هەینی ١٠ نۆڤەمبەر لە لە دوبەی لە كۆبوونەوەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند كە ئەو مووشەكە بالستیكیەی كە لە یەمەنەوە بەرەو ریاز هاوێژراوە ئێرانی بوەو دروستكراوی ئێرانە. 
ئەم بەرپرسە باڵایەی هێزی ئاسمانی ئەمریكا راگەیاند خەریكی تاوتوێ كردنی چۆنیەتی گواستنەوەی ئەم مووشەكەین لە ئێرانەوە بۆ یەمەن ، لە بەر ئەوەی سەرجەم رێگا ئاسمانی و دەریایی و سنووریەكان لە كۆنتڕۆلی بەرەی عەرەبیدایە بە رێبەری عەرەبستان سعوودی.
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاشۆشەیتێدپرێس، دوای ئەوەی حەوتووی رابردوو مووشەكێكی بالستیك بەرە پێتەختی عەرەبستان هاوێژرا، وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان رایگەیاند لێكۆڵینەوە لە پاشماوەكانی ئەو موشەكە ئەوەی خستۆتە روو كە ئەم موشەكە لە ئیران درووستكراوەو ئێرانیە.
هەر چەند ساعت دوای هاوێشتنی ئەو مووشەكە، دۆناڵد ترامپ سەرۆك كۆماری ئەمریكا كە لە سەفەرێكدابوو بۆ ئاسیا، لە ژاپۆن رایگەیاند كە ئەو مووشەكە لە لایەن ئێرانەوە دروستكراوەو لە لایەن سیستەمی دژە مووشەكی ئەمریكاوە كە دراوە بە عەرەبستان خراوەتە خوارەوە. 
لە هەمانكاتدا ئیمانۆئێل ماكرۆن، سەرۆككۆماری فەرانسە لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، ئەو مووشەكەی كە لە خاكی یەمەنەوە بەرەو ریاز هاوێژراوە بە ئاشكرا ئێرانیە و دروستكراوی ئێرانە و لەمەدا هیچ گومانێك نییە.
پێشتریش بە پێچەوانەی لێدوانەكانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی، كە حاشایان لەوە دەكرد ئەو مووشەكە دروستكراوی كۆماری ئیسلامی بێت، رۆژنامەی كەیهان كە وەك زمان حاڵی دەسەڵات دەناسرێت و شەریعەتمەداری سەرنووسەری ئەم بڵاوكراوەیە وەك نوێنەری خامنەیی دەناسرێت، بە مانشێتی گەورە نووسی:" هاوێشتنی مووشەكی ئەنساراللە بۆ ریاز و ئامانجی دواتر دوبەی." 
ئەمە پێچەوانەی هەموو ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی بوو كە حاشایان لەوە دەكرد كە ئەو مووشەكە بالستیكیەی بەرەو ریاز هاوێژراوە دەستی ئێرانی تێدا بێت. هەرچەند ئەم مانشێتە بوو بە هۆی راگرتنی ٢ رۆژەی رۆژنامەی كەیهان، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەستەكانی پشت ئەو مووشەك هاوێشتنەی ئاشكرا كرد.
بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی هەموو كات بە شێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتیوانیان لە حوسییەكان كردوە وەك رەوتێكی شیعە لە یەمەن و لە لایەن عەرەبستانیشەوە حوسیەكان وەك دروستكراوی كۆماری ئیسلامی دەناسرێن.


PM:05:44:11/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌