ئێران بنكەیەكی سەربازی لە سووریە دەكاتەوە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات

سەرچاوەیەكی ھەواڵگری رۆژئاوایی رایگەیاندووە، سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی ئەلكەسوە، لە 14 كیلومەتری دیمەشقی پێتەختی سووریە، خەریكی دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازیی ھەمیشەییە.
ئەو سەرچاوەیە بە بڵاوكردنەوەی چەند وێنەیەكی مانگی دەستكرد، جموجۆڵەكانی ئێرانی لەو ناوچانە خستۆتە ڕوو كە تیایدا بنكە سەربازییەكەی دادەمەزرێنێت و ئاماژە بە دروستكردنی 12 بینا بۆ شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانی و چەند بینایەكیتر بۆ مانەوەی ھێزەكانیان لەو ناوچەیە دەكات.
ئەو بنكە سەربازییەی ئێران بەدووری 50 كیلۆمەتر لە بەرزاییەكانی جەولانە و پێشتریش بنیامین نتانیاھوو سەرۆك وەزیرانی ئیسراییل ھۆشداری دابوو لە مانەوەی ھەمیشەیی ھێزەكانی ئێران لە سووریە و لە نزیك سنوورەكانی وڵاتەكەی.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە لایەن هەواڵنێری BBC ەوە لە حاڵێكدایە كە كێشە و ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت توندتر دەبێتەوەو ئێران بە یەكێك لە جەمسەرەكانی ئەم كێشانە دەزانرێت و لە بەرامبەردا بەرەی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی عەرەبستان و لە هەمانكاتدا ئیسرائیل بە بەرەیەكیتر دەزانرێن دژ بە كۆماری ئیسلامی و سەرڕۆییەكانی. 
ئیسرائیل و عەرەبستان خوازیاری ئەوەن كە بەربەستێك دابنرێت لە بەردەم فەراوانخوازی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە كە ئێستا دەست لە كار و باری بەشێك لە وڵاتان لەوانە عێراق، یەمەن، لوبنان و سووریە و بەحرین  و فەلەستین وەردەات .

PM:03:44:11/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 110 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌