بۆ ئیسرائیل تەنیا وڵات بوو لە سەربەخۆیی كوردستان پشتیوانی ئاشكرای كرد؟

فوئاد شێربەیگی

ئەگەر 25ی مانگی سێپتامبر لە مێژوویی بزووتنەوەی كوردستاندا ڕۆژێكی تایبەت بوو و بۆ یەكەم جار ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ بەشێك لە كوردستان بەڕێوە چوو، تایبەتمەندییەكی تریشی ئەو ڕێكەوتە مێژوییە هەڵوێستی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستانی باشوور، پێچەوانەی هەموو جیهانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بوو و وەكوو تاقانەیەك لە دنیای سیاسەتدا خۆی دەرخست.
ڕاستە لەبواری مافی دیاریكردنی چارە نوس دەبێ هەڵوێستە دژەكانی ڕێفڕاندۆم جێگای پرسیار بن و لێپرسینەوەیان لێبكردرێ و ئەركی هەموو وڵاتێكی دێموكراتیك بوو ببێتە پشتیوانی ئەو گشتپرسییە و بەڵام بەداخەوە پێچەوانەكەیمان لە جیهانی بەناو دێموكرات بینی و لەباتی ئەوەی بەدوای هۆكارەكانی ئەو دژایەتییە لەگەڵ مافی سروشتی مرۆڤدا بڕۆین لێرەدا باسێك لەسەر هۆكارەكانی هەڵوێستی درووست و ئاسایی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ پشتیوانی لەو گشتپرسییە دەكەین و لە ڕوانگەیەكی جیاوازەوە دەڕوانینە ئەو پشتگرییە و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی كورد و ئیسرائیل بە كورتی باس دەكەین.
ڕەنگبێ ئاسانترین هۆكاری دۆزراوە بۆ ئەو بابەتە هەستی هاوبەشی دوو نەتەوە بێت كە بەدرێژایی مێژوو لە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ بێبەش بوون و بە یەك دەرد گرفتاربوون و لە كاتێكدا كە یەكی تریان ئەو مافەی بەدەست هێناوە، پێیوابێت دەبێ لەسەر ئەو هەستە پشتیوانی برا كوردەكانیشیان بێت كە لە ئەفسانەكانیاندا وەكوو ئامۆزا ناویان لێدەبەن و بۆ ساڵیانێكی زۆریش ژیانێكی تێكەڵاو و دۆستانەیان بەیەكەوە لە كوردستان بووە و هەتا ئەمڕۆش كەم نین ئەو جووانەی كە گرێدراوییەكیان بە كورد و كوردستانەوە هەر ماوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ڕاستییانە سیاسەت لەسەر هەست و ئەفسانە ناكردرێت و ئەوە بەرژەوەندییە كە سیاسەت دادەڕێژێت و لە عەرزی واقیعدا دەردەكەوێت و دەبێتە هەڵوێستی سیاسی.
بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ پشتیوانی كردن لە گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێك كوردی سەربەخۆ لە چیدایە؟
ئەگەر لەبواری هاوسەنگی هێز لە سیاسەتی نێونەتەوەیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە بڕوانینە بابەتەكە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە كوردستان تەنیا وڵاتێك دەبێت كە دژایەتی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكان و نەتەوەكەی نەبووە و بگرە دۆستایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشیشیان كەم نییە و لەوەش زیاتر دوژمنانیشیان هاوبەشن و مێژوویەك لە دژایەتی دوژمنانی ئیسرائیل لەگەڵ كورد و كوردستان تۆمار كراوە و دەتوانێت لەسەر هەموو ئەو ئەزموونانە دەوڵەتی كورد و ئیسرائیل لەسەر زۆر خاڵی ستراتژیك پێكبێن و بەرژەوەندی هەردووكلاشی تێدا بێت و بەمانای تەواوی وشە سیاسەتی براوە_براوە بێتە دی.
بابەتی دووهەم دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندی كوردستان لە بواری سیاسییەوە كە تەنیا وڵاتێكە لەناوچەكەدا كە پتانسێڵی دیمۆكرتیزە بوونی تێدایە و خەڵكەكەی بەزۆرینە هەڵگری كولتوورێكی دێموكراسین و هەروەها ئەزموونێكی سەركەوتوویان لە بەیەكەوە ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ خەڵكی جیاواز لەبوارە جیاجیاكاندا هەبووە و دەوڵەتێك دیمۆكراتی كوردی دەتوانێ ببێتە دەستپێكێك بۆ بەرەو دێموكراتیزەكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەو پڕۆسەیە زیاترین بەرژەوەندی بۆ هەموو جیهانی پێشكەوتوو هەیە و یەكیكیش لەوان ئیسرائیلە و هەروەها كورد لەشەڕی داعشدا نیشانیدا دژی بناژۆخوازییە و دژایەتی تەواوی تیرۆڕیزمی ئایین دەكات و خەڵكی كوردیش بوونە نمونەیەكی نوێ لە باوەڕمەندانی سێكۆلاریزم. هەرلەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی دەتوانێت ببێتە لەمپەرێكی بەهێز لە بەرامبەر بناژۆخوازی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین كە ئەمڕۆ ئەو هەڕەشەیە وەكوو مۆتە بەسەر هەموو ناوچەكەدا دەگەڕێت و نیگەرانی درووستدەكات.
بابەتێكیتر كە دەكرێت وەكوو هۆكاری پشتیوانی ئیسرائیل لە دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردی ببیندرێت هەڵكەوتەی ژێئۆپۆلێتیكی كوردستانە كە ئەگەر بەو هۆكارانەی سەرەوە وەكوو هاوپەیمانێكی ستراتژیك بۆ ئیسرائیل سەیری بكردرێت بۆمان دەردەكەوێت دامەزرانی دەوڵەتی كوردی لە هەركام لە پاڕچەكانی كوردستان قووڵاییەكی ستراتژیك دەخاتە بەردەستی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بۆ كەمكردنەوەی هەڕەشەكانی نەیارانی دژ بەخۆیی و هەروەها دەبێتە هۆكارێك بۆ لاوازبوونی نەیارانی لە ناوچەكەدا بە هۆی ئەوەی كەهەموو ئەو وڵاتانەی كە داگیركەری كوردستانن دژایەتی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكەدا هەیە و جیابوونەوەی هەركام لە پارچەكانی كوردستان دەتوانێت لە بەرژەوەندی ئیسرئیل بێت.
بەو لێكدانەو كورتە دەردەكەوێت كە پشتگری دەوڵەتی ئیسڕائیل لە سەربەخۆیی كوردستانی باشوور زۆر ئاساییە و نەتەنیا شتێكی سەیر نەبووە، بگرە زۆریش پێویست و ژیرانە هەڵبژێردراوە و چاوەڕوانیش دەكرێت ئەو هەڵوێستە بۆ هەموو پاڕچەكانی تری كوردستانیش لە كاتێك كە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەنین ببیندرێت و كورد دەبێت بە ناسینە بەرژەوەندییە ستراتژیكەكانی خۆی هاوپەیمانە سروشتییەكانی خۆی لە جیهانی سیاسەتدا بدۆزێتەوە و لەو هاوچارەنووسییە سیاسی و بەرژەوەندییە هاوبەشاكانی بۆ دەستەبەر كردنی ماف و بەرژەوەندییەكانی خۆی كەڵك لێوەربگرێت. 


AM:09:38:10/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌