مانگێكی پڕ لە گۆڕان بۆ ژنانی عەرەبستان

ئا: ئاسۆی رۆژهەڵات

لە ماوەی رابردوودا لە لایەن دەوڵەتی عەرەبستانەوە كۆمەڵێك یاسا لە بەرژەوەندی ژنان دەركرا، كە هەرچەند ئەو یاسایانە سەرەتایین، بەڵام بە گۆڕانێكی گەورە دەزانرێت لە یاسای ئەو وڵاتە و جۆری روانینی عەرەبستان و دەوڵەتی ئەو وڵاتە بۆ ژنان. لە لایەن بەشێك لە خاوەنڕایانەوە ئەمە بە شۆڕشێكی نەرم لێكدراوەتەوە لە لایەن مەلەك سەلمان پادشای ئەو وڵاتەوە دژ بە یاسا بنەڕەتییەكانی عەرەبستان. 
رۆژی ٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ بە بۆنەی رۆژی نەتەوەیی ئەو وڵاتەوە بە پێی فەرمانێكی حكوومەتی ژنان توانیان لە گەڵ بنەماڵەكانیان بچنە یاریگای فووتباڵ و بەم بۆنەوە سەدان ژن لە گەڵ بنەماڵەكانیان روویانكردە یاریگای مەلەك فەهد كە ٤٠ هەزار كەس دەگرێت. ئەم ئیزن پێدانە ناڕەزایەتی ژمارەیەك لە مەلاو پێشنوێژەكانی ئەو وڵاتەی لێكەوتۆتەوە. 
رۆژی ٢٦ ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ لە لایەن مەلیك سولەیمانەوە بڕیاردرا كە ژنان بۆیان هەیە شۆفێری بكەن و ماشین لێ بخوڕن. ئەم بڕیارەی پادشای عەرەبستان لە لایەن چالاكانی كۆمەڵایەتی و دونیای رۆژئاواوە پێشوازی لێكرا و بە هەنگاوێكی گەورە دانرا كە لە هەمانكاتدا كە گۆڕینە لە جۆری روانینی ئەو كۆمەڵگایە بۆ ژن ، دەوری دەبێت لە پەرەسەندنی زیاتری ئابووری ئەو وڵاتە.
هەر لە درێژەی ئەو گۆڕانانەی كە لە یاسای عەرەبستاندا روویدا، رۆژی ٢٩ی سێپتەمبەر مەجلسی شۆرای عەرەبستان یاسایەكی دەركرد كە ژنان بۆیان هەیە فتوا دەربكەن. ١٠٧ ئەندام لە ١٥٠ ئەندامی شۆرا دەنگی (ئەرێ)یان بەم یاسایەدا. ئەم بڕیارە دەكرێت وەك بڕیارێكی گرینگی یاسایی چاوی لێبكرێت، لەبەر ئەوەی بە پێی شەرع ژن بۆی نییە لە لێژنەی فتوادا بێت و توانای فتوادانی نییە. 
هەر لەم پەیوەندەدا سباستییەن ئاشەر، سەرنووسەری بەشی عەرەبی بی بی سی لە سەر ئەو باوەڕەیە كە وەلیعەهدی عەرەبستان وڵاتەكەی ئامادە دەكات بۆ رووبەڕوو بوونەوەی كێشەی سیاسی و ئابوورییەكان.
هەر لە درێژەی گۆڕینی یاسا و كرانەوەی هەرچەند كەمی عەرەبستان بەرەو ژنان، رۆژی ٣ی ئۆكتۆبەی ٢٠١٧، لە تەلەویزیونی دەوڵەتی (الپقافە)وە دەنگی ئۆم كلپوم گۆرانیبێژی ناوداری عەرەب بڵاو كرایەوە. ئەمە لە حاڵێكدایە لە ٣٠ ساڵی رابردوودا بڵاو بوونەوەی دەنگی ژن لە تەلەفیزیۆن قەدەغە بووە. ژمارەیەك لە بەردەنگ و بینەرەكان ئەم كارەی تەلەفیزیۆنی(الپقافە)یان بە كارێكی باش وەسف كردوەو خوازیاری ئەوە بوون كە دەنگی گۆرانیبێژە ژنەكانیتریش لە تەلەفیزیۆنەوە بڵاو ببێتەوە.
ئەم خاڵانەی سەرەوە كە باسكرا كۆمەڵێك مافی سەرەتایین كە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا، وەك مافێكی حاشا هەڵنەگر چاویان لێدەكرێت، بەڵام لە عەرەبستان و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئیسلامی ئەم مافانە پێشێل دەكرێت. عەرەبستان یەكێك لەو وڵاتانەیە كە زۆرترین بێ مافی بە ژنان رەوا دەبینێت و ژنان لەم وڵاتە بە پێی یاسا و عورف لە زۆر یەك لە مافە سەرەتاییەكانیان بێبەرین. 
ئەم هەنگاوەی مەلیك سولەیمان هەوڵدانە بۆ كرانەوەی ئەم وڵاتە و كەم كردنەوە گوشارە نێونەتەوەییەكان لە سەریان. لە حاڵێكدا ژنان مافی شۆفێری كردن و ماشین لێخۆڕینیان پێ دەدرێت كە بە پێی فتوای ژمارەیەك لە مەلا وەهابییەكان ئەم كارە بۆ ژنان قەدەغەیە. یان بڵاوبوونەوەی دەنگی گۆرانیبێژێكی ژن لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەكان قەدەغەیە، لەوانە لە ئێران.

PM:08:08:08/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 146 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌