كێشەمان لەگەڵ "ژن" هەیە

د.ئیلهام مانع
و:محەمەد عەبدوڵڵا

ئەوەی دەیڵێم نوێ نییە.
موفاجەئەش نییە.
زۆر باش دەیزانین.
بە واقیعییش لەگەڵیدا دەژین.
سەردەمانێكە لێی بێدەنگین. 
لەگەڵ ژن كێشەمان هەیە.
كێشەیەكە سنوورەكانی جوگرافیا تێدەپەڕێنێت.
بەڵام ڕەگەكەی، كەلتووریی و ئایینییە.
هەفتەی ڕابردوو لە لەندەن بووم، ئەم ڕاستییە سەرلەنوێ لە بەردەممدا قوتبوەوە، لەوێ كە بە هاوكاری كەناڵێكی تەلەفزیۆنیی بەریتانی سەرپەرشتی بەشێكی پرۆژەی توێژینەوەكەمم دەكرد.
كاتێك گوێم لە چیرۆكی خانمە چالاكوانە جوانەكان دەگرت، ئەم واقیعە زۆر بەتوندی دەهاتەوە بەردەمم، هەریەكەو چیرۆكی خۆی دەگێڕێتەوە، لەگەڵ پیاو، خێزان و كۆمەڵگا.
كە گوێم لێدەگرتن، سەرلەنوێ پڕدەبوومەوە.
چونكە چیرۆكگەلێكیان بۆ دەگێڕامەوە، كە پێشتر بیستبوومن، هەمان ئەو حیكایەتانەی پێشتر پێموترابوون.
كارەكتەرەكانیان دەگۆڕێن، بەڵام هەر یەك ناوەرۆكن.
وەك شریتێكی پچڕپچڕ.
لە خۆدووبارەكردنەوە بێزار نابێت.
لە هەموو ئەو شوێنانەی تیای ژیاوم و كارمكردووە.
تا بە هۆیانەوە خوێنم هەڵهێناوەتەوە.
سەرسام نەبووم، بەگەڕانەوەم لە گەشتەكەم نەخۆش كەوتم.
دواتر بە هاوسەرەكەم، كە لە بێرن لەگەڵیدا بووم، وت: "كێشەمان هەیە".
لە هەر شوێنێك ژیابم، یان توێژینەوەی مەیدانیم لەسەر واقیعی ژنان ئەنجامدابێت، لە وڵاتە عەرەبییەكان یان لە ناو كۆمەڵگا موسڵمانەكان، واقیعی ژیانی ژن تیایاندا لەو پەڕی سەختیدابووە: لە یەمەن، لە میسر، لە مەغریب، لە سووریا، لە كوەیت، لە سویسرا، لە بەریتانیا و لە باشووری ئەفریقیا.
تا سنووری توێژینەوەكەم لە وڵاتانی دیكەدا فراوانتربووبێت، زیاتر دڵنیا بووم كە بابەتەكە ڕێكەوت نییە، نمایش نییە، بەڵكو كێشەیە، كێشەیەكی ڕیشە قووڵ، ڕۆچۆتە پێكهاتەی كەلتووری و فیكریمانەوە و دەگۆڕێت بۆ ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین، وەك ئەوەی شتێكی ئاسایی بێت مامەڵەی لەگەڵ دەكەین.
سوێند بەخوا من دەزانم واقیعی ژنان جیاوازە بە جیاوازی ژینگە ئابووری و فێركاریەكەی و جۆری كۆمەڵگاكەی.
دەزانم سیستمی باوكسالاری دوارۆژی هەر كچێك دەكات بە تیروپشك و یاری شانس، خۆی و شانسی وەك یاری رۆلێتی ڕووسی. گەمەی ژیان یان مردن.
ئەگەر ئەو كچە لە خێزانێكدا لە دایكبوو كە خۆشی بوێت و لە خەمی داهاتوویدا بێت، ئەوا ژیانی بۆ دەنوسرێت و لە سایەی ئەو پارێزبەندییەدا ژیان دەگوزەرێنێت.
بەڵام ئەگەر بەدبەختیەكەی وابوو لە خێزانێكدا لە دایكبێت كە وەك شتێكی بێكەڵك مامەڵەی لەگەڵدا بكات، ئەوا هەر بە زینوویی حوكمی مردنی بەسەردا دەدرێت.
خۆی و هێزی خۆی، خۆی و توانای بۆ بەرگەگرتن، بەرەنگار دەبێتەوە یاخود ڕادەستدەبێت.
سوێند بە خوا ئەوانە هەمووی دەزانم.
بەڵام مەسەلەكە بە چەند قۆناغێك ئەوانە دەبوێرێت. ژینگەو توێژ و سیستمی باوكسالاری تێدەپەڕێنێت.
و لەسەر جەوهەری تێڕوانینی ئاینیمان لەنگەر دەگرێت.
"عەورەت.
كەم عەقڵا و كەم ئایین.
گڵاو لە كاتی سوڕی مانگانەی دا.
شایەتیەكەی نیوەی شایەتی پیاوە.
پێویستی بە (وەلی ئەمرە). ئەگەر ویستی بە زۆر بە شووی دەدات.
مێردەكەی مافی خۆیەتی تەمبێی بكات. لێیبدات تا ڕێكیبخات.
مێردەكەی مافی خۆیەتی ژنی دیكەی بەسەردا بێنێت. بیگۆڕێت وەك ئەوەی تایەی سەیارە بگۆڕێت.
نەگبەتییە گەورەكە ئەوەیە ئێمە ئەم تێڕوانینە ئاینیەمان بە شیرەوە خواردوەتەوە. كە بە دیار كەناڵە ئاسمانیەكانەوە دادەنیشین، دەیانبیستین، پاشان بتگەلێك لە شێخەكان دەپەرستین كە ناویان لە خۆیان ناوە زانا، فەتوای شیردان بە گەورەكان (رچاع الكبیر) و لە ڕانخشاندن (مفاخژە) و هاوسەرگیریی منداڵانمان بۆ دەدەن.
ئەم فیكرە، ئەمریكا و ئیسرائیل دروستیان نەكردووە، كاڵای هاوەردەكراو نین.
ئەمە بیركردنەوەی ئاینییمانە، كاڵای خۆماڵییە، بەرهەمی ناوخۆیە، خۆمان دروستمانكردووە و باوەڕمان پێیەتی، ڕازیبووین و ئەوەشمان بە نەفرەتكردووە كە دەڵێت: "ئەرێ كاتی چاكسازیی ئاینی و ڕەخنەی تێكستی ئاینیی نەهاتووە؟"
دووبارەی دەكەمەوە، مەسەلەكە بە قۆناغ ئەوانە تێدەپەڕێنێت.
ژینگە و توێژ و سیستمی باوكسالاری تێدەپەڕێنێت.
پاشان دەڵێم.
ئینجا تێڕوانینی كەلتوورییمان بۆ ژن جێگیر دەبێت.
"ئازاد نییە.
كەسێكی سەربەخۆ نییە.
ئیرادەی نییە.
مرۆڤ نییە.
بەڵكو كلكە دەینێین بە خێزانەكەیەوە.
شەرەفی بە پەردەی كچێنی ناوزەد دەكەین، پاشان بە كۆت و زنجیر لە ملیەوە ڕا دەیبەستینەوەو لە كاتی پێویستدا پێی ملكەچ دەكەین. ئەی ئەو هەڵگری شەرەفی هۆزو خێزان نییە؟.
سێ دڵۆپ خوێن داهاتووی كورتدەكاتەوە. قتوە داخراوەكەی نێوان ڕانەكانیشی، كلیلەكەی دراوە بە پیاو. خوێنەكەی بۆ ئەوەو قتوەكەش بۆ قوربانیی پیاوەتی خۆی دەیكاتەوە، ئای لەوەی ڕێ بە خۆی دەدات پێش مارەكردن تامی سەرتوێژی بكات.
پەردەی كچێنی دەفری پاكیزەییە، پیاویش لە كاتی ئەزمونكردندا دەبێتە پیاو.
سێ دڵۆپ خوێن بە مۆراڵەوە یان بێناموسانە دەڕژێنرێت.
مۆراڵ زیادەمەندیە سەپێنراوەكانە، بەڵام بێناموس، بێناموسی كردنە لە پەیمانێكی نوسراو"!
ئازاد لای ئێمە ناودەنێن بێناموس.
ئیتر بۆتە نازناوێك بە شانازییەوە هەڵیدەگرێت.
چونكە بڕیاری داوە.
ئاوا بێت، بە ئارەزووی خۆی بیربكاتەوە. وەك خۆی، ئەوە بڵێت كە بیری لێدەكاتەوە، پاشان بژی، بژی بەو شێوەیەی كە باوەڕی پێیەتی، بە ئیرادەو كەرامەتی خۆیەوە.
كەواتە دەگەڕێمەوە بە تۆی ژن و پیاویش دەڵێم.
كێشەمان هەیە.
لەگەڵ ژندا.
پێتان دەڵێمەوە.
ئەوەی دەیڵێم نوێ نییە.
موفاجەئە نییە.
زۆر باش دەیزانین.
بە واقیعیی تیایدا دەژیین.
سەردەمانێكە لێی بێدەنگیین.
بێدەنگیەكەشمان شەرمە.
ڕیشەكانی سنوورە جوگرافی و كەلتووری و ئاینییەكان تێدەپەڕێنێت.
لە كەلتوورماندا دەیبینینەوە.
لە ئاینەكەماندا دەیبینینەوە.
شریتێكی پچڕپچڕە. لە خۆدووبارەكردنەوە بێزار نابێت. ژنەكانمان لە هەموو ئەو كۆمەڵگایانەدا تێیدادەژین كە كەلتوور و ئایین ئاوێتەن.
لەگەڵیاندا خوێن هەڵدێنینەوە.
هێشتاش سوورین لەسەر ئەوەی مەسەلەی ژن لای ئێمە زیادەی پێوەنراوە.
كێشەكە لە كوێدایە؟ دەیڵێین و زمانمان لاڵ دەكەین.
لە خۆماندایە، پیاوان بە ئێوە دەڵێم.
لە خۆماندایە، ژنان بە ئێوە دەڵێم.
دروستكراو نییە.
دەسیسە نییە.
بەڵكو لە خۆماندایە.
ئاوێنەی واقیعمانە.
هەتاكو ژن لای ئێمە عەورەت بێت، لە جێی خۆمان دەمێنینەوە، لەدەرەوەی مێژوو، چونكە مێژوو ڕێز لەوانە دەگرێت كە ڕێز لە مرۆڤ دەگرن.

ژیاننامە
ساڵای 1966 لە میسر لەدایكبووە.
لە زانكۆی كوەیت بەكالۆریۆسی زانستە سیاسیەكانی وەرگرتووە.
لە زانكۆی ئەمریكی واشنتۆن، ماستەری لە سیاسەتی بەراوردكاریدا وەرگرتووە.
دكتۆرای لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە زانكۆی زیۆرخ وەرگرتووە و پاشان هەر لەوێ بڕوانەی پاش دكتۆرای لە هەمان زانكۆ وەرگرتووە.
ماوەی هەشت ساڵ كاری ئیزگەی و تەلەفزیۆنی لە سویس ئانفۆ عەرەبیدا كردووە و جێگری سەرۆكی بەشی عەرەبی بووە، ساڵی 2005 ەوە بە تەواوی خۆی بۆ كاری ئەكادیمی تەرخانكردووە و ئێستا مامۆستایە لە زانكۆی زیورخ، بە زمانەكانی عەرەبی و ئەڵمانی و ئینگلیزی دەنوسێت، جگە لە چەندین توێژینەوەو وتار، خاوەنی دوو رۆمانە.
ئەندامی لیژنەی فیدراڵی سویسرایە بۆ مافی ژنان و خەبیری چەند ڕێكخراو و دەزگایەكی نێودەوڵەتییە بۆ مافەكانی مرۆڤ و ژنان.
دوا كتێبی ساڵی 2011 لە لەندەن بڵاوكردووەتەوە(تەڵزگەی دەوڵەتی ستەمكار).


PM:07:52:05/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌