دۆخی تەندروستی محەمەد نەزەری، زیندانی سیاسی کورد مەترسیدارە

ئاسۆی رۆژهەڵات: محەمەد نەزەری، زیندانی سیاسی كوردی بەندكراو لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج ٧٤ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە و سەرەڕای دۆخی خراپی تەندروستیی، لە مانگرتنەكەی بەردەوامە، ئەوە لە حاڵێكدایە كە تا ئێستا بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوون وڵامی هیچ كام لە داخوازییەكانی ناوبراو بدەنەوە.

ئەم بەندكراوە سیاسییە كوردە رێكەوتی ٨ی خەرمانانی ئەمساڵ لە ناڕەزایەتی بە وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شار وێڕای چەند بەندكراویتری ئەم زیندانە دەستی دایە مانگرتن لە خواردن و پاش تێپەڕینی ٥٣ رۆژ لە مانگرتنەكەی بە هۆی دۆخی نالەباری تەندروستی بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و پاش چارەسەرییەكی سەرەتایی گەڕێندرایەوە ژوورە تاكەكەسییەكانی زیندانی رەجایی شاری كەرەج، ئەوە لە حاڵێكدایە كە دۆخی تەندروستی ناوبراو مەترسیدارە و گەدەی تووشی كێشەی جیددی بووە.

داواكاری ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕازی بوونی دەزگای قەزایی بە گەڕانەوەی دادڕەسی (اعادە دادرسی) و بەكار بردنی ماددەی ١٠ی ئایینی دادڕەسییە.

محەمەد نەزەری خەڵكی شاری سایین قەڵا، یەكێك لە ناسراوترین زیندانیانی سیاسیی كوردە كە ڕێكەوتی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی سپای ئەبووزەڕی بۆكان دەستگیر و ماوەی ٢٣ ساڵە لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی دایە.

ناوبراو سەرەتا بە تۆمەتی هاوكاری لە گەڵ حیزبە كوردییەكان و چالاكی تەبلیغی دژی نیزام لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆكایەتی دادوەر "جەلیل زادە" سزای ئیعدامی بە سەر داسەپا، ساڵی ١٣٧٨ لە دادگای پێداچوونەوە سزاكەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی كەم كرایەوە.

محەمەد نەزەری ماوەی ئەم ٢٣ ساڵە لە زیندانەكانی ورمێ و ڕەجایی شاری كەرەج ڕاگیراوە و هاوكات مافی مەرەخەسی و هەبوونی پارێزەریشی لێ زەوت كراوە.

ئەم بەندكراوە سیاسییە كوردە تا ئێستا چەندین جار دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن بەڵام هیچ وڵامێك بە خواستەكانی نەدراوەتەوە.

شایانی باسە، یەكێك لە بەرپرسان لە میانەی سەردانەكەی بۆ زیندانی رەجایی شاری كەرەج بە محەمەد نەزەری ڕاگەیاندووە كە دادستان هیچ كارێك ناتوانێت بۆ ناوبراو بكات هەر بۆیە وا باشترە كۆتایی بە مانگرتنەكەی بهێنێت بەڵام نەزەری لە وڵام دا وتوویەتی "تا گەیشتن بە داخوازییەکانم لە مانگرتن بەردەوام دەبم".

PM:07:43:11/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 125 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌