مەحموود ساڵحی هەڕەشەی گیانی لەسەرە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، کاتژمێر ١و نیوی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، کاتێک هێزەکانی ڕژیم مەحموود ساڵحی چالاکی ناسراوی کرێکاری دەستبەسەر لە زیندانی شاری سەقزیان بە مەبەستی دیالیز کردن دەگواستەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە، لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە بە تۆمەتی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی خرایە ژێر ئەزیەت و ئازاری نامرۆڤانەوە.

پزیشکانی نەخۆشخانەی شاری سەقز ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو دەبێ هەرچی زووتر بۆ نەخۆشخانەی تەورێز یا تاران بگوازرێتەوە و لە ئەگەری مانەوەی هەڕەشەی گیانی لە سەرە.

هەروەها پزیشکەکان ئەوەشیان پشتڕاست کردووەتەوە کە گەڕانەوە مەحموود ساڵحی بۆ زیندان بە مانای مەرگی ناوبراوە.

سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە، ٦ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، مەحموود ساڵحی چالاکی ناسراوی کرێکاری شاری سەقز کە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی سەردانی نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارەی کردبوو لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستگیر و پێی ڕاگەیەندرا کە سزای ساڵێک زیندانی بە سەر داسەپاوە و بۆ تێپەڕکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندی شاری سەقز کراوە؛ ناوبراو لە کاتێکدا سزای ساڵێک زیندانی بە سەرداسەپاوە کە دانیشتنی دادگایەکەی بە بێ ئاگاداری خۆی بەڕێوەچووە و سزاکەشی لە کاتی دەستگیرکردنی، لە بەردەم نەخۆشخانەی خومەینی پێ ڕاگەیەندراوە.

مەحموود ساڵحی چالاکی ناسراوی کرێکاری، تا ئێستا چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستگیر و هەر بەم هۆیەوە تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە و هەموو هەفتەیەک دەبێ سەردانی نەخۆشخانە بکات.

PM:05:28:09/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌