سزای ئیعدامی دوو زیندانی سیاسی کورد پەسەند کرایەوە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە پێی هەواڵەکان، دوو زیندانی سیاسی کوردی دەستبەسەر لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ بە ناوەکانی (دیاکۆ ڕەسوڵزادە)، ٢٥ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی دریازی سەر بە شاری مەهاباد و (سابیر شێخە عەبدوڵڵا)، ٢٨ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری مەهاباد کە بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان سزای ئیعدامیان بە سەرداسەپابوو، پاش ناڕەزایەتی بە ناعادڵانەبوونی سزاکەیان، لە دادگای پێداچوونەوە حوکمەکەیان سەر لە نوێ پەسەند کرایەوە.

ئەم دوو زیندانییە کوردە لە گەڵ کەسێکیتر بە ناوی حسێن‌ عوسمانی، ساڵی ١٣٩٣ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد دەستبەسەر و ساڵی ١٣٩٤ بە تۆمەتی بەشداری لە تەقینینەوەکەی ساڵی ١٣٨٩ی مەیدانی مەنگوڕانی شاری مەهاباد و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان سزای ئیعدامیان بە سەرداسەپا.

سزای ئیعدامی حسێن‌عوسمانی لە دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە بەڵام سزای دیاکۆ ڕەسوڵزادە و سابیر شێخە عەبدوڵڵا کە لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی نامرۆڤانەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ناچار بە دانپێدانان کرابوون سەر لە نوێ پەسەند کرایەوە.

یەکێک لە هاوبەندانی پێشووی ئەم دوو زیندانییە کوردە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند: دیاکۆ و سابیر هەموو تۆمەتەکانیان ڕەد کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەیەکی نامرۆڤانەدا ناچار بە وتنی هەندێک قسە کراون کە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستی.

PM:08:22:09/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 357 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌