شانتال ئاكێرمان و ئەزموونە ناوازەكەی (دەروازەیەك بۆ سینەمای شانتال ئاكێرمان)

بەشی یەكەم
پ. جاهێد
 وەرگێڕان: ئیدریس عەبدی

سەرەڕای ئەوەی كە  شانتاڵ ئاكێرمان بە هۆی گرنگبوونی فیلمەكانییەوە، تەنیا لای تیۆریسیتەكانی فیلم، "سینە فیل/ cinéphile  / واتە هۆگرانی تایبەتی سینەما" و فیمینیستەكان بەناوبانگە و لای بینەرانی ئاسایی فیلم، زۆر نەناسراوە، بەڵام یەكێكە لە گرنگترین ژنانی سینەماكاری جیهان. ئەو لەدوای برایانی داردێن، بەناوبانگترین فیلمسازی بێلژیكە.  جی هۆبرمەن، ڕەخنەگری ناوداری ئەمریكی، لەنێو هاونەوەكانی خۆیدا ئاكێرمان بە گرنگترین فیلمسازی ئەرووپایی دەزانێت و دەیخاتە ئاست كەسانێكی وەك گۆدار و فاسبیندەر.
خۆیی باسی لەوە كردووە كە لەژێر كاریگەری سینەمای ئەزموونگەرا (ئێكسپێرمنتاڵ) و پێشڕەوەی "ئێستێن براكیج"، "جۆناس مەكاس"، "مایكێل ئێسنۆ" و "ئەندی وارهۆڵ‌"دا بووە. لە ڕاپرسیی ساڵی 2012ی گۆڤاری "سایت ئەند ساوند" كە ئاراستەی ڕەخنەگرانی سینەمایی كراوە، تەنیا ناوی دوو فیلمسازی ژن لە ڕیزی 100 فیلمی باش و سەركەوتودا هەبوو، یەكێك لەو ژنانە "كلێر دەنی" بوو و ئەوی دیكەش شانتال ئاكێرمەن بوو بە فیلمی "ژان دیلمان"ـەوە كە لەڕیزبەندی ئەم ڕاپرسییەدا لەپلەی سی و پێنجەمدا بوو.
ئاكێرمان لەبنەماڵەیەكی جوولەكە و بەڕەچەڵەك لەهێستان، لەوڵاتی بێلژیك لە دایك بووە. دایكی لە بەجێماوەكانی كارەساتی ئاشویتس بوو. سەرەتا ویستوویەتی ببێت بەنووسەر، بەڵام لە دوای بینینی فیلمی "prirot le fou"ـی ژان لۆك گۆدار لە تەمەنی 15 ساڵیدا، بیروڕای گۆردرا و بریاریدا ببێت بە فیلمساز. ئاوانگاردیزمی سینەمایی گۆدار و ڕوانگەی نائاسایی و پێناسەنەكراو و پێكهاتەشكێنانەی گۆدار، بۆ ئاكێرمان سەرنجڕاكێش و سەیر بوو، ئەم كاریگەرییەی گۆدار لەسەر ئاكێرمان ، هەر لە یەكەم كورتە فیلمییەوە تا دوایین فیلمی ماوەتەوە.
ئاكێرمان لە دوای ئەوەی كە لە قوتابخانەی سینەماییدا، وازی لە خوێندن هێنا، لە تەمەنی 21 ساڵیدا كۆچی كرد بۆ نیۆیۆرك. لەوێ لەگەڵ بەرهەمە سینەماییە ئەزموونگەرا و ژێرزەمینییەكانی نیۆیۆركدا، بۆ نموونە فیلمەكانی جۆناس مەكاس و مایكیل ئێسنۆ ئاشنا بوو، ئەم فیلمانە كاریگەری زۆریان لەسەر دانا.
ئاكێرمان، دووهەمین فیلمی واتە"ژان دیلمان"ـی لە تەمەنی 24 ساڵیدا بەرهەم هێنا، واتە تەنانەت لە ئۆرسن وێڵزیش كە لە تەمەنی 25 ساڵیدا "هاوڵاتی كەین"ی دروست كرد، هەروەها لە "ترۆفۆ" كە لە تەمەنی 27 ساڵی "400 زەربە(لێدان)ی بەرهەمهێنا و لە "ئایزنشتاین"ش كە ئەویش لە تەمەنی 27ساڵیدا یەكەمین فیلمی خۆی "كەشتیی جەنگی پۆتمكین"ی بەرهەم هێنا، گەنج تر بوو.
زۆربەی فیلمەكانی ئاكێرمان، بە جۆرێك "ئۆتۆبیۆگرافی" واتە بەسەرهاتی خۆی دێنە ئەژمار و بە پێی ئەزموونە تاكەكەسییەكانی ژیانی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەكەی بەتایبەت دایكی بەرهەم هاتوون. نواندنی خۆی لە هەندێك لەفیلمەكانیدا، ئەم جۆرە بیركردنەوە بەهێزتر دەكات. لە سەرفیلمی "ژان دیلمان"وتوویەتی، ئەم فیلمەی بە پێی ئەو شتانەی كە لە منداڵیدا بینیووە و ژێست (ڕەفتار)ی دایكی بەرهەم هێناوە.
 

مینیماڵیزمی ئاكێرمان
ئاكێرمان وەك یەكێك لە گرنگترین نوێنەرانی سینەمای مینیماڵیزم ناسراوە. سینەمای مینیماڵیستی ئاكێرمان جەختكردنە لە سەر گرتەگەلی درێژ، كامێرای بێ جووڵە، گێرانەوەی سادە، ڕیتمی ئارام و نەبوونی گرتەی پی ئۆ ڤی(گۆشەنیكا).
كەڵك وەرگرتن لە گرتەی درێژ و بەكارنەهێنانی بڕینی گرتەكان لەمۆنتاژدا، هۆكارێكە بۆ خۆڵقاندنی ڕیتمێكی خاو، كە لە تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی فیلمەكانی ئاكێرمانن.
لە ڕۆانگەی ئاكێرمانەوە، هەموو توخمەكانی ناو گرتەیەك لە ئەكتەرەوە بگرە تاكوو ڕەنگ، ڕووناكی و ئاكسێسوار هەموویان بەیەك ئەندازە گرنگن و میزانسنی كۆتایی ئەو دەخۆڵقێنن. تایبەتمەندیگەلێك كە دەتوانین، لەفیلمەكانی "سوهراب شەهید سالێس، سینەماكاری ئێرانی" یشدا، بیانبینین. لێكچوون لە نێوان بەرهەمەكانی ئەم دوو سینەماكارەدا حاشاهەڵنەگرە. تەنیا تایبەتمەندی لە شێوازی سینەماییدا سینەمای ئاكێرمان و سینەمای شەهید سالس لە یەكتر نزیك ناكاتەوە، بەڵكوو جەختكردن لە سەر ژیانی ماندوو و بێزاركەر و ڕۆتینی ڕۆژانە، نیشاندانی ڕووداوگەلی ئاسایی لە كاتی ڕوودانیان و دووركەوتنەوە لە دراماتیزەكردنی ڕووداوەكان، لەخاڵە هاوبەشەكانی ئەم دوو سینەماكارەن.
ئەم دوو سینەماكارە هاوكات كاری بەرهەمهێنانی فیلمیان دەست پێ كردووە. ئاكێرمان یەكەمین فیلمی درێژی واتە "من، تۆ، ئەو كوڕە، ئەو كچە"ی لەساڵی 1974 بەرهەمهێنا و "شەهید سالێس"یش یەكەمین فیلمی درێژی واتە، فیلمی " ڕووداوێكی سادە"ی لەساڵی 1973 دروست كردووە.
فیلمەكانی ئاكێرمان پڕە لە كاراكتەرە ئاسایی و ژیانەئاسایی و ڕۆژانەكان، ئاكێرمان دونیای ماندوو و بێزاركەری ژنانی ماڵدار و تەنیا پیشان دەدات. لەفیلمی "ژان دیلمان"دا، ئاكێرمان، لەژیانی ئاسایی، بێزاركەر وبێ ڕووداوی ژنێك كە پیشەی ماڵدارییە و بۆ دابینكردن و بەڕێوەبردنی ژیانی لە برۆكسێل ناچارە لەشفرۆشی بكات، فیلمێكی مەزن و كاریگەری بەرهەمهێناوە.
لەم سەردەمەدا كاریگەری ڕۆانگەی سینەمایی ئاكێرمان لەوانە ستراتێژی ناچالاك، گرتەی درێژ، كامێرا بێ جووڵە و پیشاندانی ژیانی مرۆڤ گەلێك لە كاتی واقیعیدا، دەكرێت لە فیلمەكانی، كەسانێك وەكوو "جیا ژانكە"،"پێدرۆ كۆستا" و"ئاپیچاتپۆنگ ویراستاكۆڵ"دا ببینرێت.
"شارەكەم بتەقێنەوە"، ئەزموونێكی سەركەشانە
یەكەمین فیلمی ئاكێرمان، كورتە فیلمێكە بە ناوی "شارەكەم بتەقێنەوە"، ئەم فیلمەی لە ساڵی 1968 و لە تەمەنی 18 ساڵیدا بەرهەمهێناوە. لەڕاستیدا بەم كورتە فیلمە بوو كە تەوەر و ستراتێژیگەلێكی لە ڕۆانگەی شێوازی سینەماییەوە هەڵبژارد و تا دوایین فیلمەكانیشی، پێداگری لەسەر ئەو تەوەر و ستراتێژییانە كردووە.
كچە گەنجەكەی ئەم فیلمە، لە زۆر ڕەهەند و ڕوانگەوە، لەگەڵ "ژان دیلمان"، كاراكتەری ژنی فیلمە بەناوبانگەكەی ئاكێرمان، لە یەك دەچن. ئەو هەر وەك ژان دیلمان، كچێكی تەنیا و گۆشەگیرە. ئەبینین كە ئەڕواتە ژوورە تەسك و تاریكەكەی، ماكارۆنی ساز ئەكات، عەرزەكە پاك دەكاتەوە و لە هەمان كاتدا درزی درگا و پەنجەرەكان بە چەسپ دەگرێت. كارگەلێكی سەیر و شێتانە دەكات. لەبەر ئاوێنە سەما دەكات، كەلوپەلی چێشتخانەی خانووەكەی لە سەر عەرزكە پرژوبڵاو دەكاتەوە. بۆیاخ لە قاچی دەدات، هەرچەندە بە ڕواڵەت ئارامە و لەبەر خۆیەوە و بەئارامی گۆرانی دەڵێت، بەڵام هەموو كارەكان و جووڵەكانی لەڕووی تووڕەییەوەیە و سەركەشانەیە. لەكۆتایی فیلمەكەدا دەڕواتە لای ئامێری چێشت لێنانەكە، كاغەزێك دەسوتێنێت و بۆری گازەكە دەكاتەوە و پاڵی پێوە دەداتەوە و فیلمەكە تەواو دەبێت.
ئاكێرمان ئەمە وەك "وێنەی پێچەوانەی ژان دیلمان" لەقەڵەم دەدات، لەبەرئەوەی كچە گەنجەكەی ئەم فیلمە، بەپێچەوانەی ژان دیلمان نایەوێت خۆی ڕادەستی یاساگەلی ئاسایی ژیان بكات و لەئەنجامدا دژیان دەوەستێ و ژیانی خۆی وێران دەكات.
جاناتان ڕۆزنبام (Jonathan Rosenbaum/ رەخنەگری سینەمایی) فیلمی "شارەكەم بتەقێنەوە" بە ئاوێتەیەك لە چارلی چاپلن و ژان دیلمان دەزانێت و ئەم فیلمەی لەگەڵ كورتە فیلمی "كاتژمێر یەكی بەیانی"(1916) چاپلن بەراورد دەكات. هەڵسووكەوتی كچەكە، شۆڕشێكە دژی هەموو یاسا و ڕێساكان و كارگەلی ڕۆژانەی ژنان (بە دیاریكراوی ژنانێك كە پیشەیان ماڵدارییە)، لەچێشتلێنانەوە بگرە تاكوو خواردن، قاپ شۆردن، سڕینی كاشییەكان، بۆیاخكردنی پێڵاوەكان، ڕێكوپێككردنی كەلوپەلی ماڵەوە و... 
ژان دیلمان، مانیفێستی فێمینیستیی ئاكێرمان
بەهۆی وردبوونەوە لە دونیای ژنان و ڕوانگەی فیمینیستی، فیلمەكانی ئاكێرمان بۆ بیرمەندانی فیمینستی سەرنجڕاكێش بووە. بە بڕوای "شووهینی چۆدووری"نووسەری كتێبی" ڕوانگە فیمینیستییەكانی فیلم" ئەوان لە فۆرمی ئاوانگارد و ئەزموونگەرای سینەمای ئاكێرماندا، بیرۆكەی"داهێنانی دووبارەی سینەما"یان دۆزیوەتەوە. ئاكێرمان بە فیلمەكانی، لە سینەمای ژنان و پیشاندانی حەزی ژنانە لە سەر پەردەی سینەمادا، ڕوانگەیەكی نوێی هێنایە ئاراوە، كە پێش خۆی نەبینرابوو.  ئاكێرمان نواندنەوەی دیمەنی ژنانی لە سینەمای مەین ئێستریم(ڕەوتی زاڵ) بردە ژێر پرسیارەوە.
پرۆفیسۆر ژانت بێرگسترۆم لە وتارێكدا كە لە گۆڤاری "سایت ئەوند ساوند" بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: ئاكێرمان لە قۆناغێكدا كاری فیلمسازی دەست پێكردووە كە، فیمینیزم پێی نابووە ناو سەردەمێكی نوێوە و فیلمەكانی ئاكێرمەنیش وەكوو دەقگەلی سەرەكی لە پانتایی خوێندنەوەی سینەمایی و بیرۆكە فێمینیستییەكانی فیلمدا، كەڵكی لێوەرگیردرا.
یەكەمین فیلمی درێژی ئاكێرمان،"من، تۆ، ئەو كوڕە ، ئەو كچە"(1976)،چیرۆكی ژنێكی گەنجی هاوڕەگەزخوازە بەناوی ژوولی، و بە تەنیا دەژی، كاتە بەتاڵەكانی بە نووسینی نامە و خواردن پڕ دەكاتەوە، تا ئەوەی لەگەڵ كچێكی دیكەدا ئاشنا دەبێت و لەگەڵیدا پێوەندی سێكسی درووست ئەكات.
دووهەمین فیلمی ئاكێرمان،"ژان دیلمان، ژمارەی 23 شەقامی كامرێس كۆیی، 1080 برۆكسێل" سەبارەت بە ژنێكی ماڵدارە كە لە ڕێگای لەشفرۆشییەوە بژێوی ژیانی خۆی و كوڕەكەی دابین دەكات. ڕۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز،ئەم فیلمەی بە شاكاری فیمینیستی مێژووی سینەما ناوزەد كرد.
ئەم فیلمە سێ كاتژمێر و بیست خولەك، بە یەكێك لە ڕادیكاڵترین نموونەكانی سینەمای ئەزموونگەرا و پێناسەنەكراوی جیهان ناسراوە. فیلمێك كە تیایدا هەموو هۆكارەكانی بەرهەمینان و لەوانە تەنانەت وێنەگرتنەكەشی(بابێت مەنگۆلتە) ژنان ئەنجامیان داوە. هەموو كارە ڕۆژانەكانی ژیان وێنە گیراون. ئاكێرمان لەم فیلمەدا، سێ ڕۆژ لەژیانی ژنێكی 40 ساڵە بەناوی ژان دیلمان (بەنواندنی دێلفین سیریگ، ئەكتەری فیلمی "ساڵی پار لەمارین باد" ئالێن ڕێنە) بەهەموو وردەكارییەكانیەوە و پیشاندانی چالاكییەكانی ڕۆژانەی ژیانی وێنا كردووە. بینەر، لەكاتی ڕوودانەكاندا، كارگەلی ڕۆژانەی ژان و ڕیتمی ژیانی ئەبینێت و ئەزموونی ئەكات، لە پاككردنی پەتاتەوە بگرە تا قاوە درووست كردن، پاك كردنەوەی بانیۆی حەمام تا خورادنی قاپێك سووپ. كامێرا ماوەیەكی درێژ لەسەر ژان دیلمان، كە خەریكە پەتاتە پاك دەكات، یان حەمام ئەكات و یان خەریكی خاوێن كردنەوەیە، بێ جووڵە ئەمێنێتەوە. بۆ ئاكێرمان، پیشاندانی پەتاتە پاك كردن یان سووپ خۆاردن لەكاتی ڕووداندا بەقەدەر پیشاندانی بە ئۆرگاسم گەیشتنی ژان و كۆشتنی مشتەرییەكەی بە مقەست گرنگە. تەنانەت ناوی درێژی فیلمەكەیش، ئاماژەیە بە  ڕوانگەی، وردبین و بەتاقەتی ئاكێرمان لەبەرامبەر ژیان و هونەردا. بە وتەی ئەو، ژان دیلمان لە نێوان جۆرێك، ژیانی بەرەنگاری و مردوودایە و لە سنووری مەترسیداری عەقڵ و شێتیدایە: "ژان دەبێت بە جۆرێك پلان بۆ ژیانی دابڕێژێت كە هیچ كەش و كاتێكی بۆ خەمۆك بوون و دڵراوكێ نەبێت. ئەو تەنانەت نایەوێت یەك كاتژمێریش، كاتی بەتاڵی هەبێت، چونكە نازانێت چۆن ئەو كاتە پڕ بكاتەوە."


PM:05:58:10/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 154 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌