ئایا كەمینەی ئێزیدیتان بیرماوە؟

حیكایەتی ڕەیحانە
ن: د.ئیلهام مانع
و: محەمەد عەبدوڵڵا

ئایا پیاوانی ئێزیدیتان لە بیرماوە؟
ئایا ژنانی ئێزیدیتان لە بیرماوە؟
شەرمەزاریی و پەڵەی ڕەشی نێوچاوانمان؟
لە بیریان نەكەن.
چونكە ئەوەی لەوان ڕوویداو هێشتا ڕوودەدات، جارێ تەواو نەبووە و ئەوەی بە سەر ئەو كەمینەیە دێت بەرپرسیارێتی ئێمەشە.
ئێمە بە ژن و پیاومانەوە بەرپرسیارین لەوەی تووشیاندێت.
لەوە ئاسانتر نییە ئۆباڵەكەی بخەینە سەر "توندڕەوی".
وەك ئەوەی لە بۆشایی ئاسمانەوە هاتبێت، یان نامۆ بێت پێمان.
وەك ئەوەی بەشێك نەبێت لێمان و بیرمان چووبێت خۆمان دەرگای ماڵەكانمان بۆ توندڕەویی كردۆتەوەو چەپڵەمان بۆ لێداو هەلهەلەمان بۆ كێشا، لێگەڕاین تا عەقڵ و ژیانمان كۆنترۆڵ بكات.
وەك ئەوەی خۆمان نەمانهێنابێتە سەر مینبەرو قو‌تابخانەو میدیاكانمان؟
ئێستا چیرۆكێكتان بۆ دەگێڕمەوە كە هاوڕێیەكی ئێزیدیم لە خانك بۆی گێڕامەوە، لەبارەی كچێكی تەمەن 21 ساڵان، لە دایكبووی 1993
من ئەو كچەم ناوناوە ڕەیحانە، خەڵكی قەزای شنگالە، گوندی گر زرك، واتە گردی زەرد.
دەڵێت:
لە سەعات 2ی بەرەبەیانی ڕۆژی 3ی ئابی 2014، داعش دای بەسەر گوندەكەماندا، سەرباری بەرگریكردن، توانی داگیری بكات.
داعش ئەمەی بۆ چووە سەر، بە هۆی هاوكاریی عەرەبە سوننەكانی دراوسێمان كە نیشتەجێی گوندەكانی دەوروبەرمانن، لە عەشیرەتەكانی متیوتی و خاتونی و جحێش..
سەرشۆڕ بن.
حەیاتان چێت.
پاڵپشتی داعشیانكردووە. یارمەتی داعشیان داوە لە گەمارۆداندا، هاوكاری بوون لە داگیركردنی گوندەكەدا!
دراوسێ و هاوسێكەی. پێكەوە دەخۆن، پێكەوە دەژین، پاشان و لە پڕێكدا واز لە دراوسێیەتی دێنێت و دەبێتە خائین، لە دراوسێكەی هەڵدەگەڕێتەوە چونكە موسڵمان نییە! دەڵێت: دەرگاكەت بۆ داعش دەكەمەوە، تا بتكوژێت، سوكایەتی بە ناموست بكات و ماڵت بدزێت، چونكە تۆ باوەڕت بە ئاینەكەی ئێمە نییە.
بەناوی خوداوە؟
ئەمە چ خودایەك دەپەرستێت؟
ئایا ڕەحمان ڕق لێبوونەوەیە؟
تەنیا یەك عەشرەت، یەك عەشرەت خیانەتی نەكرد. ئەویش عەشیرەتی شممەرە. كە سەلماندی هێشتا خێرو چاكە لە مرۆڤدا ماوە.
بەڵام گوندەكە داگیركراو ڕەیحانەش بە دیل گیرا.
گواستیانەوە بۆ شاری تەلەعفەر، خستیانە گەڵ 700 ژنی دیكە كە هەندێكیان منداڵیشیان پێبوو.
دەڵێت: "لە چاوی ئەواندا ئێمە بوونەوەری مرۆیی نەبووین"
سەبارەت بەوان ئێمە بەشەر نەبووین. لێیان دەداین، بە كوشتن و لاقەكردن هەڕەشەیان لێدەكردین.
هەڕەشەیان دەكرد ئەگەر نەبینە موسڵمان دەمانكوژن.
وتمان نابینە موسڵمان، ئاینەكەی خۆمان ئاشتیخوازەو لە ئاینەكەماندا جێگەیەك نییە بۆ كوشتن.
ئاینی ڕەیحانە ئێزیدییە، كە ئاینێكی ئاشتیخوازەو بانگەشە بۆ كوشتن ناكات، یان بەزۆر خۆی ناسەپێنێت بەسەر كەسدا.
پێیدەڵێن بەزۆر ببە بەموسڵمان یان دەتكوژین. 
خواتان ببێت ژنان و پیاوان، ئایا ئێوە بەڕاست وادەڵێن؟
بەزۆر ببە بە موسڵمان یان دەتكوژین؟
چیرۆكەكەی تەواو دەكات:
پیاوێك لە سوریاوە بە جانتایەكی پڕ لە پارەوە هات. من و پەنجا كچی دیكەی كڕی.
نرخی من 500 دۆلار بوو. گواستراینەوە بۆ پارێزگای ڕەققە. ئەو پیاوە نەخاس واتە فرۆشیاری كۆیلە بوو.
ڕەیحانە دەڵێت:
لە ڕەققە فەلەستینیەك منی لە پیاوەكە كڕییەوە، پاشان سعودیەك لەوی كڕیمەوە. ماوەیەك لە ماڵی سعودییەكە مامەوە، بەڵام یەكەم دەرفەتم قۆستەوە كە بۆم هەڵكەوت، هەر كە پیاوەكە لەماڵ نەبوو، یەكسەر ڕامكرد.
بەڵێ ڕامكرد، لە درەنگانێكدا ڕامكرد.
هەر ڕامدەكردو ڕامدەكرد، كەس نەبوو پەنای بۆ بەرم، بۆیە خۆم كرد بە ماڵێكدا لە ڕەققە.
وتم: "من هانام بۆ ئێوە هێناوە و چیرۆكەكەی خۆمم بۆ گێڕانەوە"
پێیان وت: "مەترسە، تۆ خوشكمانیت، تۆ كچمانیت"
سەرلەنوێ مرۆڤ سەلماندیەوە كە چاكە و خۆشەویستی تێدایە.
لەوێوە پەیوەندی بە براكەیەوە كرد كە لە كوردستان دەژی.
خاوەن ماڵەكە، ئەو شەریفە، ئەو خانەدانە، ئەو مرۆڤە، هەرچۆنێك بوو ڕفاندیە سەر سنووری توركیا كە براكەی لەوێ چاوەڕێی بوو، لەوێشەوە بۆ پارێزگای دهۆك ئینجا كۆمەڵگای خانكێ.
ئەو ئێستا لەو كەمپەیە، خێوەتگەیەكە بنیاد نراوە تا پێشوازی لە سێ هەزار ئاوارە بكات، بەڵام یازدە هەزار ئاوارەی ئێزیدی لە ژن و پیاو تێخزێنراوە، وەك ئەوەی ماسی سەردین بن.
خێمەی تەنك و فشەڵ، زۆر بەئاسانی دەسوتێن. زۆر ساردن و لەكاتی باران باریندا قوڕ دایاندەپۆشێت.
جیهان بۆ ساتێك ڕاپەڕی، بۆ ساتێك لە بەڵایەكەیانی ڕوانی، هاوارێكی كرد، پاشان بێدەنگ بوو، باوێشكی دا و چاوی چووە خەو. ئیتر بیری چوو چی بەسەر كەمینەی ئێزیدیەكاندا هات. بیری چوو ئەو خێوەتگایانە بە چیدا تێدەپەڕن.
ڕەیحانەش لە هەیكەلی بینایەكی تەواونەكراودا دەژی، كە بۆ ژیانكردن بەكەڵك نایەت. لە ڕووی دەروونییەوە بەدەست كارەساتەكەیەوە دەناڵێنێت.
كارەساتەكەشی ئێمە لێی بەرپرسیارین، بە ژن و پیاومانەوە.
ئەگەر جەنگەكان مرۆڤمان تیا بكوژن، ئەوا ئەو جەنگانەی ئێمە بەناوی ئاینەوە بەرپایان دەكەین دڕندەیی مرۆڤمان بۆ دەردەخەن. بیرۆكەی جیهادیش بنچینەی ئەو جەنگە ئاینیانەیە كە داعش و بۆكۆحەرام و شەبابی سۆماڵ و قاعیدەو جوڵانەوە جیهادیەكانی سینا و یەمەن بەرپایان دەكەن.
ئەو بیرۆكەی جیهادەی كە وەك فەرزێك سوورین لەسەری و لە گوتاری ڕەسمیمان چ سوننی بێت یان شیعی، بانگەشەی بۆ دەكەین.
تەحەدا دەكەم كەسێك هەبێت جیهاد بە ناوە ڕاستەقینەكەیەوە ناوزەد بكات، چونكە جیهاد تەنیا توندوتیژییە، جیهاد كوشتن و تۆقاندنە، جیهاد جگە لە تیرۆر هیچی دیكە نییە.
بەناویەوە مرۆڤ دەكوژین و خیانەت لە دراوسێ دەكەین، پاشان ژنەكەی دەفرۆشین و ناموسی ئەتكدەكەین.
ئەگەر هەموومان خۆمان لە داعش بێبەری دەكەین و نەفرەتی لێدەكەین و دەڵێین خوا ئاگر لە داعش بەربدات، ئەو نوێنەری ئیسلام نییە، ئەی ئەو گوتارەیان كە شەو ڕۆژ لە میدیاكانەوە دەیبیستین، هەر ئەوەنییە كە وەك توتی لە قوتابخانەكان فێرمان دەكەن، هەر ئەوە نییە كە لە مینبەری مزگەوتەكانەوە لە كاتی هەموو نوێژێكدا لە بارەی ژیانی پێغەمبەران و فتوحاتەكانی ئیسلامەوە پێماندەڵێن، كە سێ بژاردە دەخەینە بەردەم ئەو گەلانەی وڵاتەكانیان فەتح دەكەین، یان ئەوەتا بەناچاریی ببنە ئیسلام، یان فیدیە بدەن، یانیش شەڕ واتە كوشتن.
ئەگەر ئەمە مێژوو بێت، وەك هەندێك دەڵێن، ئەی بۆچی بە مناڵەكانمان و زنجیرە تەلەفزیۆنییەكان نەڵێن ئەو مێژووە بۆ ژیانی ئەمڕۆمان گونجاو نییە، ئەگەر جێبەجێی بكەین دەبێتە دڕندەیی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی؟
داعش چیكردووە لەوە زیاتر بێت كە لە قوتابخانەو میدیاو مزگەوتەكانمان دەهۆڵمان بۆ كوتا؟
لە هەمووی گرنگتر شەرمەزارییەكەمانە.
ئێمە هێشتا بە دزییەوە بە گوێی خۆماندا دەسرپێنین، كە كەمینەی ئیزیدی شەیتانپەرستن و خوا ناپەرستن، رەنگە بەو هۆیەوە حەقی خۆی بێت وایان بەسەربێت، ئەوەی ئەو عەشیرەتانەش كردیان، كە خیانەتیان لە دراوسێكەیان كردو دەرگایان بۆ داعش كردەوە، گەورەترین بەڵگەیە لەسەری.
داعش تاوانبارە، باشە تێگەیشتین.
ئەی كەواتە چی بڵێن بەو عەشیرەتە سوننیە میانڕەوانە؟
ئایا گوتاری ئەوان هەمان گوتاری ئێمە نییە؟
ئاینی ئەوان هەمان ئاینی ئێمەش نییە؟
شەرمەزاری ئەوان هی ئێمەش نییە؟
كەواتە شەیتان لە ئێمەدایە، لە هەمووماندایە.
كەواتە دەگەڕێمەوەو هەمان پرسیار لە هەموو ژنان و پیاوانمان دەكەمەوە.
ئایا شەرمەزاریەكەمانتان لە بیرە؟
لەجیاتی هەمووشتان بەشەرمەوە بە ڕەیحانە دەڵێم:
"ئەی پاكیزەكە بمانبوورە، لێمانخۆش ببە، تۆ شەریفترینیت و ئێمە خیانەتمان لێكردیت".
پاشان دەچەمێمەوە بۆ عەشیرەتی شەممەرو ئەو خێزانەی داڵدەی ڕەیحانەی داو دەڵێم:
"سوپاستان دەكەم، بەو خوایە ئەگەر تروسكەی خێرو خۆشەویستی ئێوە نەبووایە، كفرم بە مرۆڤبوونی خۆمان دەكرد".


AM:12:00:05/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌